ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گۆڕا بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی
کوردستان 06:36 PM - 2026-07-14
راگەیاندنی فڕۆکەخانە
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی
ئەمڕۆ 14ی7ی2026 مەراسیمی گۆڕینی ناوی (فڕۆکەخانە نێودەوڵەتیی سلێمانی) بۆ (فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی) بە ئامادەبوونی نزار ئامێدی سەرۆککۆماری عیراق و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم و وەفدێکی حکومەتی عیراق و ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتار و باڵیۆزی وڵاتان بەڕێوەچوو.
د. محەمەد سابیر: ئەم ساتە وەختە زۆر گرنگە
لەسەرەتای مەراسیمەکەدا
د. محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی وتەیەکی پێشکەشکرد و دوای
بەخێرهاتنی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان و باڵیۆزان
و بەڕێوەبەری نوسینگەی ئەنجومەنی وەزیران و نوێنەری لایەنەکان و ئامادەبووان رایگەیاند:
ئەم ساتە وەختە زۆر گرنگە، کە بۆنەیەکی نیشتمانی گرنگە و ئاماژەیەکی قوڵی هەیە بۆ
دڵسۆزی و وەفاداری بۆ مێژوو، بڕیاری گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەولەتی سلێمانی بۆ
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی، تەنیا ناولێنانێکی سەرزارەکی نییە، بەڵکو
گوزارشتێکی روونە لە ویستێکی سیاسی قوڵ.
راشیگەیاند: سەرۆکی
کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی ئامادەییەکی ناوازە و دەگمەنی هەبووە لە ژیانی سیاسی
عیراقیدا، نەک تەنها وەک یەکەم سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو، بەڵکو یەکێکە لەدیارترین ئەو
کەسانەی بەشداریکردووە لە داڕشتنی سیماکانی قۆناغی نوێ لە مێژووی عیراق، هاوکات
سەرۆک مام جەلال بەوە ناسرابوو کە پەیوەندی قوڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە و
توانا ناوازەکەی بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتن لە سەختترین دۆخەکاندا، تا وایلێهات ببێتە
یەکێک لە کۆڵەکەکانی سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا، بەجۆرێک رۆڵەکەی هەموو بوارەکانیی
تری گرتەوە لە پێشیشیاندا فڕۆکەخانەی سلێمانی، ناونانیشی لەم فڕۆکەخانەیە
بیرەوەرییەکی زیندووە، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە لەم پرۆسەیەدا هاوکارییان
کردین.
سەرۆککۆمار: بەردەوام یادی سەرۆک مام جەلال دەکەین
هاوکات، نزار ئامێدی
سەرۆککۆماری عیراق وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: مایەی خۆشحاڵیمە ئەمڕۆ پێکەوە
ئاهەنگ دەگێڕین بۆ ساتەوەختی ئەمەک و دڵسۆزی بۆ سەرۆک و سیمبۆلێکی نەمر کە سەرۆک مام
جەلالە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەسەربەزییەوە ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال
تاڵەبانی لێدەنرێت، ئەم بۆنەیەش مۆرکێکی ویژدانانە لەخۆدەگرێت بۆ ئەو رۆڵە
خەباتگێڕییە مەزنەی سەرۆک مام جەلال ژیانی خۆی لەپێناویدا تەرخانکرد، بۆ
دروستکردنی ژیانێکی دیموکراسی و ئازاد بۆ کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان
لەگەڵ سەرجەم هێزە جیاوازەکان.
راشیگەیاند: ژیانی سەرۆک
مام جەلال و بیرە رۆشنەکەی هەمیشە نمونەی نەمریان پێشکەشکردووین بۆ متمانەکردن بە
دواڕۆژ و رۆڵی زیندووی لەدوای ساڵی 2003 گرنگ و بنەڕەتی بووە بۆ بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی لە
نێوان هێزە جیاوازەکاندا، ئەوەش رۆڵێکە کە هەمیشە دڵسۆزان لەیادیان بووە و
ستایشیانکردووە و بەردەوام بیری دەکەین و یادی دەکەینەوە، سەرۆک مام جەلال بەردی
بناغەی ئەم فڕۆکەخانەیەی داناو هەر خۆشی کردیەوە و بەردەوامیش هەوڵی بەرەوپێشبردنی
دەدا، بۆیە سەربەرزین بە ناونانی ئەم فڕۆکەخانەیە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال
تاڵەبانی.
سەرۆککۆماری عیراق
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم فڕۆکەخانەیە دەستکەوتێکی مەزنە لەسەر دەستی مام جەلال
بەدیهاتووە و فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی دەبێتە هێمایەکی هەمیشەیی بۆ
زیندووهێشتنەوەی رۆڵی مام جەلال.
پاشان، ئیحسان عەوادی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراق، وتاری سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی خوێندەوە و دواتر کابتن ئەمفەد جبووری جێگری سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی سڤیلی عیراق وتارەکەی خۆی پێشکەش کرد و لە وتارەکانیاندا ستایشی ئەم هەنگاوەیان کرد و ئاماژەیان بە ڕۆڵی گەورەی کۆچکردووی گەل، سەرۆک مام جەلال کرد لە بنیاتنانی عیراقی نوێدا.
گۆڕانکارییەکە لەسەر پێشنیاری دامەزاروەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ئەنجام دەدرێت، کە ماوەی چوار ساڵی خایاندووە، دواتر پێشنیارەکە لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی پیشووی عیراق و وەزیری پێشووی گواستنەوەی فیدراڵی، وەک رێزگرتنێک لە خەبات و تێکۆشانی مام جەلال پەسندکرا.
ئامانج لە گۆڕینی ناوەکە بۆ رێزگرتنە لە یادی سەرۆک مام جەلال و خەباتی رزگاریخوازی بێوچانی سەرۆک مام جەلال لەپێناو دیموکراسی و رێککەوتنی نێوان پێکهاتەکانی عیراق دوای پرۆسەی ئازادی عیراق، هەر بۆیە ئەم گۆڕانکارییە تەنها رێوڕەسمێکی پڕۆتۆکۆڵی ناوخۆیی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی نوێیە لە گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتیدا و لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (رێکخراوی فڕۆکەوانی شارستانی نیودەوڵەتی(ئیکاو)).
قۆناغەکانی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە:
30ی ئەیلوولی 2025 مەیسەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی فیدراڵی عیراق، بە رەسمی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عیراق و رەزاق محێبس وەزیری پێشووی گواستنەوە رەزامەندی لەسەر گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەکە درا.
3ی تشرینی یەکەمی 2025 رەزامەندی رەسمیی و کۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و سەرۆک وەزیرانەوە دەرچوو، کەڕاستەوخۆ دوای ئەوە رێکارە کارگێڕی و تەکنیکییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ هەمووارکردنەوەی زانیارییە تەکنیکییەکانی فڕۆکەخانەکە دەستی پێکرد.
22-23ی شوباتی 2026 بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی سڤیلی عیراقی (ICAA) بە ڕەسمیی وادەی دیاریکراوی چوونە بواری جێبەجێکردنی تەکنیکیی ناوی نوێی فڕۆکەخانەکەیان ڕاگەیاند، هەروەها کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاگادارکرانەوە بۆ ئامادەکردنی سیستم و بەڵگەنامە ڕێدۆزییە ئاسمانییەکانیان.
19ی ئاداری 2026 پاڵپشت بە بڕیاری کۆتایی دەرچوو لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی سڤیلی عیراقی، ناوە نوێیەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی بە تەواوی چووە بواری جێبەجێکردنی رەسمییەوە.
فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سەرەتای ساڵی 2000 لە لایەن سەرۆک مام جەلالەوە بڕیاری دروستکردنی درا و لەساڵی 2003 بەردی بناغەی دانرا، هەروەها لە 20ی7ی2005 بە رەسمیی فڕۆکەخانەکە کرایەوە و سەرەتا تەنها گەشتی ناوخۆیی تیایدا ئەنجام دەدرا، دواتر فراوانکرا و بووە نێودەوڵەتی.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
جێگری سەرۆکی هەرێم لە رۆژی نیشتمانیی فەرەنسا بەشدار بوو
10:19 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: گەلی عیراقمان خۆشدەوێت
06:33 PM - 2026-07-14 -
ئاگرەکەی گوندی ژاژڵە لە تەشەنەی بەردەوامدایە
04:09 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: هێشتا ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە
10:43 AM - 2026-07-14
ئەمانەش ببینە
ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گۆڕا بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی
06:36 PM - 2026-07-14
سبەینێ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەستپێدەکات
03:34 PM - 2026-07-14
قوباد تاڵەبانی: دەبێت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە کاتی خۆیدا تەواو بێت
02:07 PM - 2026-07-14
جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند
12:58 PM - 2026-07-14
زۆرترین خوێنراو
-
جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند
کوردستان 12:58 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: هێشتا ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە
جیهان 10:43 AM - 2026-07-14 -
ئەفسەرێكی كوردی بەشداربوو چیرۆكی رووداوەكانی شۆڕشی 14ی تەموز دەگێڕێتەوە
کوردستان 10:24 AM - 2026-07-14 -
مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە سەندیکای رۆژنامەنووسان دەگۆڕدرێت
کوردستان 09:58 AM - 2026-07-14 -
جەنگەکان نرخى نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 09:53 AM - 2026-07-14 -
(14)ی تەمموز؛ شۆڕشێک کۆماریی هێنا، یان کودەتایەک دەرگای خوێنی کردەوە؟
بیروڕا 09:53 AM - 2026-07-14 -
سەرۆک وەزیرانى عیراق لە واشنتۆن لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە
عیراق 09:30 AM - 2026-07-14 -
دکتۆرێکی کورد بوەتە هیوا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی مێشک
کوردستان 10:07 PM - 2026-07-13






دابەزێنە

