riklam

نزیکەی 27 هەزار خێزانی ئاوارە لەهەولێر و دهۆک رێگری گەڕانەوەیان لێدەکرێت

کوردستان 11:04 AM - 2024-07-02
کەمپی ئاوارەکان لە هەورێم وزارة الهجرة والمهجرين العراقية

کەمپی ئاوارەکان لە هەورێم

کۆتایی ئەم هەفتەیە دوا کاروانی ئاوارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی کە 250 خێزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بەمەش کۆتایی بە گەڕانەوەی ئاوارەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی دێت و هەر چوار کەمپەکە کەپێشتر ئاوارەی لێ نیشتەجێبوون دادەخرێن، به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق دەڵێت: "گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی هاوکاری ئیدارەی شارەکە و لایەنەکانەوەیە، بەڵام لەهەولێر و دهۆک رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت و هەتا ئێستا 26 هەزار و 750 خێزان لەکەمپەکانی ئەو دوو پارێزگایە ماونەتەوە".

سەرجەم ئاوارەکانی سلێمانی دەگەڕێنەوە

سامر مه‌شكور به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان لە وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق، له‌ چاوپێکەوتنێکی تایبه‌تدا به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "لەچوارچێوەی هەوڵەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەی کەمپەکانی هەرێم، بەهاوکاری ئیدارەی پارێزگاکە و لایەنەکان رۆژی شەممەی رابردوو 734 خێزان لەکەمپی ئاشتی لە پارێزگای سلێمانی کە زۆربەیان خەڵکی سەڵاحەدین بوون، گەڕانەوە زێدی خۆیان".

"لە سنوری پارێزگای سلێمانی تەنها 250 خێزانی ئاوارە لە کەمپی ئاشتی ماون و بڕیارە تاکۆتایی ئەم هەفتەیە ئەوانیش بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و کەمپەکەش دابخرێت، بەمەش هیچ ئاوارەیەک لە سنوری پارێزگای سلێمانی نامێنێت و ئەو چوار کەمپەی لە پارێزگاکە هەبوون دادەخرێن"، سامر مەشکور وای وت.

لە هەولێر و دهۆک رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت

سامر مه‌شكور وتیشی: "لەپارێزگای هەولێر و دهۆک رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت و تەنانەت ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێم رێگە نادات لەو دوو پارێزگایە تیمی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق بچنە کەمپەکان و کارئاسانییان بۆ بکەن بەمەبەستی گەڕانەوەیان، ئەوە جگە لەوەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت".

دەشڵێت: "تێکچونی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کاریگەری خراپی کردوەتە سەر گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەشێوەیەک لەکەمپەکانی سنوری پارێزگای هەولێر لە 24-1 هەتا 1-7 تەنها 250 خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و رێگری لە گەڕانەوەیان دەکرێت".

"لە پارێزگای دهۆکیش رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەکان بەردەوامی هەیە و هەتا ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 400 خێزان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، گەڕانەوەی ئەو خێزانانەش بە فشاری خۆیان بووەو لەڕێی نوسینگەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانەوە داوای گەڕانەوەیان کردووە"، سامر مەشکور وا دەڵێت.

30ـی 7 کەمپەکان دادەخرێن

به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان لە وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا: "هەتا ئێستا نزیکەی چوار هەزار و 750 خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێم گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، کە لە سلێمانی دوو هەزار و 100 خێزان و لە پارێزگای دهۆکیش دوو هەزار و 400 خێزان، کەپارێزگای هەولێریش تەنها 250 خێزان گەڕاونەتەوە".

ئەوەشی خستەروو: "لەکۆی پێنج هەزار خێزانی ئاوارە لە سنوری کەمپەکانی پارێزگای هەولێر، هەتا ئێستا تەنها 250 خێزان گەڕاونەتەوەو رێگری دەکرێت لەگەڕانەوەی چوار هەزار و 750 خێزان، لەپارێزگای دهۆکیش لەکۆی 22 هەزار خێزانی ئاوارە هەتا ئێستا تەنها دوو هەزار و 400 خێزان گەڕاونەتەوە".

لەبارەی وادەی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکانیش سامر مەشکور رایگەیاند: "بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆتا وادە بۆ داخستنی کەمپەکانی هەرێم 30-7-2024 ەو ئەگەر رێگرییەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە بەردەوامبێت پێویستە حکومەتی عیراق رێکاری دیکە بگرێتەبەر، ئەمە جگە لەوەی پێویستە حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی کۆی گشتی ژیانی ئاوارەکان بگرێتە ئەستۆ، هاوکات پێویستیشە حکومەتی هەرێم دابینکردنی ژیانی ئاوارەکان کەخۆی لە شوێنی نیشتەجێبوون و کارەبا و ئاوو خزمەتگوزارییەکانی دیکە دەبینێتەوە، کە مانگانە 500 ملیۆن دینارە و لەئێستادا لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراقەوە بۆ کەمپەکان دابیندەکرێت، بگرێتەئەستۆ".
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket