لە یادی رووخانی سیستمی پاشایەتیدا، عیراق دەوڵەتی کودەتا و میلیشیا
بیروڕا 01:43 PM - 2026-07-14
جەمال ئارێز
جەمال ئارێز
عیراقی سێ ویلایەت لەدوای دەرچوونییەوە لەژێر چەکمەی ئیمپراتۆریی عوسمانییەوە بۆ ژێر چەکمەی داگیرکاریی بەریتانیا و لکاندنی سێ ویلایەتەکەیەوە لەژێر ناوی عیراقی نوێ، هەمیشە وڵاتێکی پڕ کێشمەکێشی نێوان پێکهاتە و عەشایرەکانی بووە لە خواروو و ناوەڕاستەوە بیگرە تا دەگاتە ویلایەتی موسڵ کە بەشە لکێندراوەکەیەتی لە باکوورەوە.
سوپایەکی لەرزۆکی چاولەدەر
ئەو دەوڵەتەی لەسەر شوێنەوار و میراتی عوسمانییەکان دروستکرا و ئەو سوپایەی بۆی پێکهێنرا بەناوی (فەوجی ئیمام موسای کازم)، بەشێکی زۆری فەرماندە و ئەفسەرەکانی لەو سەرباز و ئەفسەرانە دروستکران کە پێشتر لە ئەکادیمیا و خوێندنگەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی خوێندبوویان, یان مەشقیان پێکرابوو، بەتایبەتیش زۆربەی ئەندامەکانی لە خولی خێرا دەرچووبوون کە بژاردەیەک بوون لە (کوڕی ئاغا و سەرۆک عەشیرەتەکان لە هەرسێ ویلایەتەکەی پێشوو و هەندێکیان خوێندەوار بوون یان کۆلکە خوێندەوارییەکیان هەبوو، ئەگەرچی زۆربەی زۆری ئەوانە لە عەشیرەتەکانی پێکهاتەی سوننە بوون و تا دوو دەیەی یەکەم سەرمەستی پلە و پایەکانیان و پارێزگاریی بوون لە عەرشی پاشای دامەزراو لەلایەن ئینگلیزەوە، بۆیە جموجۆڵێکی ئەوتۆ لە دژی دەسەڵاتی ئینگلیز لەلایەن (سوپا) و هێزە چەکدارەکانەوە لە ئارادا نەبووە، بەو پێیەش، شیعەکان لە باشوور شۆڕشی 1920یان لە دژی ئینگلیز بەرپاکردبوو.
کودەتاکەی گەیلانی
لەدوای بزوانی بیری ناسیۆنالیستی لەژێر کاریگەریی تورکیای دوای عوسمانی و ئێرانی رەزا شادا، ناسیۆنالیستی عەرەبیش لە چەند وڵاتێکی عەرەبیدا جووڵەی تێکەوت، بەتایبەتی لە عیراق و یەکەم کودەتاش کودەتاکەی رەشید عالی گەیلانی بوو لەدژی دەسەڵاتی پاشایەتی و ئینگلیزەکان، بەڵام رووبەڕووی شکست و لە سێدارەدانی کودەتاچییەکان بووەوە، جگە لە خودی گەیلانی کە وەک پەنابەر رووی کردە دەرەوەی عیراق.
بارگاویبوونی سوپا بە بزاوتی میللی و سیاسی
ئەم کودەتایە ئەگەرچی سەرنەکەوت، بەڵام شوێنپێی خۆی لەسەر ئاستی میللی بەجێهێشت و دروستکردنی حزبی سیاسیی نهێنیی کۆمۆنیست و چەپ و ناسیۆنالیستیی لەسەر ئاستی رووناکبیران و خوێندەواران بەشوێن خۆیدا هێنا، ئەوەش دەسەڵاتی پاشایەتیی خستە گۆشەیەکەوە کە یان دەبوو رووخاندنی خۆی قبووڵ بکات، یان بەشێوەیەکی شێلگیرانەتر بچێتە خزمەت ئەجێندای ئینگلیزەکانەوە، بەتایبەتی لە دوای (وثبة)ی کانوونی 1948 لە دژی ئینگلیزەکان.
ئەگەرچی (وثبة) و رێبەرانی خۆپیشاندان و مانگرتنەکان، سەرکوتکران و بەشێکی زۆریان رووبەڕووی کوشتن و زیندان و دوورخستنەوە و دەربەدەرکردن بوونەوە، بەڵام بزاوتە سیاسییەکە تەشەنەی کردە ناو ئاستی باڵای هێزە سەربازییەکانەوە تا لە 14ی تەممووزی ساڵی 1958-دا عەمید روکن عەبدولکەریم قاسم کە ئەوکات فەرماندەی هێزی پاسەوانیی عەرشی پاشایەتی بوو، خۆی و چەند هاوڕێیەکی کودەتایان بەسەر سیستمی پاشایەتیدا کرد.
سەدام، شەواف و مقاوەمە شەعبی
سەرگرتنی کودەتاکەی قاسم جۆرێک لە شڵەژانی لەسەر ئاستی ئیقلیمی لێکەوتەوە، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە دەیانویست رۆڵی ناسیۆنالیستی عەرەبی لە دەسەڵاتی نوێی عیراقدا شوێنپێی خۆی بکاتەوە، بۆیە لە ساڵی 1959دا لەلایەک هەوڵی تیرۆر کردنی قاسم درا، لەلایەن بەعسییەکانەوە و لەلایەکی دیکەشەوە بزاوتێکی ناسیۆنالیستی بەناوی بزووتنەوەی شەواف بە سەرکردایەتی عەقید عەبدولوەهاب ئەلشەواف لە موسڵەوە سەریهەڵدا وەک هەوڵێک بۆ رووخاندنی رژێمەکەی قاسم، ئەم هەوڵی کودەتایەش کە مۆرکێکی ناسیۆنالیستیی عەرەبی هەبوو، لەلایەن هێزە چەپ و دیموکراتخوازەکانەوە رەتدەکرایەوە، بۆیە بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەگەری کودەتا، (کە خودی قاسم لە منداڵدانی کودەتاوە هاتبووە سەر حوکم)، هێزی (مقاوەمە شەعبی) وەک میلیشیایەکی دەرەوەی سیستمی بەرگریی رەسمی پێکهێنرا بۆ لێدانی هێزە ناسیۆنالیستەکان و نەیارانی (شۆڕشی 14ی تەممووزەوە).
ئەگەرچی (مقاوەمە شەعبی) بۆ بەرگرتن بە کودەتا پێکهێنرا، بەڵام ناکۆکییەکانی قاسم لەگەڵ دەوروبەرەکەی و هاوکارانی لە کودەتاکەی تەممووزی 1958، هاوکێشەکەی لێ هەڵگێڕایەوە و هەر لەلایەن هاوڕێکانی دوێنێی و بەعسییەکانەوە لە 8ی شوباتی 1963دا کودەتای بەسەردا کرا و رووبەڕووی چارەنووسێکی خراپتر لەوەی بنەماڵەی پاشایەتییان کردەوە و میلیشیای (مقاوەمە شەعبی) یەکەشی فریای نەکەوت.
بوونە هەڵمی مقاوەمە شەعبی و سەرهەڵدانی حەرەس قەومی
حکومەتە هاوبەشەکەی نەتەوەیی و بەعسییەکانیش بە سەرکردایەتیی عەبدولسەلام عارف و ئەحمەد حەسەن بەکریش لەجیاتی مقاوەمە شەعبی، گروپێکی میلیشیایی دیکەیان پێکهێنا بۆ لێدان لە پاشماوەکانی حزبی شیوعی و هێزە دیموکراتخواز و چەپەکانی دیکە بەناوی (حەرەس قەومی) کە بەعسییەکان رۆڵی سەرەکییان لەو میلیشیایەدا هەبوو، بۆیە تەمەنی ئەو میلیشیایە و هاوپەیمانییەکەی عارف و بەکر، درێژەی نەکێشا و بە کودەتاکەی تشرینی دووەمی 1963ی عارف بەسەر بەعسییەکاندا کۆتایی هات.
گەڕانەوەی بێ تەقەی بەعسییەکان
بەعسییەکان لە ساڵی 1967ەوە بە شێوەیەکی دیکە و بە قۆستنەوەی نەرم و نیانیی حوکمی عەبدولڕەحمان عارف (عارفی دووەم) لێزانانە پەلیان کێشایە ناو هەموو دامودەزگاکانی عیراقەوە بەتایبەتی پۆلیس و سوپا و فەرمانگە و وەزارەتە سیادییەکانەوە، بۆیە لە کودەتای 17ی تەممووزی 1968دا بەبێ ماندووبوون و بەرگری، عارفی دووەم و دەستەو دایەرەکەیان لە کۆشکی کۆماری هێنایە دەرەوە و لە 30ی تەممووزیشدا هەموو پاشماوەی ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی گومانیان لێی هەبوو یان بە کوشتن لە (قصر النهایة)، یاخود بە نەفیکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات لە دەسەڵات دوورخستەوە.
گێژەڵووکەی کودەتاکان لە هەناوی بەعسدا
لە ماوەی 35 ساڵی حوکمڕانیی بەعسدا (1968 - 2003) چەندین کودەتا و کودەتای پێچەوانە کراوە و ئەوەش کە تا ئەو ماوە زۆرە درێژەی بە حوکمڕانییەکەی دا، بوونی میلیشیای پارە بۆ هەڵڕژاوو و پشتگوێخستنی سوپا و فەرماندە پرۆفیشناڵەکانی بووە، وەک هەوڵی کودەتاکەی لیوای خانەنشین عەبدولغەنی ئەلڕاوی لە 1969، هەوڵی کودەتاکەی نازم گزار لە 1973، کودەتا سیاسییەکەی خودی سەدام بەسەر هاوڕێکانیدا لە کایەی سیاسی و سەربازیدا لە 22ی تەمموزی 1979.
بێمتمانەبوون بە سوپا و دامەزراندنی میلیشیای جۆراوجۆر
هەموو ئەم کودەتایانە بەعسی هێنایە سەر ئەو بڕوایەی کە چیتر دەسەڵاتی سیاسی متمانەی بە سوپای رەسمی نەمێنێت شانبەشانی سوپای رەسمی چەند میلیشیایەکی وەلائی دروست بکەن وەک رێگرییەک لەبەردەم هەر هەوڵێکی کودەتای سەربازی وەک فیرقە و لیواکانی گاردی کۆماری، لیواکانی گاردی تایبەت. بەڵام لە سەروو ئەوانەشەوە چەند هەوڵێکی کودەتای شکستخواردوو درا لە نموونەی کودەتای یەکەم و دووەمی جبوورییەکان لەناو سوپا و گاردی کۆماری و لیواکانی پاسەوانیی تایبەتدا، دوای نەمانی متمانە بەو دوو گروپەش کە پڕچەکترین و پۆشتەترین هێز بوون لە رووی چەک و کەلوپەلی سەربازیی و مووچەوە، هەردوو میلیشیای (فیدائییەکانی سەدام) بە سەرکردایەتیی عودەی کوڕە گەورەی سەدام و (سوپای قودس) بە سەرکردایەتیی قوسەی کوڕە بچووکی سەدام، بەڵام سەرباری ئەو هەموو هێزە وەلائییە جۆراوجۆرەش لە رۆژی 9/4/2003دا قوربانیی سەرەکی سەرباز و فەرماندەکانی سوپا رەسمییەکە بوون و میلیشیاکان لە چرکە ساتێکدا لەچاوان بزربوون.
گرفتی راستەقینەی سیاسەتمەدارانی عیراق
ئەم زنجیرە کودەتا سەرگرتوو و شکستخواردووانەی سەدەی رابردووی عیراق دەریدەخات کە گرفتی گەورەی عیراق باش نەخوێندنەوەی سیاسییەکانە بۆ رەوشی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکە و خەڵکەکەی، چونکە سەرجەم کودەتاکان گۆڕان بووە لە دەموچاوەکاندا، نەک گۆڕان لە تێڕوانین و دیدگاکان و هەوڵێک نەبوون لە هێنانەدەرەوەی عیراق لەژێر هەژموونی ئیقلیمی و جەمسەرگیرییە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو هۆکاری سەرەکیی کودەتاکان زاڵکردن و قڵپکردنەوەی هەژموونی جەمسەرێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە بەسەر جەمسەرێکی دیکەدا نەک رەچاوکردنی خواستی میللی و بەرژەوەندیی نیشتمانی، بەوپێیەی هێشتا وەک پێویست هەموو پێکهاتە و نەتەوە و مەزهەبەکان ئەو هەستەیان لەلا دروست نەبووە کە نیشتمانێکی هاوبەشیان هەیە و هەمووان پێکەوە بە یەک ئاراستە بەشخوراون، بەڵکو لەو شوێنەی (أ) خۆی بە بەشخوراو دەزانێت، (ب) پێیوایە ئەو بە مافە رەواکانی خۆی گەیشتووە و بە پێچەوانەشەوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
جێگری سەرۆکی هەرێم لە رۆژی نیشتمانیی فەرەنسا بەشدار بوو
10:19 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: گەلی عیراقمان خۆشدەوێت
06:33 PM - 2026-07-14 -
ئاگرەکەی گوندی ژاژڵە لە تەشەنەی بەردەوامدایە
04:09 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: هێشتا ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە
10:43 AM - 2026-07-14
ئەمانەش ببینە
ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گۆڕا بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی
06:36 PM - 2026-07-14
سبەینێ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەستپێدەکات
03:34 PM - 2026-07-14
قوباد تاڵەبانی: دەبێت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە کاتی خۆیدا تەواو بێت
02:07 PM - 2026-07-14
جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند
12:58 PM - 2026-07-14
زۆرترین خوێنراو
-
لە یادی رووخانی سیستمی پاشایەتیدا، عیراق دەوڵەتی کودەتا و میلیشیا
بیروڕا 01:43 PM - 2026-07-14 -
جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند
کوردستان 12:58 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: هێشتا ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە
جیهان 10:43 AM - 2026-07-14 -
ئەفسەرێكی كوردی بەشداربوو چیرۆكی رووداوەكانی شۆڕشی 14ی تەموز دەگێڕێتەوە
کوردستان 10:24 AM - 2026-07-14 -
مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە سەندیکای رۆژنامەنووسان دەگۆڕدرێت
کوردستان 09:58 AM - 2026-07-14 -
جەنگەکان نرخى نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 09:53 AM - 2026-07-14 -
(14)ی تەمموز؛ شۆڕشێک کۆماریی هێنا، یان کودەتایەک دەرگای خوێنی کردەوە؟
بیروڕا 09:53 AM - 2026-07-14 -
سەرۆک وەزیرانى عیراق لە واشنتۆن لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە
عیراق 09:30 AM - 2026-07-14



.png)



دابەزێنە

