riklam

دارایی عیراق سێ بانک بۆ دروستکردنی تەوتین دەستنیشان دەکات

کوردستان 04:35 PM - 2024-04-20
 ئئاڵای عیراق-دراوی عیراقی-ئاڵای کوردستان PUKMEDIA

ئئاڵای عیراق-دراوی عیراقی-ئاڵای کوردستان

مووچە هەرێم و بەغدا

وەزارەتی دارایی عیراق بە نووسراوی رەسمی کە رۆژی 7ی 4ی 2024 ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی لە بەغدا کردووە و ئیمزای تەیف سامی وەزیری دارایی لەسەرە، داوای کردووە، پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکەکانی رەشید، رافیدەین، بانکی بازرگانی عیراقی تەوتینیان بۆبکرێتەوە.

نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عیراق پشتبەستە بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، کە رۆژی 21ی 2ی 2024 لەبارەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە دەریکرد و بڕیاریدا مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکاندا تەوتینیان بۆبکرێتەوە، بۆئەمەش حکومەتی هەرێمی ناچار کرد کە داتا و زانیاری مووچەخۆرانی بۆ دارایی عیراق بنێرێت، هاوکات هەریەك لە سەرۆكوەزیرانی عیراق و هەرێمی پابەند کرد بە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هەروەها وەزارەتی دارایی عیراقی پابەند کرد بەدابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم.

هەرێم دەبێت داتا و زانیاری مووچەخۆران بۆ عیراق بنێرێت

سەباح شێخ حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "تەوتینی فەرمانبەرانی هەرێم، بڕیاری دادگای فیدراڵییە و یەکلابووەتەوە، وەزارەتی دارایی عیراقیش لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگادا، دەستیکردووە بە رێکارەکانی تەوتینی فەرمانبەرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکان".

"بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حکومەتی هەرێم پابەند دەکات کە داتا و زانیاری مووچەخۆرانی بۆ دارایی عیراق بنێرێت بەمەبەستی دروستکردنی تەوتین بۆ فەرمانبەرانی، هاوکات وەزارەتی دارایی داوای لە نوێنەرایەتی حکومەت لە بەغدا کردووە کە پێویستە تەوتینی مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکەکانی رەشید و رافیدەین و بانکی بازرگانی عیراقی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بکرێتەوە"، سەباح شێخ حەبیب وادەڵێت.

تەوتین لە رێگای بانکە حکومییەکانەوە دەبێت

 

لە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عیراقدا کە ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا کراوە تێیدا هاتووە، پێویستە حکومەتی هەرێم بە زوترین کات ناوی چواری، ساڵی لەدایکبوون، ناوی دایک، ژمارەی موباین، ناونیشانی نیشتەجێبوون، ژمارەی راژە، ئاڕاستەی دارایی بکات بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی تەوتین بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لەو بانکە حکومیانەی ئاماژەی پێداوە.
ئاماژە بەوەشدراوە دوای دروستکردنی تەوتین، مووچەخۆرانی هەرێم مانگانە مووچەکانیان دەچێتە سەر هەژمارەکەیان و دەتوانن لە نزیکترین شوێنی نیشتەجێبوونیان مووچەکانیان وەربگرن.


پێویستە هەرێم لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن


بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عیراق کە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، پێویستە هەرێم لەسەر ئەو بانکانەی بۆ تەوتین دیاریکراون لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن.

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند:" ئەرکی حکومەتی هەرێمە یان مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات، یان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات، لەئێستاشدا وەزیری دارایی عیراق لەسەر پرسی تەوتین نوسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کردووە، پێویستە حکومەتی هەرێم وەڵامی بداتەوە".

" لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەکەشمان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق، چەندین جار ئەوەی پشتڕاستکردەوە، کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ڕوونە و پێویستە پرۆسەی تەوتین لە بانکە حکومییەکان ئەنجام بدرێت، لە لایەکی دیکەشەوە حکومەتی هەرێم دەڵێت کە لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەماهەنگی هەیە، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا بگاتە رێککەوتن و کێشەکە چارەسەر بکات" جەمال کۆچەر وایوت.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق روونیشیکردەوە:"دوای تەواوکردنی رێکارەکانی بە نیشتمانیکردن لە هەرسێ بانکە حکومییەکە، ئەم بانکانە دەتوانن هەماهەنگی لەگەڵ ئەو بانک و دەروازە ئەهلییانەی لەلایەن بانکی ناوەندی عیراقییەوە مۆڵەتییان پێدراوە و لە هەرێمی کوردستان بەردەستن بکەن، تاوەکو فەرمانبەرانی هەرێم بتوانن مووچەکانیان لەو بانک و دەروازانە وەربگرن، کە دەیانەوێت بەخواستی خۆیان".

تەوتین چۆن دەکرێت؟

نوێنەرێکی فراکسیۆنی یەکێتی بەمەبەستی کردنەوەی لقی بانکەکانی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی کوردستان سەردانی بەڕێوەبەرانی هەردوو بانک دەکات و لەئەنجامی کۆبونەوەکان رێگاکانی کردنەوەی هەردوو لق دەخاتەروو.

د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشتر بە وێبسایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاندبوو: "سەردانی بانکەکانی رەشید و رافیدەینمان کرد بەمەبەستی کردنەوەی لقی هەردوو بانک لەهەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی هەردوو بانک بەڕێزان د. عەلی کەریم و محەمەد سەمیر کۆبوینەوە".

"کە دەرئەنجامی هەردوو کۆبونەوە و بەدواداچونەکانمان بەم شێوەیە بوو بۆ ئەنجامدانی تەوتین بۆ هاوڵاتیانی هەرێم راستەوخۆ تەنها بە ناردنی ـ ناوی چواری کەسەکە، ناوی  سیانی دایک، کارتی نیشتمانی، کارتی زانیاری، کە لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە، بانکەکان دەتوانن تەوتین بکەن، واتە پێویستی بە هاتنی هاووڵاتیان خۆیان نییە و دواتریش لەڕێگەی فەرمانگـەکانیانەوە کارتەکانیان بۆ دەنێردرێتەوە و هاوڵاتیان لە هەر ئامێرێکی ( ATM ) یاخود دەروازیەکی پارەدارکردن ئەتوانن موچەکانیان رابکێشن، هاوکات کردنەوەی لقەکانی بانکەکان بۆ کارئاسانی زیاتر و سودمەندبوونی هاوڵاتیانە لە خزمەتگوزارییەکان وەک قەرز بۆ کڕین یان دروست کردنی خانوو یان قەرز بۆ  پرۆژەی جۆراو جۆر و تەواوی خزمەتگوزاریەکانی تر"، د.بڕیار رەشید وایوت


لەچوارچێوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عیراقدا کە سەرۆکوەزیرانی عیراق و هەرێمی ناچار کرد بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، دارایی عیراق دەستی بە رێکارەکانی کردووە بۆ دروستکردنی تەوتین بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، لە نوێترین قۆناغیشیدا داوای لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی لە بەغدا کردووە کە زانیاریەکان لەسەر مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا بنێرێت تا تەوتینیان بۆبکرێت ئەویش تەنها لەرێگای بانکەکانی رەشید و رافیدەین و بانکی بازرگانی عیراقی.


PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket