riklam

چین پڕۆگرامێکی نوێ بۆ چاودێریی ئەخلاقیاتی ژیریی دەستکرد رادەگەیەنێت

هەواڵ 11:01 PM - 2026-05-10
تەکنەلۆژیای AI ميدياكان

تەکنەلۆژیای AI

جیهانى

حکومەتی چین بە رەسمی دەستپێکردنی پڕۆگرامێکی تاقیکاریی بۆ پشکنین و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی ئەخلاقیاتی ژیریی دەستکرد ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، کە نیگەرانییەکان لەسەر مەترسییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە لە جیهاندا ڕووی لە زیادبوونە.

وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای زانیاری چین لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆگرامە، سنووردارکردنی ئەو زیانانەیە کەڕەنگە لە ئەنجامی گەشەی خێرای ژیریی دەستکردەوە دروستبن، لەوانە جیاکاریی ئالگۆریتمی و رێگرییکردن لەوەی سیستەمە زیرەکەکان بڕیاری نادادپەروەرانە دژی گروپ یان ڕەگەزێکی دیاریکراو بدەن، هەروەها بڕگەیەکی دیکەی کەمکردنەوەی کاریگەرییە دەروونییەکانی ژیریی دەستکردە لەسەر بەکارهێنەران، بە تایبەت ئەو پەیوەندییە سۆزدارییە مەترسیدارانەی کە ڕەنگە مێردمنداڵان لەگەڵ ڕۆبۆت و یاریدەدەرە زیرەکەکاندا دروستی بکەن.

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا دەخرێنە ژێر چاودێرییەکی توندەوە و پشکنینی خولیان بۆ دەکرێت و پڕۆژە پێشەنگەکانی ژیریی دەستکرد دەبێت هەموو شەش بۆ دوانزە مانگ جارێک پشکنینی ئەخلاقییان بۆ بکرێتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی لە ڕێڕەوی خۆیان دەرنەچوون، هەروەها حکومەت چەند سەنتەرێکی تایبەتی کردووەتەوە بۆ هاوکاریکردنی کۆمپانیا نوێیەکان  تا بتوانن لە کاتی گەشەپێدانی بەرهەمەکانیاندا، ڕەچاوی ستانداردە ئەخلاقییەکان بکەن.

شارەزایان پێیان وایە چین دەیەوێت ببێتە پێشەنگ لە داڕشتنی یاساکانی ژیریی دەستکرد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ئەم پڕۆگرامە تاقیکارییە سەرەتا لە شارە گەورەکانی وەک پەکین و شەنگەهای جێبەجێ دەکرێت و بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026 ببێتە ستانداردێکی نیشتمانی بۆ هەموو وڵات.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە لە ساڵی ڕابردوودا بەکارهێنانی هاوڕێی دەستکرد و سیستەمە سۆزدارییەکان لە ناو گەنجانی چیندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، ئەمەش وای کرد دەسەڵاتداران پەنا بۆ داڕشتنی یاسای توندتر بەرن بۆ پاراستنی تەندروستی دەروونی کۆمەڵگە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket