riklam

48 ساڵ بەسەر شەهیدکردنی سێ سەرکردەی نەمردا تێدەپەڕێت

کوردستان 01:33 PM - 2026-07-08
شەهیدانی سەرکردە، عەلی عەسکەری، د.خالید، حسێن بابەشێخ ئەرشیف

شەهیدانی سەرکردە، عەلی عەسکەری، د.خالید، حسێن بابەشێخ

ته‌مووزی ساڵی 1978، له‌پاش روودانی کارەساتی هەکاری، هه‌ریه‌ك له‌ شەهیدان عه‌لی عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و د.خالید سه‌عید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ریی و حسێن بابه‌شێخ فه‌رمانده‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی، به‌دیلكراوی له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تیی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، کە ناسرابوو بە (قیاده‌ موه‌قه‌ته‌) دوای مانگێك لەدەستگیرکردنیان، بە چەکی قورس شەهیدکران.

ژیاننامەی شەهیدان:
1. عەلی عەسکەری
- کوڕی شێخ عەبدوڵا و برازای شێخ عەبدولکەریمی شەدەڵەیە، ساڵی 1937 لە گوندی عەسکەر لەدایکبووە.
- شەھید عەلی عەسکەری لە گەنجێتیدا ئەوکاتەی خوێندکاربووە لە کەرکوک، کاری سیاسی و رێکخراوەیی لە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەستپێکردووە و دواتر بووەتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، تاکو لە ساڵی 1960 بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حزبە ھەڵبژێردرا، لە ساڵی 1964 پەیوەندیکرد بە باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتیەوە.

- لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ، وەک پێشمەرگە و سەرکردە و فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە دەرکەوت، بەجۆرێک لە یەکەم کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ھەڵبژێردرا.

- دوای چەند ساڵێکی کەم لە دەستپێکردنەوەی شۆڕش بە رابەرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرکردایەتیی یەکێتی بڕیاریدا بۆ ھێنانی چەک و رێگریکردن لە شاڵاوەکانی حکومەتی ئەوکاتی عێراق بۆ راگواستنی گوندە سنوورییەکان، ھێزەکانی بە سێ کاروان بەرەو سێکوچکەی سنوورەکانی عێراق-ئێران-تورکیا رەوانە بکات، کاروانی یەکەمی ھێزەکەش لەلایەن شەھید عەلی عەسکەرییەوە سەرکردایەتی دەکرا، بەڵام لەگەڵ گەیشتنیان بە خاکی باکووری کوردستان، رووبەڕووی پەلاماری خێڵەکانی ناوچەکانی ھەکاریی بوونەوە و بەھۆیەوە سەدان پێشمەرگە شەھید بوون، ھەروەھا ھەریەکە لە شەھیدان عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید سەعید کۆیی و حسێن بابەشێخ بەدیلگران و رادەستی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی کران و ئەوانیش بڕیاری شەھیدکردنیاندان، تائێستاش بە دیاریکراوی شوێنی بەخاکسپاردنیان دیار نییە.

2. دکتۆر خالید
- ساڵی 1934 لەبنەمالەیەکی نیشتمان پەروەر و تێکۆشەر و دیاری شاری کۆیە لەدایک بوە. باوکی حاجی حەمە سەعید ئەسعەد یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی غەفوریەکان.
- هەر لە کۆیەش قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی وناوەندی تەواو کردوە، دواتر لە شاری کەرکوک لە پەیمانگای برین پێچینەوە درێژەی بە خوێندن داوە. پاش تەواوکردنی خوێندن لە نەخۆشخانەی کۆیە دامەزراوە.

- لەسەردەمی لاویەتی تێکەڵاوی چالاکی و کاری سیاسی بووە، لە سالانی 1947بۆتە ئەندامی کۆمەلەی پێشکەوتنی قوتابیان، دوای شۆرشی 14 تەموزی 1958بۆتە ئەندامی لیژنەی ناوچەی کۆیە وەک کادرێکی لیهاتووی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەشاری کۆیە ناوی دەرکردوە.

- لەمانگی ئەیلولی 1961بەشداری چەکدارانەی کردوە، پاش دەرچوونی بەیانی 11ی ئازاری ساڵی 1970هەتا 1974لەشاری بەغدا نیشتەجێبوە و لەنەخۆشخانەی نعمان بوو بە بەڕێوەبەر.
- بەهاری ساڵی ١٩٧٧ سەردانێکی کرد بۆ ناوچەی برادۆست بۆ پێشوازی لە بەرێزان مام جەلال و کاک نەوشیروان و هەڤاڵانی دەرەوە.

3. حسێن بابەشێخ
- لەدایکبوی ساڵی 1941ی ناوچەی شێخانی ئێزدیایەتی، بابەشێخی باوکی یەکێک بووە لەپیاوە ئاینی و کۆمەڵایەتییە بەناوبانگەکانی ئێزدییەکانی کوردستان، لەسەرتای لاوێتییەوەو لەریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە دەستی بەکاری سیاسی کردوە.

- بەو پێیەی ئێزدییەکان چ وەک کورد و چ وەک ئێزیدی، هەمیشە لەسایەی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراقەوە لەژێر هەڕەشەی تواندنەوەو لەناوبردندا بوون، شێخ حسێنی بابەشێخ وەک رۆشنبیرێکی دەڤەری شێخان لەنزیکەوە ئاگاداری ئەو رەوشە نالەبارەی کوردانی ئێزدی بوو، هەربۆیە هەمیشە لەریزەکانی کوردایەتیدا بەرەنگاری ئەو سیاسەتە دەبویەوە.
- لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول و دامەزراندنی ی.ن.ک پەیوەندییکرد بەشۆڕشی نوێ و ئەندامی سەرکردایەتیی ی.ن.ک بوو.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket