riklam

هێرۆ خان.. حزبایەتی لە تەنگانەدا

بیروڕا 11:00 AM - 2026-03-09
 ستران عەبدوڵڵا PUKMEDIA

 ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵا

هێرۆ خان هاورێی ژیان و تێکۆشانی سەرۆک مام جەلالە، بۆیە رەهەندی تێکۆشانی سیاسیی وی مەعلومی هەموانە. بەڵام بەشی زۆری کارکردنی هێرۆخان لە رەهەندە فراوانەکەی سیاسەتی نیشتمانی و نەتەوەییدا تەرخانی کەلتوور و هونەر و میدیا و چالاکی کۆمەڵایەتی و پڕۆژە ستراتیژە مرۆڤدۆستانەکانی بوو.

حزبایەتی ئاشکرا و راستەوخۆی ئەو کاتە دەرکەوت و تۆخبۆوە کە لە سەردەمی تەنگژەکاندا هاتە سەرخەت و نەترسانە و بوێرانە داکۆکی لە یەکێتی و حزبایەتی راستەقینە کرد، بەتایبەتی ئەو کاتەی پیلانگێڕی گەورە لەسەر یەکێتیی تەنگی بە سیاسەت و کوردایەتی هەڵچنیبوو و ئینجا مام جەلال-یش بەهۆی نەخۆشییەوە لە پشووی  جەنگاوەریدا بوو، زۆر بوون ئەوانەی فاتیحایان بۆ نەمانی یەکێتی دەخوێند و زۆر مودەعی تێزی بەدیلی یەکێتی و مام جەلالیان دەخستە بازاڕەوە. جا ئەو کاتە هەبوون لە سامانی ماددی و مەعنەوی یەکێتیان دەخوارد و بە کاریان دەهێنا کەچی پێیان شەرم بوو ناوی یەکێتی بێنن یان دوو قسەی خێری بۆ بکەن، بە ناوی دیموکراتی و باقوبریقی ترەوە گاڵتەیان بە نەریتی حزبایەتی و شانازیی حزبییەوە دەکرد. گوایە حزبایەتی تەسک باوی نەماوە و شەرمە شەڕە پەرۆی بۆ بکەیت. 

ئا لەو تەنگانەدا هێرۆ خانی حریفی حزبایەتی و دڵسۆزی یەکێتی بوون دەرسی پێشکەشکرد و دەرکەوت. جگە لە داکۆکییە رەسەن و جەوهەرییەکانی لە بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی لە ئاماژە و ئاڵا و لۆگۆشدا هەمیشە سەربەرزی و سەرفرازی یەکێتی زەق دەکردەوە. جلی سەراپای سەوز و یەکێتیانەی دەپۆشی و تەنانەت ئۆتۆمبیل و کەرەستەکانی فلێکس و قەڵەمیشی سەوز دەکرد. زۆربەمان چالاکییەکانی ئەو کاتەی لە بیرە کە لە کەمپینی هەڵبژاردن و جۆش و خرۆشی جەماوەریدا ئەم جلوبەرگانەی دەپۆشی.

هێرۆ خان هیچ مەجبور نەبوو دوای ئەو مێژووە گەورەیەی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی و پێشمەرگایەتی خۆی و دوای ئەوەی هەموو یەکێتی بە دادە و خوشکی گەورە و مامۆژن بانگیان دەکرد و حورمەتی هاوشانی مام جەلال-ی هاوسەنگەری هەبوو، ئەم ئاماژە حزبیانە پەیڕەو بکات. بەڵام تینوتاوی کوردایەتی و تێگەیشتنی قووڵی لەسەر رۆڵی مێژوویی یەکێتیی و رۆڵی بەهاداری حزبایەتی لە تەنگژەکاندا ئەنگێزەی سەوز پۆشی و حزبایەتی بەرچاوی هەڤاڵ هێرۆ بوو.

ئەو لە تەنگژەدا خۆی لە ئەرکی سەرشان نەشاردەوە و ئازایانە و ژنانە و دادانە هاتە کۆڕی سەوزەوە. بەمەش دەرس و وانەیەکی مەزنی حزبایەتی نیشان داین کە لە تەنگژەدا بێیتە جواب و لە شێنەییدا  فراوانتر و نەتەوەیی بڕوانیت.

ئەم وێنەیەی هێرۆخان وێستگەی حزبایەتی ئازایانەی ئەو لە ناو یەکێتی و کوردایەتی دەردەخات.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket