riklam

تەڵەی هاوپەیمانێتییە کاتییەکان

بیروڕا 02:33 PM - 2026-03-08
دانا بەهادین PUKMEDIA

دانا بەهادین

بیروڕا

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە، لەوانە تێگەیشتن لە جیهان لە گۆشەی جەنگی سارد یان ململانێی عەرەب و ئیسرائیل. ئێمە لەناو جەرگەی ئەو بوومەلەرزە جیۆپۆلەتیکییەداین کە ناوچەکەی هەژاندووە، لە ململانێی خوێناویی زلهێزەکان و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی وزەی جیهانی تا دەگاتە وانە تاڵەکانی بێوەفایی وڵاتانی بڕیار بەدەست بەرامبەر بە کورد، بەتایبەت لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستاندا. لە پشت پەردەی جەنگەکانەوە، هێزە باڵادەستەکان خەریکی سەوداکردنن بە چارەنووسی گەلانەوە. بۆچی لەم قۆناغە پڕ هەڕەشەیەدا سەربەخۆیی و سەروەریی نیشتمانی چیتر تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکو تاکە قەڵغانە بۆ پاراستنی بوونی نەتەوەیی لە بازاڕی بێڕەوشتیی سیاسیی جیهاندا؟

ئەم ململانێ سەربازییەی ئەمڕۆ ناوچەکەی هەژاندووە، تەنها جەنگی نێوان جەمسەرە دیارەکان نییە، بەڵکو نیشانەی داڕمانی ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەیە کە ساڵانێکی زۆر کورد وەک کارتێکی فشاری کاتیی لە هاوکێشەکانیدا بەکاریهێنراوە. مێژووی ناوچەکە سەلماندوویەتی کە هێزە هەرێمییەکان بە هەموو ڕەنگ و ئایدیۆلۆژیا جیاوازەکانیانەوە، زۆرجار لەسەر یەک خاڵی جەوهەری یەکدەنگن، ئەویش سنووردارکردنی دەسەڵاتی کورد و ڕێگریکردنە لە هەر هەنگاوێکی سەروەریخوازانە. ئاماژەکانی ئەم دۆخە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەی ئێستاش ئەوە دەردەخەن کە نەک هەر پلانیانە خاکی کوردستان بە  دابەشکراویی بمێنێتەوە، بەڵکو ناسەقامگیرییەکە گەیشتۆتە ئاستێک ئێمەی کورد پاشەکشە لە داخوازییە سەرەتاییەکانیشمان بکەین. پاشەکشەی کوردیش لە راستییدا خۆی گەورەترینە ڕێگرە لەبەردەم سەقامگیریی ڕاستەقینەدا، چونکە ئاشتی بەدی نایەت تا ئەو کاتەی نەتەوەیەکی گەورە لە مافی بڕیاردانی چارەنووس بێبەش بێت.

ئەو ڕەهەندە سیاسییە قووڵەی کە زۆرینەی شیکەرەوەکان خۆیانی لێ دەپارێزن ئەوەیە کە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان زۆرجار جەنگەکان بۆ یەکلاییکردنەوە ئەنجام نادەن، بەڵکو بۆ تێوەگلان و لاوازکردنی هەموو لایەنە هەرێمییەکانە. لەم ستراتیژییە چەقبەستووەدا، کورد هەمیشە دەخرێتە ناو تەڵەیەکەوە کە تێیدا قوربانییەکی زۆر دەدات بە ئومێدی گەیشتن بە مافەکانی، بەڵام لە ساتەوەختی چنینیەوەی بەرهەمەکاندا، زلهێزەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە گەورەکانیاندا ڕێککەوتنی نوێ لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکەدا واژۆ دەکەن. ئەزموونی تاڵی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٩ەوە، وەک برینێکی قووڵ لە ویژدانی سیاسیی کورددا ماوەتەوە، کاتێک بینیمان چۆن هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکان لە پێناو پاراستنی هاوسەنگییە کاتییەکاندا  پشتیان کردە ئەو هێزە کوردییانەی کە جیهانیان لە مەترسییەکی گەورە پاراستبوو.

لەم قۆناغەدا، گەورەترین مەترسی بۆ سەر کورد تێوەگلانی ڕاستەوخۆیە لە ململانێی خوێناویی جەمسەرە ناکۆکەکان  لە کاتێکدا ئاکامەکانی ئەم شەڕانە بە تەواوی نادیارن. هەر جۆرە لایەنگرییەکی توند بۆ یەکێک لە جەمسەرەکان دژ بە بەرەیەکی تر، دەکرێت ئاکامی سووتێنەری هەبێت. پێویستە کورد دیپلۆماسییەکی  ژیرانە و هاوسەنگ  پەیڕەو بکات، دیپلۆماسییەتێک کە لەسەر بنەمای دوورخستنەوەی مەترسییەکان بێت لە خاکی هەرێمی کوردستان. تێوەگلان لە ململانێی هێزە گەورەکان، تەنها وا دەکات ناوچەکە ببێتە مەیدانی تاقیکردنەوەی چەکە وێرانکەرەکان و کوردیش قوربانیی یەکەمی وێرانکارییەکە بێت. 

ئەم وەرچەرخانە جیۆپۆلەتیکییە پێمان دەڵێت کە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان بەبێ هەبوونی قەوارەیەکی سەربەخۆ و یەکگرتوو، تەنها وەهمێکی کاتییە. تا کورد نەبێتە خاوەنی  قەوارەی سەربەخۆ، هەمیشە لەبەردەم مەترسیی پاشەکشەی کتوپڕی هاوپەیمانەکاندایە. بە چەند وشەیەکی تر، وڵاتی زلهێز تەنها کاتێک کە دەوڵەت بیت ئامادەیە پشتیوانییەکەی بەردەوام بێت بۆت، دەنا وەک نۆکەر و دەستوپێوەند سەیرت دەکەن و کەی ویستیان پشتت تێدەکەن. ترەمپ بە روونیی دەڵێت: پارەمان بە جەنگاوەرانی کورد داوە بۆ ئەوەی شەڕی داعشمان بۆ بکەن. کەواتە وەک شەڕکەری خۆیان سەریمان دەکەن و بەس.  

سەرکردایەتیی کورد دەبێت نەکەونە ناو تەڵەی هاوپەیمانێتییە کاتییەکان. تەنها یەکڕیزیی ناوخۆیی و دیپلۆماسییەکی بێلایەنانەی بەرژەوەندیخواز دەتوانێت ببێتە قەڵغانێک کە کورد لە بازاڕی بێوەفایی سیاسیی جیهان بپارێزێت. پێش ئەوەی بوومەلەرزەی داهاتوو هەموو شتێک ڕابماڵێت، پێویستە بێلایەنی و پاراستنی هاوسەنگی سیاسیی و خۆبەدوورگرتن لە بەڵێنی زارەکی زلهێزەکان بکەین بە هەندێک لە بنەماکانی کاری سیاسیی.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket