riklam

وتەبێژ: یەکێتی پەیوەندی بە ئاگرەکانەوە نییە و سیناریۆی چەوتن

کوردستان 08:13 PM - 2024-07-01
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت: "خۆمان ئامادە دەکەین بۆ هەڵبژاردن نەک بۆ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ، هەروەها  ئەم حیکایەتانە کە ئاراستەی یەکێتییە زۆر بە توندی رەتی دەکەینەوە و هیچ لایەنێک ناتوانێت دەستە چەورەکەی بەسەر ئێمەدا بسڕێت، چونکە پەیوەندیمان بە ئاگرەکانەوە نەبووە و ئەو قسانەی کە دەکرێن سیناریۆی چەوتن".

 

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی 7ـی 2024، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر رایگەیاند: "کۆتایی ٢٠٢٣ و سەرەتای ٢٠٢٤ زنجیرەیەک ئاگر لە هەولێر و کەرکوک و دهۆک کەوتنەوە، ئەوکات لە تەلەفزیۆن وتم کە پێویستە حکومەتی هەرێم و پارێزگار و دامودەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بکەن"، "ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وەکوک تیمی حکومەت و سەرۆک بافڵ زۆر بە توندی، بەتایبەتی دوای سووتانی قەیسەری هەولێر، ئەم کارانەمان ئیدانەکرد کە ئەمە تێکدانی ئەمن و ئیستقرارە و مەسەلەی نانبڕینی خەڵکە و مەسەلەی پووچەڵکردنە و مەسەلەی دەستدرێژی کردنە بۆسەر بابەتێک کە لە هەولێر وەکو قەیسەری کە سەنتەرێکی بازرگانی و کلتوری گەورەیە و بەشێکە لە سیما و جوانی هەولێر".

"هەموو لایەکمان هەوڵماندا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەین، زانیمان بەدواداچوون کراوە و خەڵک دەستگیرکراوە، بەتایبەتی هەواڵگری عیراق ئاگاداری کردینەوە کە کەسێک گیراوە جوندییە لە دژەتیرۆر، دانپێدانانی کردووە کە ٨٠٠ دۆلاری وەرگرتووە بۆ ئەوکارە، ئەمە هەشت تا نۆ مانگ پێش ئێستا بوو، ئەوکات دژەتیرۆر هەموو ئیمتیازاتێکی ئەم جوندیەی بڕی و کەوتە هاوکاری دەزگای هەواڵگری عیراق بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە، ئەمڕۆش ئەنجامەکانی ئاشکرا کرا و گوێمان لە وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق گرت کە باسی تاوانبارەکان دەکات و باسی لێکۆڵینەوە دەکات و بە وتەی ئەوانە کە دەستگیرکراون ناوی حزبێکی سیاسی دەهێنیت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناوی دژەتیرۆر و یەکەی ٧٠ ناهێنێت"، سەعدی ئەحمەد پیرە وادەڵێت.

وتەبێژەکەی یەکێتی دەشڵێت: "کە قسەکان بووە کوردی و لەلایەن نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە قسەکان دەکرا، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد لە دژی یەکێتی کە گوایە یەکێتی وای کردووە و دژەتیرۆر وای کردووە، ئێمە هێزێکی گەورەی سیاسین و پارتیش هێزێکی گەورەی سیاسییە و حزبی دیکەی گەورە هەن، دەکرێت هەندێک کەس خۆیان لەسەر ئێمە حساب بکەن، بەڵام کەسانی نێردراون، زۆرکەس خزاوەتە ناو کارێکی قێزەون و خۆی لەسەر ئێمە حساب دەکات، ئێستا پاش ئەو هەموو قڕە و بڕەیە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەک بۆ دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ، ئەوەی ئەوان دەیکەن و ئەوەی K24 دەیکات بابەتی شەڕی ناوخۆیە، چونکە ئەوەی کە گیراوە و تاوانبارە دەڵێت ٨٠٠ دۆلارم وەرگرتووە، بۆ لێی ناپرسن لەکێی وەرگرتووە؟، بە دڵنیاییەوە لە یەکێتی وەرنەگرتووە، یەکێتی ئەوکات ئیدانەی کردوە و ئێستاش ئیدانەی دەکات و هاوکاری هەموو لایەکی کردووە".

"یەک دنیا بەڵگە و گفتوگۆ و کاردانەوەمان هەیە لەلایەن بەرپرسانی ناوخۆیی لە هەولێرەوە، جارێک دەڵین ئەوە لەحیمە و جارێک دەڵێن لە کاتی شۆرتی کارەبایە، لەو هەمووەوە هاتە سەر یەکەی ٧٠ و دژەتیرۆر، ئەمە بۆچوونێکی خراپە و جگە لەوە حەزدەکەم تەئکید لەسەر دوو شت بکەمەوە، ئەوان دەڵێن ئەو دوو کەسە کە گوایە پەیوەندی بە دژەتیرۆرەوە هەیە ئەفسەر نییە و جوندییە و دەڵێت ٨٠٠ دۆلارم پێدراوە و هەشت مانگ پێش ئێستایە کە لێکۆڵینەوە هەیە لەسەری، هەموو ئیمتیازاتێکی بڕاوە و فەسڵ کراوە، ئەوەی تریشیان ئەگەر سەردەمێک لە ٢٠١٨ کە دەکاتە شەش ساڵ پێش ئێستا یەکێتی بووبێت، ئێستا یەکێتی نییە، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵیت "تەجنید" کراوە، واتە هیچ بڕیارێک لە یەکێتی وەرناگرێت و بڕیار لەو لایەنە وەردەگرێت کە "تەجنید"ـی کردووە، واتە بەکارهێندراوە بۆ بابەتێک"، وتەبێژی یەکێتی وای وت.

دەشڵێت: "پێم وایە ئەم بابەتە خراپە و چەند رۆژێک پێش ئێستا باسی ئەوەم کرد کە هەوڵدراوە قسەمان لەگەڵ بکرێت بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ئامادەنەبووین راوێژ قبوڵ بکەین چونکە بۆ دواخستن بوو، ئێمە نەماندەویست دوای بخەین، ئەوکات وتیشم کە دەبێت ئاگادابین جارێکی دیکە بە سیناریۆیەکی قەڵبی چەوت نەیەنەوە بۆ تێکدانی ژینگەی پێکەوە ئیشکردن بۆ سەرخستنی ئەم هەڵبژاردنە، مەبەستم ئەم شتانەبوو کە ئێستا روودەدەن، ئێستا خەریکی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی لقەکانن، هەموو رۆژێک کێشەیەک لە گەرمیان و رانیە و سۆران و دهۆک شەڕیانە لەسەر ئەوەی پێکنایەن لەناو خۆیاندا چۆن هەڵبژاردن بکەن، هەیە ریزەکانی خۆی ئاوا تێکبدات ئەگەر بە تەمای هەڵبژارد بێت، پێموایە ئەمەش یەکێکە لەو سیناریۆیانەی دەیانەوێت بیهێننە پێش بۆ تێکدانی هەڵبنژاردن".

"ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم حیکایەتانە کە ئاراستەی یەکێتییە زۆر بە توندی رەتی دەکەینەوە و ئەوەشی دەیەوێت دەستە چەورەکەی بەسەری ئێمە بسڕێت، سابون و ئاوی گەرم هەیە بچێت لە شوێنێکی دیکە بیشوات، تەئکیدم لەسەر ئەوەش کردووەتەوە کە پیویستە زمانی زبر بەکارنەهێنین بۆیە هەوڵ دەدەم زمانی زبر بەکارنەهێنم و هەموولایەک هۆشیار بکەمەوە لەوەی کە بەدوای ئەم بابەتانە نەکەون"، سەعدی ئەحمەد پیرە وادەڵێت.

 

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا: "هێشتا هیچ نەبووە وەهاب هەڵەبجەیی و دژەتیرۆر تۆمەتبار دەکەن، پێویستە چاوەڕی بکەن لێکۆڵینەوە تەواوببێت، ئەوان دەڵێن یاسا سەروەرە، کەوایە چاوەڕێ بکەن لێکۆڵینەوە تەواوببێت"، "هەروەها سزاکانی سەر سلێمانی لەلایەن تورکیاوە، هۆکاری ئەو راپۆرتە درۆیانەیە کە لێرەوە دەڕۆن".

"پارتی دەیەوێت کێشە بۆ هەڵبژاردن دروست بکات، چونکە لە هەڵبژاردن دەترسێت، بەرز و نزمی هەبوو لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، بەڵام شتی ئاوا نەبووە و ئەمە پێشهاتێکی نوێیە، هەروەها ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شەڕی ناوخۆمان حەرام کردووە"، وتەبێژی یەکێتی وای وت.

PUKMEDIA

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket