riklam

قوباد تاڵەبانی: چەند پرۆژەو فەرمانگەیەکی لەچەمچەماڵ کردەوە

کوردستان 10:12 AM - 2024-06-30
قوباد تاڵەبانی لە سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ PUKMEDIA

قوباد تاڵەبانی لە سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ یەکشەمە ( ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ بە یاوەری هەر یەکە لە وەزیری کارەبا و وەزیری پلاندانان و بریکاری وزیری سامانە سروشتییەکان، وێستگەی کارەبای مۆبایلی چەرمووی132/11KV  کردەوە.

پڕۆژەکە بە گوژمەی زیاتر لە ملیاردێک و ٦٠٠ ملیۆن دینار جێبەجێکراوە و تا رادەیەکی زۆر کێشەی ئۆڤەرلۆد لە سنوورەکە چارەسەر دەکات. 

دواتر جێگری سەرۆک وەزیران نووسینگەی ژمارە ٥ی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی سلێمانی – چەمچەماڵی کردەوە، کە هەر هاوڵاتییەک لە ماوەی دوو سەعاتدا مامەڵەکانی جێبەجێ دەکرێت و دەبێتە خاوەنی پاسپۆڕتی خۆی.

 

قوباد تاڵەبانی بۆ لێپرسراوان: ئێوە خزمەتکاری خەڵکن

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ، بە ئامادەبوونی دکتۆر دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆ، لەگەڵ قایمقام و بەرپرسانی ئیداری چەمچەماڵ کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەمە ( ٣٠ حوزەیرانی ٢٠٢٤) لە یەکێک لە هۆڵەکانی مۆنۆمێنتی ئەنفال بەڕێوەچوو، باس لە کێشە خزمەتگوزارییەکان و داواکارییەکانی دانیشتوانی چەمچەماڵ کرا. 

 

جێگری سەرۆک وەزیران داوای لە بەرپرسانی ئیداری چەمچەماڵ کرد رێوشوێنە ئیدارییەکان بۆ جێبەجێکردن و راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان رێکبخەنەوە و زۆرترین ئاسانکاری بکەن بۆ هاوڵاتییان.

 

وتیشی؛ ئێوە بەرپرسی خەڵک نین، بەڵکو خزمەتکاری خەڵکن، بۆیە دەبێت بەردەوام بەدەم جێبەجێکردنی داواکاری خەڵکەوەبن، نەک هاوڵاتی هەست بکات لەلایەن بەپرسانی ئیدارییەوە کێشە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دروست دەکرێت. جەختیشی کردەوە کە ئامانجی ئێمە خزمەتکردنی هاوڵاتییانە و بۆ ئەم مەبەستەش هەر گۆڕانکارییەک پێویست بکات لە پۆستە ئیدارییەکاندا دەیکەن.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد کە بۆ گەشەپێدانی ناوچەکە و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی چەمچەماڵ، پێویستە بەرپرسانی ئیداری هەوڵ بدەن بە کارئاسانیکردن و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و گونجاو، هانی وەبەهێنەران بدەن لە چەمچەماڵ وەبەرهێنان بکەن.

 

جێگری سەرۆک وەزیران داواشی لە بەرپرسانی ئیداری چەمچەماڵ کرد بە سینگفراوانییەوە گوێ لە رەخنەی هاوڵاتییان بگرن و هەرگیز لەسەر رەخنە و گلەیی و توڕەبوونی هاوڵاتییەک سکاڵا لەسەر کەس تۆمار مەکەن. وتیشی دەبێت یاسا بەکاربێنن بۆ جێبەجێکردن و کارئاسانیکردن بۆ هاوڵاتییان، نەک بۆ گرفت و کێشە دروستکردن بۆ هاوڵاتییەکی توڕە و ناڕازی.

 

قوباد تاڵەبانی مۆزەخانەی پێشمەرگە شەهیدەکانی شەڕی داعشی لەچەمچەماڵ کردەوە

 

پێشتریش قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ یەکشەمە ( ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) لە سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ بە یاوەری دکتۆر دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆ و قایمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری شەهیدانی چەمچەماڵ سەردانی مۆنۆمێنتی ئەنفالی کرد و بە یادی هەموو شەهیدانی ئەنفال، تاجە گوڵینەی رێز و وەفای لە مۆنۆمێنتەکە دانا.

 

دواتر جێگری سەرۆک وەزیران مۆزەخانەی پێشمەرگە شەهیدەکانی شەڕی داعشی کردەوە، کە مۆزەخانەکە بۆ رێزگرتن لە گیانفیدایی پێشمەرگە و پاراستنی بیرەوەرییەکانی شەهیدەکانی شەڕی دژ بە داعش دروست کراوە و جلوبەرگ و کەلوپەلە تایبەتەکانی شەهیدانی پێشمەرگەی تێدا هەڵگیراوە.

 

قوباد تاڵەبانی لە کاتی سەردانەکەیدا ئاماژەی بە گرنگیی کردنەوەی ئەم مۆزەخانەیە کرد و رایگەیاند: "ئەم مۆزەخانەیە کارێکی بچوکە بۆ نیشاندان و پاراستنی قارەمانێتی شەهیدانی پێشمەرگە، چونکە گیانفیدایی و لەخۆبوردوویی پێشمەرگە و شەهیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆردا ئەوەندە گەورەیە کە دەبێت نەوە لە دوای نەوە چیرۆکی ئەم قارەمانانەی کورد لەڕێگەی فیلم و نووسین و کاری هونەرییەوە بۆ هەموو خەڵکی جیهانی بگێڕنەوە".

 

 قوباد تاڵەبانی  ژمارەیەک پڕۆژە لەچەمچەماڵ بەسەر دەکاتەوە

 

هەر ئه‌مڕ‌ۆ یه‌كشه‌ممه‌ 30 ی حوزه‌یرانی 2024، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كات و چه‌ند پرۆژه‌یه‌ك به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌.

له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ژماره‌یه‌ك پڕ‌ۆژه‌ به‌سه‌ر بكاته‌وه‌و چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیش ئه‌نجامده‌دات له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و چین و توێژه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی باشتر پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ چەمچەماڵ، ئەمڕۆ یەکشەمە 30 ی حوزه‌یرانی 2024، بەئامادەبوونی دارا رەشید، وەزیری پلاندانان پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵی بەسەر کردەوە.

پڕۆژەکە بە گوژمەی 78 ملیۆن دۆلار چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ماوەی 730 رۆژدا تەواو بکرێت. جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند: "دانیشتوانی چەمچەماڵ ساڵانێکی زۆرە بە دەست کێشەی ئاوەوە دەناڵێنن و چەندین ساڵیشە چاوەڕوانی جێبەجێکردن و تەواوکردنی ئەم پڕۆژەیەن". 

وتیشی: "نابێت بەهیچ هۆکارێک کارکردن لە پڕۆژەکە بوەستێت و داوایکرد کۆمپانیای جێبەجێکار لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکات، چونکە ئەمە سەرەکیترین داواکاری و مافی دانیشتوانی چەمچەماڵە".

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket