riklam

له‌سه‌ر داوای یه‌كێتی لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکانی كه‌ركوك دەکرێت

کوردستان 11:28 AM - 2023-09-12
شاری کەرکوک لەکاتی پشێوییەکاندا PUKMEDIA

شاری کەرکوک لەکاتی پشێوییەکاندا

کەرکوک

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەئکید لەئارامی و پێکەوەژیان لەکەرکوک دەکاتەوە و لەبارەی رووداوە نەخوازراوەکانی چەند رۆژی رابردووی شارەکەش داوا لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەکات، بۆ لێکۆڵینەوە سەردانی کەرکوک بکەن و راستی رووداوەکان ئاشکرا بکەن.

لەوچوارچێوەیەشدا بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێکی ئەنجومەنی نوێنەران کە ١٥ پەرلەمانتار لە لیژنە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، سەردانی کەرکوک بکەن و لێکۆڵینەوە دەستپێبکەن.

15 په‌رله‌مانتاری عیراق ده‌چنه‌ كه‌ركوك

له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆك كۆمار 15 په‌رله‌مانتاری عیراق بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆخی شاره‌كه‌ سه‌ردانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن .

هه‌رێم كه‌مال ئاغا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ په‌رله‌مانی عیراق و ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" له‌سه‌ر راسپارده‌ی سه‌رۆك كۆماری عیراق و سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مان، 15 په‌رله‌مانتار كه‌له‌ لیژنه‌ جیاوازه‌كانن، ئه‌مڕ‌ۆ 12-9-2023 سه‌ردانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن".

"ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌یاندا ده‌چنه‌ پارێزگا و باره‌گای فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كان ده‌كه‌ن" هه‌رێم كه‌مال ئاغا وایوت.

تۆمەتباران روبەڕووی یاسا دەکرێنەوە

لەسەر داوای یەکێتی دوو وەفد لە بەغداوە بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوە نەخوازراوەکانی کەرکوک سەردانی شارەکە دەکەن و راپۆرتی خۆیان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن.

سەباح حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لەسەر پشکی کەرکوک بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "بڕیارە وەفدێکی وزاری حکومەتی عیراق و وەفدێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەبارەی رووداوەکانی رابردووی کەرکوکەوە سەردانی شارەکە بکەن کە بەهۆیەوە چوار گەنج شەهید کران و زیاتر لە 15 هاووڵاتیش برینداربوون".

"هەردوو وەفدەکە کەدێنە کەرکوک لەسەر داوای یەکێتی بووە و بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە رووداوە نەخوازراوەکانی کەرکوک دێنە شارەکە و ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە هەڵگیرساندنی ناکۆکییەکان و شەهیدکردن و بریندارکردنی هاووڵاتییان رووبەرووی یاسا دەکرێنەوە"، سەباح حەبیب وای وت.

سودانی: تاوانبارانی رشتنی خوێنی گه‌نجانی كه‌ركوك ده‌درێنه‌ دادگا

سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌باره‌ی ئاڵۆزییه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی كه‌ركوك ده‌ڵێت:" هه‌ركه‌سێك تێوه‌گلابێت له‌ رشتنی خوێنی گه‌نجانی كه‌ركوك ده‌درێته‌ دادگا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌فدێكی وزاری سه‌ردانی كه‌ركوك ده‌كات".

محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد:"كه‌ركوك ناونیشانی پێكه‌وه‌ژیانه‌ و ده‌بێت بپارێزرێت له‌ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی، هه‌ركه‌سێكیش تێوه‌گلابێت له‌ رشتنی خوێنی گه‌نجانی كه‌ركوك ده‌درێته‌ دادگا".


"ئه‌گه‌ر تێكدانی ئارامی كه‌ركوك بۆ ئه‌وه‌بێت هه‌ڵبژاردن لەشارەکەدا دوابكه‌وێت، هه‌رگیز ئه‌وه‌ روونادات، چونكه‌ كه‌ركوك له‌ساڵی 2005 وه‌ هه‌ڵبژاردنی تێدا نه‌كراوه‌و هه‌ڵبژاردن بۆ پێكه‌وژیانی ئه‌و شاره‌ زۆر گرنگه‌ " سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق وایوت.


یەکێتی راپۆرتێک پێشکەشی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات

لەسەر داوای یەکێتی وەفدێکی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت سەردانی کەرکوک دەکات و لەو رووداوانە دەکۆڵێتەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە شارەکە روویاندا و بەهۆیەوە چوار گەنج شەهیدبوون و ١٥ کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە وەک نوێنەری یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کرد رایگەیاند: " راپۆرتێکمان لەبارەی دۆخی کەرکوکەوە پێشکەش بە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد و ئەوانیش لەسەر داوای ئێمە بڕیاریاندا، وەفدێک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بنێرنە کەرکوک".

"یەکێتی تەئکید لەئارامی زیاتر و پێکەوە ژیان لە کەرکوک دەکاتەوە و رێگە نادات هیچ ئاڵۆزییەک کاریگەری لەسەر شارەکە دروستبکات، بەتایبەت لەئێستادا کەبەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق هەنگاو دەنێت"، ئاسۆ مامەند وایوت.


وەفدێکی پەرلەمان لەسەر داوای یەکێتی دێتە کەرکوک

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌سه‌ر داوای ئه‌ندامێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی لیژنه‌یه‌ك بۆ ده‌رخستنی ر‌استی رووداوه‌كانی كه‌ركوك و ئه‌شكه‌نجه‌دانی خۆپیشانده‌رانی كورد پێكهێنا و بڕیارە وەفدەکە ئەمڕۆ سەردانی کەرکوک بکات.

دیلان غه‌فور ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌سه‌ر پشكی كه‌ركوك به‌ سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند:" له‌ كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی ٩-٩-٢٠٢٣ی په‌رله‌ماندا داوای پێكھێنانی لیژنه‌ی ده‌رخستنی ڕ‌استییه‌كانم كرد، له‌بارەی شەهیدکردن و برینداربوون و ئه‌شكه‌نجه‌دانی خۆپیشانده‌رانی كورد له‌ كه‌ركوك و سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواكه‌می په‌سه‌ند كردو بڕ‌یاریدا به‌ پێكھێنانی لیژنه‌یه‌كی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەرکرد".

"به‌دواداچوون و چاودێریمان بۆ دۆخی كه‌ركوك و ڕ‌ووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت و سوورین له‌سه‌ر سزادانی ته‌قه‌كه‌ران و ئه‌وانه‌ی بوونە هۆکاری هەڵگیرساندنی ئاڵۆزییەکان و پێشێلکردنی مافی ھاووڵاتییانی كوردو خۆپیشانده‌ران "، دیلان غەفور وای وت.


هیومان رایتس وۆچ داوای لێپرسینه‌وه‌ له‌ بكه‌رانی ئاڵۆزییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات

ئەمەش لەکاتێکدایە رێكخراوی چاودێری مافه‌كانی مرۆڤ (هیومان رایتس وۆچ) له‌ نوێترین راپۆرتی دا كه‌ رۆژی 8-9-2023 له‌سه‌ر ئاڵۆزییه‌كانی كه‌ركوك بڵاویكردۆته‌وه‌ رایگەیاندووە: "گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی كه‌ركوك له‌سه‌ر باره‌گایه‌ك بووه‌ كه‌پێشتر باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌و له‌ رووداوه‌كانی ساڵی (2017) دا به‌هۆی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم جێی هێشتووه".‌

هەر لەراپۆرتەکەدا (هیومان رایتس وۆچ) ئاماژەی بەوەکردووە:" پێویسته‌ حكومه‌تی فیدراڵی هه‌نگاوی كرداری بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ بكه‌رانی تاوانی ئاڵۆزییه‌كانی كه‌ركوك بنێت و هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك به‌رپرسیاربێت له‌و رووداوانه‌ رووبه‌ڕ‌ووی یاسای بكاته‌وه‌".

پارتی دیموكراتی كوردستان ماوه‌ی شه‌ش ساڵه‌ خه‌ڵكی كه‌ركوكی جێهێشتووه‌و ئێستاش كه‌ بڕ‌یاره‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق ئه‌نجامبدرێت هه‌وڵی گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی بۆ شاره‌كه‌ ده‌دات، به‌ڵام پێش گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی بۆ كه‌ركوك ئاژاوه‌ی دروستكرد، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و شه‌ش ساڵه‌ی پارتی له‌ كه‌ركوك نه‌بووه‌ ئه‌و شاره‌ ئارام بووه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ له‌هه‌موو نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌و شاره‌دا كه‌ركوكییه‌كانی جێنه‌هێشتووه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراقیش داوای كرد حزبه‌ كوردستانییه‌كان یه‌ك لیستیان له‌كه‌ركوك هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین ده‌نگی كورد له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، به‌ڵام پارتی رێگربوو، له‌ئێستاشدا پارتی له‌نوێترین هه‌ڵوێستیدا به‌رامبه‌ر كه‌ركوكییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی باره‌گایه‌كی، ئاڵۆزی خسته‌ ناو شاره‌كه‌وه‌و به‌وهۆیه‌وه‌ چوار گه‌نجی شاره‌كه‌ شه‌هیدكران و زیاتر له‌ 15 هاووڵاتیش برینداربوون.

 

PUKMEDIA



ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket