riklam

لە 17رۆژدا 19 هێرشی درۆنی كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان

کوردستان 08:50 AM - 2025-07-17
دیمەنی هێرشی درۆنی PUKMEDIA ئەرشیفی

دیمەنی هێرشی درۆنی

هێرشكردن كوردستان

لەسەرەتای ئەم مانگەوە  19 هێرشی درۆنی كراونەتە سەر شارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، كە بەشێك لەو هێرشانە بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكان و بەشێكیشیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی وێبسایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA لە ئەرشیفی خۆیەوە وەریگرتوون، لە 1ی تەمموزەوە تا ئێستا چوار هێرشی درۆنی بە پێنج درۆن كراونەتە سەر هەولێر و پێنج هێرش بە پێنج درۆن كراونەتە سەر سلێمانی و چوار هێرشی درۆنی كراونەتە سەر دهۆك و چوار هێرشیش كراونەتە سەر كەركوك كە سیانیان بە درۆن و یەكێكیان بە مووشەك بوون هەروەها دوو هێرش بە سێ درۆن كراونەتە سەر زاخۆ.

بەوپێیەش لەسەرەتای مانگی تەمموزەوە تا ئێستا بەگشتی 19 هێرشی درۆنیی و مووشەكیی كراونەتە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، لەو ژمارەیەش 9 هێرشیان بۆ سەر كێڵگەنەوتییەكان بوون، كە بریتی بوون لە كێڵگە نەوتەكانی (خۆرمەڵە، كۆرمۆر، سەرسنگ، ئەتروش، بای حەسەن، پێشخابور، تاوكێ، هەنت ئۆیڵ) و ئەوانەشی دەمێننەوە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و فڕۆكەخانەكان بوون.

هاوكات نوێترین هێرشی درۆنی بۆسەر كێلگە نەوتییەكانی كوردستان، هێرشەكانی شەوی رابردوو بوو بۆ سەر كێڵگەی نەوتی هەنت ئۆیڵ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك و هێرشی سەر نزیكی كێڵگەیەكی نەوت، لە گوندی بێركیات لە سنووری پارێزگای دهۆك، كە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە خرایەخوارەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەش درۆنێكی بۆمبڕێژكراو لەنزیك گوندی جێژنیكانی سەربە شارۆچكەی بەحركەی پارێزگای هەولێر كەوتەخوارەوە و هیچ زیانێكی گیانی نەبوو.


دوو لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لەهێرشەكان پێكهێنراون



لەدوای دەستپێكردنی هێرشەكان، حكومەتی عیراق دوو لیژنەی بۆ لێكۆڵینەوە لەهێرشەكان پێكهێنا، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە و دیارنییە هێرشەكان لەلایەن كێوە دەكرێنە سەر هەرێم.



هێرشەكانی بۆ سەر هەرێم ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە


هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی زۆری لێكەوتەوە و ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە كۆبوونەوەكەی دوێنێ چوارشەممەدا، بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارە دوژمنكارانەی كرد كە مەرام لێی زیان گەیاندنە بە ئاسایش و ئارامی و ئابووری وڵات و گوشارخستنە سەر قەوارەی هەرێمە، داواشیكرد حكومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و رەسمی و دەستووریی خۆی راپەڕێنێت بەرامبەر ئەمنییەتی هاووڵاتیانی كوردستان و ئەوانەی هەڵدەستن بەو تاوان و پێشێلكاریانە رووبەڕووی دادگایان بكەنەوە و رێگا نەدەن درزی ئەمنی قووڵ بێتەوە.

هاوكات هەریەك لە (كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، سەرۆكایەتی كۆمار، شانەی ئەمنیی عیراق، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، دژە تیرۆری كوردستان و مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەكێتی) ئیدانەی هێرشەكانیان كرد و داوایانكرد: "بەزووترین كات لێكۆڵینەوە لەبارەیەوە بكرێت". 



ئەمریكا: هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر هەرێم قبوڵ ناكەین


هاوكات كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، راگەیەندراوێكی لەسەر هێرشە مووشەكییەكانی سەر هەرێم بڵاو كردەوە و رایگەیاند:"ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەكات لە سەرانسەری عیراقدا، بە ھەردوو ھێرشی درۆنی 14 و 15 مانگی تەموزیشەوە  بۆ سەر ژێرخانی گرنگی كێڵگە نەوتیەكانی خۆرمۆڵە و سەرسنگ لە ھەرێمی كوردستانی عیراقدا".


ئەمەش لەكاتێكدایە، رۆژی 15ی7ی2025، كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، راگەیەندراوێكی لەسەر هێرشە مووشەكییەكانی سەر هەرێم بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی ئەو ھێرشە درۆنیانەی ئەم دواییە دەكات لە سەرانسەری عیراقدا".

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket