riklam

کوردایەتی واتا حزبایەتی

بیروڕا 03:27 PM - 2026-05-11
ستران عەبدوڵڵا PUKMEDIA

ستران عەبدوڵڵا

بیروڕا ستران عەبدوڵا

بەشی حەوتەم

بەڵێ راستە گۆڕانی بابەتی کە فاکتەری دەرەوەی حزبن و سوننەتی ژیان ئەم ئاڵوگۆڕە فەرز دەکات و حزبیش، وەک دیاردەیەکی ناو کۆمەڵ، بۆ مانەوە و گەشەی خۆی و داهاتووی بزووتنەوەکەش دەبێ بەرخوردی ئەرێنی لەگەڵدا هەبێت، بەڵام ئەمە سوننەتی ژیانە بۆ ئەوەی بە تەندروستییەکی باشەوە بێتە ناو جەستەی حزبەوە، دەبێ سوننەتی حزبایەتییەکی زیندوو، میکانیزمێکی کارا و نەرم و نیانی تێدا جێبەجێ بکرێت، لێرەوەیە رەسەنایەتی و میکانیزمی حزب دەوری کارامە دەگێڕێت.

حزب لە مێژووی دوورودرێژی خۆیدا چەند جار گۆڕانکاریی کردووە و جوابی پرسیارەکانی سەردەمە جیاجیاکانی داوەتەوە؟ لە کوێوە و بەپێی چی ئەم پرۆسەیە دەبات بەڕێوە؟

ئەگەرچی رێوشوێنەکانی ئەمە لە حزبێکەوە بۆ حزبێکی تر و وەکو باسمان کرد، بە گوێرەی یادەوەرەی و نەریتی حزب دەگۆڕێت، بەڵام رێوشوێنی زێڕین تەنانەت بۆ حزبی دێرینیش سەرلەنوێ سەنگەربەندی و دابەشبوونەوەی ئەرک و فەرمانەکانە، بە گوێرەی خەریتەی حزب و دامەزراوەکانی، یاخود وەک چەمکە سەربازییەکە دەڵێ (أعادة التموضع و أعادة الانتشار) سەرلەنوێ سەنگەربەندی و سەرلەنوێ دابەشبوون و دابەشکردن، دامەزراوەکانی حزبی زیتەڵ و زیندوو، هێز دەداتە ئۆرگانەکانی جێبەجێکردن لەڕێی پێسپاردنی ئەرک بە هەڤاڵە چالاک و چوست و نوێ و گەنجەکان، ئۆرگانەکانی چاودێری و بیرکردنەوە و پاراستنی یادەوەری و پرەنسیبە سەرەکییەکانی حزبیش بە تێکۆشەرانی دێرین دەسپێرێت.

ئەمە لە سەرنجی یەکەمەوە ئاسانە و لە زەمینی واقیع ئاڵۆز و بە گرفتە، چونکە ئۆرگانەکان وەک مرۆڤەکان وان و وەک چیرۆکەکانی ژیان وان، واتا ناوبانگ و پرەنسیبیان پەیوەستە بە ناوەڕۆک و کارایی و کارپێکردن و سەنگی فیعلییەوە، ناونیشانە ‏حزبییەکان و ناوی ئۆرگانە جیاجیاکان پەیوەستن بە کردار و کارپێکردنەوە، ئەمە ‏بە هەمان شێوە بۆ دامەزراوەکانی جێبەجێکردن و رۆڵ و سەنگیان لەناو حزب لەلایەک و دامەزراوەکانی راوێژ و بیرکردنەوە  و بڕیار و سیاسەت داڕشتنەوە لە‏لایەکی ترەوە، ئەزموونی حزب خۆی تاریفی خۆی دەکات کە داخۆ دامەزراوەکانی ‏پێکەوە و وەکو گشت کاران یان هەندێکیان ئیفلیجن، یان ئیفلیج کراون، یاخود ‏چۆن هەڵسوڕاون؟

لەبەر ئەوەیە بۆ هەر حزبێک کە دامەزراوە، یان ئۆرگانی نوێ پێکدێنێت، ئەبێ لە ‏چەند قۆناغێکی سەرەتاییدا باشترینەکانی خۆی بۆ ئەوانە تەرخان بکات، تا ناوەڕۆکیان پڕ بێت و ناو و ‏ناوبانگیان یارمەتیدەری گەشە و مانەوەیان بێت.‏

پرەنسیبی سەرلەنوێ سەنگەربەندی و سەرلەنوێ دابەشکردن و دابەشبوونەوە بۆ ‏حزبی چالاک و چۆنایەتی بە کردەوە، زۆر ئاسانکاری بۆ چارەسەری (ململانێی ‏نەوەکان) و (ململانێی دێرین و نوێ) دەکات، جا لە رێی کۆنگرە بێت یان لە رێی ‏کۆبوونەوەی فراوان و بڕیاری تەخویلکراو  و پێسپێردراوی حزبەوە بێت.‏

‏ سەرلەنوێ بڵاوەپێکردن و ئاڵوگۆڕی شوێن زۆر گرنگە و زۆر یارمەتیدەری ‏نوێبوونەوەی حزب دەدات، دەبێتە دەرفەتێک بۆ پاراستنی تەواوی توانا و وزەکانی حزب ‏و پاراستنی جێگە و پێگە و ئایندەی هەڤاڵەکان لە هەموو ئاستەکانی تەمەن و ‏ناونیشانی کارکردندا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket