riklam

قوباد تاڵەبانی: یەکێتی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی پێویستی بەپشتیوانی خەڵکی کوردستانە

کوردستان 07:13 PM - 2024-06-30
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی لەچەمچەماڵ PUKMEDIA

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی لەچەمچەماڵ

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ، ئەمڕۆ یەکشەمە ( ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٤) بەئامادەبوونی هەڤاڵ سەرکەوت حەسەن لەگەڵ ئەندامانی مەڵبەندی رێکخستنی یەکێتی لە چەمچەماڵ کۆبووەوە.

 

دوای گوێگرتن لە بۆچوونی ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەند سەبارەت بە دۆخی یەکێتی لە سنووری چەمچەماڵ، سیاسەت و دۆخی ئێستای یەکێتی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بۆ بەشداربووانی کۆبوونەوەکە روون کردەوە. 

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، ئەم قۆناغەی یەکێتی بە قۆناغی بووژانەوەی یەکێتی ناوبرد و رایگەیاند: یەکێتی لەم قۆناغەدا بە سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبێت و زیاتر دەبێتە جێی متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

روونیشی کردەوە؛ پێشتر بەشێک لە خەڵک رەخنەیان لە یەکێتی دەگرت کە بەهۆی ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانەوە سیاسەتی یەکێتی روون و شەفاف نییە، بەڵام ئێستا زۆرینەی کۆمەڵگا دەزانن یەکێتی ئامانج و سیاسەتی چییە و ئەمەش دەستکەوت و پێشکەوتنێکی گەورەیە بۆ یەکێتی و دەبێت رۆژ لە دوای رۆژ هەنگاوی زیاتر بەرەو شەفافییەت بنێین.

قوباد تاڵەبانی هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغەدا یەکێتی لە هەموو کات بەرچاوڕوونترە و سەرکردایەتی و کادران و هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتی بە یەک ئاراستە کار دەکەن. وتیشی: ئەم یەکێتییەی ناو یەکێتی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی لە گرنگی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی بۆ یەکێتی کرد و رایگەیاند: راستە لە ماوەی رابردوودا یەکێتی بە سەرکردایەتی سەرۆک بافڵ هاوسەنگی هێزی لەناو هەرێمدا راست کردۆتەوە، بەڵام  گرنگی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدایە کە دەبێت یەکێتی سەرکەوتنێکی ئەوەندە گەورە بەدەست بهێنێت تا لەپێناو چاکسازی ریشەیی بە قورساییەکی زۆر گەورەوە لەناو هەموو دامەزراوەکاندا حزوری هەبێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی باسی لەوە کرد کە لە ئێستادا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان پێیانوایە یەکێتی تەنها لایەنێکە کە دەتوانێت و هێزی ئەوەی هەیە چاکسازی راستەقینە بکات. هەربۆیە دەبێت ئەندامانی مەڵبەند و کادرانی یەکێتی لە سنووری چەمچەماڵ زیاتر بچنە ناو خەڵکەوە و ئەو متمانەیەی خەڵک بە یەکێتی بەهێزتر بکەن، چونکە یەکێتی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی پێویستی بە پشتگیری و متمانەی بەهێزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هەیە.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket