riklam

ئاگرەکەی گوندی ژاژڵە لە تەشەنەی بەردەوامدایە

کوردستان 04:09 PM - 2026-07-14
ئاگرەکەی گوندی ژاژڵە گوندی ژاژڵە

ئاگرەکەی گوندی ژاژڵە

ئاگرەکەى گوندی ژاژڵە لە شارباژێڕ ماوەی 24 سەعاتە بەردەوامە و زیانێکی زۆری بە رەز و باخ و ژینگەی ناوچەکە گەیاندووە و بوونی مین و سەختی ناوچەکە و رەشەبای بەهێز، کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی قورس کردووە، بەڕێوەبەری پۆلیس و دارستانی ماوەتیش رایدەگەیەنێت: ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، دەکرێت بگاتە قەزای ماوەت.

لە دوێنێوە ئاگرێکی بەهێز لە نێوان گوندی ژاژڵە و بەردبەرد لە قەزای ماوەت لە ناوچەی شارباژێڕ کەوتووەتەوە، هەرچەندە سەعات 03:00 بەرەبانی ئەمڕۆ ئاگرەکە لەلایەن بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستانی ماوەت و هاووڵاتیانەوە کۆنترۆڵکرا، بەڵام جارێکی دیکە، ئاگرەکە کەوتەوە و ئێستاش لە تەشەنەی بەردەوامدایە.

مقدم هۆگر محەمەد بەڕێوەبەری پۆلیس و دارستانی ماوەت، رایگەیاند: بەهۆی نەبوونی کەرەستەی پێویست لەگەڵ بوونی مینێکی زۆر لە ناوچەکە کە لە بەیانییەوە زیاتر لە 10 مین تەقیوەتەوە، نەمانتوانیوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین، ئەمە جگە لەوەی رەشابەیەکی بەهێزیش هەڵیکردووە، ناوچەکەش سەختە و ئۆتۆمبێل ناگاتە ناوچەکە، هەموو ئەمانە بوونەتە لەمپەر لە بەردەم کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

وتیشی: ئێستا کەرەستە و شۆفڵمان بۆ هاتووە، بۆیە دەمانەوێت لە مەودایەکی دوورترەوە ئاگر بڕ دروست بکەین، بۆ ئەوەی تا ئاگرەکە دەگات، کاری ئاگربڕەکە کۆتایی بێت.
لە بارەی هاوکاری هاووڵاتیانیشەوە، رایگەیاند: لە راستیدا، بەهۆی بوونی مینێکی زۆرەوە، هاووڵاتیان ناتوانن لە ئاگرەکە نزیک ببنەوە، هەروەها گوندی ژاژڵە هەر خۆی دانیشتووانی کەمە و چەند ماڵێکی کەمی تێدایە.

لە کۆتایشدا،مقدم هۆگر محەمەد بەڕێوەبەری پۆلیس و دارستانی ماوەت وتی: ئەگەر ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکرێت، پێدەچێت بەرەو قەزای ماوەت بڕوات، بۆیە داوامانکردوو کە هاووڵاتیان و خزم و کەسوکاری ناوچەکە بێن بەدەمانەوە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket