riklam

ترەمپ هێرشەکان دوادەخات و ئێران داوای قەرەبوو دەکات

جیهان 10:51 AM - 2026-05-20
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆشکی سپی

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا

كۆماری ئیسلامی ئێران ئەمریكا

سەرۆکی ئەمریکا، لەمیانی چالاکیی ساڵانەی "گەشتی کۆنگرێس" لە کۆشکی سپی، لە وتارێکدا ڕایگەیاند: واشنتن لە زووترین کاتدا شەڕی لەگەڵ ئێران کۆتایی پێدەهێنێت و تەئکیدیشی کردەوە کە بە چەند مەرجێک ڕێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

مۆڵەتێکی سنووردار و ئامادەکاری بۆ هێرشی بەرفراوان

ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست لە 8ی نیساندا ــ دوای نزیکەی 40 ڕۆژ لەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتدا دەستیان پێکردبوو ــ پەیوەندییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوامن، بەڵام پێگەی واشنتن و تاران، بەتایبەت لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی، هێشتا زۆر لە یەکترەوە دوورن.

پێش وتارەکەش، ترەمپ هۆشداری دابوو لەوەی ئەمریکا هێرشێکی نوێ دەکاتە سەر ئێران؛ ئەمەش دوای ئەوەی ئاشکرای کرد کە هێرشێکی بەرفراوانی ڕاگرتووە بۆ ڕەخساندنی دەرفەت بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێوە دەزانن دانوستان لەگەڵ دەوڵەتێکدا چۆنە کاتێک بە توندی شکستت پێهێناون، ئەوان دێنە سەر مێزی دانوستان و دەپاڕێنەوە بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێک. هیوادارم ناچار نەبین دووبارە بچینەوە ناو شەڕ، بەڵام ڕەنگە ناچار بین لێدانێکی گەورەی نوێیان لێبدەین، هێشتا دڵنیا نیم."

هاوكات، ترەمپ ڕایگەیاند: کە هێرشە نوێیەکەی سەر ئێرانی لە دواساتدا و لەسەر داوای سەرکردەکانی سعوودیە، ئیمارات و قەتەر دواخستووە. هاوکات دووپاتی کردەوە کە "دەرفەتێکی زۆر باش" بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران هەیە، بەڵام ڕوونی کردەوە کە ڕێنمایی داوە بە سوپای ئەمریکا بۆ "ئامادەکاری بەمەبەستی دەستپێکردنی هێرشێکی تەواو و بەرفراوان بۆ سەر ئێران لە هەر ساتێکدا" ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت.

هەڕەشەی ئێران بۆ کردنەوەی "بەرەی نوێ"


لە بەرامبەردا، محەمەد ئەکرەمی نیا، وتەبێژی سوپای ئێران هۆشداری دا کە کۆماری ئیسلامی "بەرەی نوێ" دژی ئەمریکا دەکاتەوە ئەگەر هێرشەکانی دەستپێبکاتەوە، و جەختی کردەوە کە سوپای ئێران مامەڵە لەگەڵ ماوەی ئاگربەستدا وەک قۆناغێکی شەڕ دەکات و ئەم دەرفەتەی بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەکارهێناوە.

مەرجەکانی ئەمریکا و داواکارییەکانی تاران

لەلایەکی تریشەوە، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، واشنتن پێنج خاڵی خستووەتەڕوو کە تێیدا داوا دەکات ئێران تەنیا یەک دامەزراوەی ئەتۆمی بهێڵێتەوە و کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی بگوازێتەوە بۆ ئەمریکا. هەروەها واشنتن ڕەتیکردووەتەوە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە تەنانەت بە ڕێژەی 25%یش ئازاد بکات، یان هیچ قەرەبوویەکی زیانەکانی ئێران لە کاتی شەڕدا بداتەوە، بەڵام ئێران سوورە لەسەر داواکارییەکانی، لەوانە: ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکان، هەڵگرتنی سزاکان، و پێدانی قەرەبووی شەڕ.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە وەفدی دانوستانکاری ئێرانی بڵاویکردەوە، بەپێچەوانەی دەقەکانی پێشوو، ئەمریکا لە دەقێکی نوێدا ڕەزامەندیی نیشانداوە لەسەر هەڵپەساردنی سزاکانی سەر نەوتی ئێران لە ماوەی دانوستانەکاندا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket