riklam

درۆن و موشەك بازاڕی میدیا لەهەرێم گەرم دەكەن

کوردستان 12:17 PM - 2026-03-08
هێرشی درۆنی بۆسەرشارەکانی هەرێمی کوردستان PUKMEDIA

هێرشی درۆنی بۆسەرشارەکانی هەرێمی کوردستان

كوردستان هەولێر سلێمانی

شەوی رابردوو 15 هێرشی درۆنی كرانەسەر شارەكانی هەولێرو سلێمانی و هێرشەكان دوو شەهیدیان لێكەوتەوە كە یەكێكیان پێشمەرگە بوو، ئەوەی دیكەشیان كارمەندێكی ئاسایشی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرە، فەرمانگەی میدیاو زانیاری و سەندیكای رۆژنامەنووسانیش داوا لە كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەن پیشەییانەو بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و نەبنە چاوساغ بۆ لایەنەكانی ھێرشبەر.

هێرشەكانی شەوی رابردووی سلێمانی بەشەش درۆن كرانەسەر بارەگای هێزەكانی 70 و ناوچەی نزیك بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵخانەی توركیا، ژمارەیەكی زۆر لەدرۆنەكان خرانەخوارەوەو زیانی گیانیان لێنەكەوتەوە، هەر شەوی رابردوو بەموشەك هێرشكرایە سەر زڕگوێزەڵەی سنووری سلێمانی، بەهۆیەوە پێشمەرگەیەك شەهید بوو، پێشمەرگەیەكی دیكەش بریندار بوو.

هاوكات رۆژی 7ی 3ی 2026 چەندین درۆن ئاڕاستەی هەولێر كران و زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێكشكێندران، بەڵام یەكێك لەهێرشەكان بووە هۆی گیانلەدەستدانی كارمەندێكی ئاسایشی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و برینداربوونی سێ كارمەندی دیكە.

دەزگای ئاسایش: چەند هێرشێكی درۆنی كرانە سەر سلێمانی

لەبارەی هێرشە درۆنییەكانەوە بۆ سەر سلێمانی، دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستبەجێ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: دووجار لەسەر یەك بەچوار درۆن بارەگای هێزەكانی (70) و هەروەها بەدوو درۆن نزیك هەردوو بارەگای(UN)و نووسینگەی كونسوڵگەری توركیا لەشاری سلێمانی كراونەتە ئامانج.

راشیگەیاند: دەستبەجێ تیمەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم گەیشتنە شوێنی هەردوو  رووداوەكەو لێكۆڵینەوەكان  دەستیپێكرد، لەئەنجامدا دەركەوت ئەمشەو بەچوار درۆن، بارەگای هێزەكانی (70) و هەروەها بە دوو درۆن نزیك بارەگای(UN) و نووسینگەی كونسوڵگەری توركیا لەشاری سلێمانی كراوەتە ئامانج و هێرشەكان هیچ زیانێكی مرۆیی نەبووە و لێكۆڵێنەوە لەڕووداوەكە بەردەوامە.

لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان: كەناڵەكان وردبین و بەرپرسیاربن

هەر لەوچوارچێوەیەدا، لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان رێنماییەكی بەپەلەی بۆ میدیاكانی سلێمانی دەركردو رایگەیاند:  لەگەڵ دەستپێكردنی شەپۆلی موشەك باران و جەنگی سیبرانی و شەڕی درۆنی ھەردوو بەرەی جەنگەكە، ئەركی میدیاو بەرپرسیارییەتی میدیاكاران زیاتر دەبێت، بۆیە  داواكارین لە كەناڵەكانمان لەسنووری پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری، وردبینی زیاترو بەرپرسیارێتی و بەئاگابوونی زۆرتر پەیڕەو بكەن پێش بڵاوكردنەوەی ھەر بەپەلەو ھەواڵ و راپۆرتێك كە جوگرافیاو وردەكاری جەنگی پێوەدیار بێت، چونكە ھەندێك بابەتی میدیایی دەبنە چاوساغی بۆ لایەنەكانی ھێرشبەر، ھەندێكی تریان دەبنە مایەی روخانی ورەی شەقام و ھاووڵاتیان، پاراستنی گیانی تەبایی و ورەی جەماوەری كوردستان لە ئەركە سەرەكییەكانی ئەم قۆناغەمان دەبێت.

راشیگەیاندووە: داواكارین بەتەنگ رێنمایی و داواكاریەكانمانەوە بێن و كوردستانمان پارێزراو  بێت و سەلامەتی تیمە میدیاییەكانمان لە پێشینەی كارو دیسپلینمان بێت.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری چەند كارێكی لەكاتی رووماڵدا قەدەغەك كرد

هاوكات هەر دوێنێ 7ی 3ی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم، لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەر و ماڵی هاووڵاتییان و رێنوێنیی رووماڵی میدیایی بۆ كەناڵە ناوخۆیی و بیانییەكان، دیجیتاڵمیدیا و سۆشیالمَیدیا، كۆمەڵێك رێنمایی بڵاوكردەوەو تێیدا چەند كارێكی لە كاتی رووماڵكردنی رووداوە ئەمنییەكاندا قەدەغەك كرد كەئەمانەن:
 
- بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی راستەوخۆ یان وێنەی ئاڕاستەكردنی درۆن و مووشەك و شوێنی زیانپێكەوتوو، هەروەها كات و شوێنی كەوتنەخوارەوەیان.
 
- بڵاوكردنەوەی ناونیشانی زیانلێكەوتوو و قەبارەی زیانەكان.
 
- وێنەگرتن یان تۆماركردنی ڤیدیۆیی شوێنە سەربازی و ئەمنییەكان، جموجۆڵی هێزەكان و كەرەستە و چەك و تەقەمەنییەكان و دامەزراوە حكومی و نێردە دیپلۆماسییەكان.
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە رۆژنامەنووسان وریای بڵاوكردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیی و وێنانە بن كە لەلایەن خەڵكەوە بۆیان دەنێردرێت، نابێت ئەو وێنانە بڵاوبكرێنەوە كە زانیاریی هەستیار یان ژێرخانی ئەمنییان تێدایە.
 
هەروەها هانی میدیا دەدات كە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بكەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ''زانیاریی هەستیار'' ئاشكرا ناكرێت.
 
فەرمانگەكە دەشڵێت، هەر سەرپێچییەك لەم رێنماییانە بكرێت، دەزگاكە یان كەسە سەرپێچیكارەكە رووبەڕووی لێپرسینەوەی تووندی یاسایی دەبێتەوە.

هەر شەوی رابردوو بە مووشەك هێرشكرایە سەر  زڕگوێزەڵەی سنووری سلێمانی، بەهۆیەوە پێشمەرگەیەك شەهید بوو، پێشمەرگەیەكی دیكەش بریندار بوو.

رۆژی 28ی 2ی 2026، هێرشی هاوبەشی ئەمریكا ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەستیپێكرد، ئێرانیش لەوەڵامدا چەندین هێرشی بۆسەر وڵاتانی دراوسێ و هەرێمی كوردستان دەستپێكردوو.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket