riklam

قائیمقامى کۆیە بۆ PUKMEDIA: قوباد تاڵەبانى تێچووى نۆژەنکردنەوەى گۆڕستانى کریستیانەکان لە ئەستۆدەگرێت

کوردستان 10:30 PM - 2025-12-04
حاکم تاریق حەیدەر قائیمقامی قەزای کۆیە PUKMEDIA

حاکم تاریق حەیدەر قائیمقامی قەزای کۆیە

قائیمقامی قەزای کۆیە، سەبارەت بە تێکدانى گۆڕى کریستیانەکان لە سنورەکەیاندا، رایگەیاند: لە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی-یەوە راسپێردراوین، بەزووترین کات بکەرانى ئەو کارە بدۆزینەوە و هەر لە بەیانییەوە بۆ نۆژەنکردنەوەى گۆڕەکان کاربکەین.

حاکم تاریق حەیدەر قائیمقامی قەزای کۆیە، سەبارەت بەو کارە نامرۆڤانەى بەرامبەر گۆڕى کریستیانەکان ئەنجامدراوە، بە وێبسایتى رەسمى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان PUKMEDIA راگەیاند: ئەو کارە نامرۆڤانەی کە لە گۆڕستانی برا مەسیحییەکانی گوندی هەرمۆتە لە شاری کۆیە روویدا، کە نزیکەی 17 گۆڕ تێکدراوە و کێلەکانیان شکێنراوە، بەڕاستی بەداخەوەین و بە برا مەسیحییەکانی رادەگەیەنم، کە چەند ئەوان بەو کارە نیگەرانن، موسڵمانانی شارەکەش دە ئەوەندە نیگەرانن.

ئەوەشی روونکردەوە: لەو کاتەوەی کە ئەو رووداوە رویداوە، کەسایەتییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانی شارەکە و لە چەندین چین و توێژی دیکەوە پەیوەندیان پێوەکردوین، کە بە زوویی رێکاری یاسایی بگرینەبەر و نیگەرانی خۆیان بۆ ئەو بابەتە دەربڕیوە، چەندین ساڵە موسڵمان و مەسیحی بەیەکەوە لە شارەکە دەژین و رێز لە هەموو پایە پیرۆزەکانی یەکتری دەگرن.

حاکم تاریق حەیدەر قائیمقامی قەزای کۆیە، ئەوەشى خستەڕوو: لە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی-یەوە راسپێردراوین، وەک ئیدارەی قائیمقامی قەزای کۆیە، بۆ لێکۆڵینەوە لەو تاوانە دەستبەجێ کاری جدی بکەین و بەزووترین کات بکەرانى ئەو کارە بدۆزینەوە و رووبەڕووی یاسایان بکەینەوە، هاوکات هەر لە بەیانیەوە بۆ نۆژەنکردنەوەى گۆڕەکان کاربکەین و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەی تایبەتمان پێکهێناوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە خەڵکانێک دەستیان داوەتە شێواندن و تێکدانی گۆڕی کەسایەتییە کریستیانەکانی سنورى کۆیە.

PUKMEDIA




ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket