riklam

دادگای فیدراڵی سکاڵایەک لەبارەی رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەکانی هەرێم تاوتوێدەکات

کوردستان 11:25 AM - 2024-06-30
دادگای فیدراڵی PUKMEDIA

دادگای فیدراڵی

بڕیارە ئەمڕۆ 30-6-2024 دادگای باڵای فیدراڵی کۆببێتەوە کە چەند دۆسیەیەکی پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستانەوە، ئەوانیش پرسی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکانە لە کەمپەکانی هەرێم و بەرەنگاربوونەوەی یاسای تیرۆر لە هەرێمی کوردستانن.

 

بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن ماڵپەڕی دادگای فیدراڵییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، کە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ پێنج دۆسییە تاوتوێ دەکات چەند دۆسیەیەکیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

 

داوادەکرێت حکومەتی هەرێم پابەندبکرێت بەگەڕانەوەی ئاوارەکان

سکاڵای یەکەمیان لەلایەن ئیڤان فایەق جەبرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە دژی هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، سکاڵاکار داوایکردووە دادگاکە هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق تایبەت بە داخستنی کامپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان پابەند بکات، کە داواکە لە 12-5-2024 کراوەو تا ئێستا دواخراوە.


یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە نادەستووری بزانرێت


کەیسێکی دیکەیان لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆری سلێمانییەوە تۆماركراوە و داوا دەکات دادگاکە ماوەی کارپێکردنی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006ی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە نادەستووری بزانێت، کە بەگوێرەی یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2018 دیاریکراوە، هاوكات هەموو ئەو سزایانەی لە دادگاکانی هەولێر لە دژی ئەو دەرچووێندراون هەڵبوەشێندرێنەوە.


تاوتوێکردنی سکاڵاکەی وەزیری کۆچ وکۆچبەرانی عیراق لەدژی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆی هەرێم لەکاتێکدایە کەتەنها یەک مانگ ماوە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەکانی هەرێم بۆ زێدی خۆیان، ئەمەش پاڵپشتە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.

لەدهۆک و هەولێر رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت

هەر لەو بارەیەوە سامر مه‌شكور به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا پێشتر به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندبوو: "بۆ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌راورد به‌ هه‌ولێرو دهۆك له‌پارێزگای سلێمانی زیاتر هاوكاری و كارئاسانیمان بۆده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕ‌ێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌مپه‌كانی هه‌ولێرو دهۆك له‌ژێر كۆنترۆڵی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندان و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە رێگری لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەکرێت".

 

حکومەتی عیراق تێچووی گەڕانەوەی ئاوارەکان لەئەستۆدەگرێت

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق پلانێكی گشتگیری بۆ كۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەكان داڕشتووە و پێویستە تا کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ سەرجەم ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، وەک هاندانێک بۆ گەڕانەوەشیان، جگە لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و دابینکردنی تێچووی گەڕانەوەیان بڕی 4 ملیۆن دینار و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە بۆ هەر خێزانێک دابیندەکات، هەروەها هەر خێزانێکی ئاوارە لە دوای 30ی تەممووزەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، لە پێدانی هاوکارییەکان بێبەش دەبێت.

 

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket