لە كتێب و بەڵگەكانی جیهان چۆن باسی كۆمەڵكوژی قەڵادزێ كراوە؟
کوردستان 10:01 AM - 2026-04-24
ئەرشیف
کۆمەڵکوژى قەڵادزێ
لە کاتێکدا زۆرینەی مێژوونووسان پێیان وایە کۆمەڵکوژیی قەڵادزێ لە
ساڵی 1974 دا لە میدیا جیهانییەکاندا بێدەنگی لێ کراوە، بەڵام گەڕان بەناو
ئەرشیفەکانی کۆنگرێس و ناوەندە توێژینەوە نێودەوڵەتییەکاندا پێمان دەڵێت کە
دڕندەیی رژێمی بەعس لەو شارەدا، شوێنپەنجەی گەورەی لە بەڵگەنامە رەسمییەکاندا
بەجێهێشتووە و لەم راپۆرتەدا، رەهەندەکانی ئەو کارەساتە لە دیدی کتێبخانە
جیهانییەکانەوە دەخەینەڕوو.
هەمیشە وتوومانە و دووبارەمان كردووەتەوە، كە تەنها چیاكان دۆستی كوردن، بەڵام فەرهەنگێكی رەشبینی لەمجۆرە
بەتەواوەتی راست نیە، چونكە لە زۆر وێستگەی مێژوودا، دەوڵەتان لەبەرئەوەی خاوەن بەرژەوەندی
و ستراتیژی تایبەت بوون، لەوانەیە پشتیان كردبێتە بزووتنەوەی سیاسی كوردستان و نەتەوەی
كوردیان كردبێتە قوربانی بەرژەوەندی، بەڵام لەناو ئەو نەتەوە و دەوڵەتانە دۆستی زۆر
و مرۆڤپەروەری زۆر پشتیوانی كوردیان كردووە، یان هەر نەبێت خەمەكانیان گواستوەتەوە
بۆ جیهان و رای گشتی.
كارەساتی قەڵادزێ و بۆردومانكردنی بە چەكی قەدەغەكراوی
ناپاڵم لەلایەن رژێمی عیراقەوە، لەناو میدیای جیهانیدا دەنگدانەوەی ئەوتۆی بەجێنەهێشت
و ئەرشیف و سەرچاوەیەكی ئەوتۆ لەبارەی كارەساتەكە لە بەردەست نیە، بەڵام بە گەڕان
بە ناو بەستەرەكانی ئینتەرنێت و كتێبخانە و ئەرشیفدا بەشێك لە كتێب و سەرچاوە جیاجیاكانی
جیهان ئاماژەیان بە كارەساتەكە داوە، لەم راپۆرتەدا سەرنجتان بۆ بەشێك لە پەرەگرافی
كتێبی ئەو نووسەر و بەڵگانە رادەكێشین كە لەو بارەوە تۆماركراون.
Congressional Record
لەلاپەڕەی (20488) تۆمارەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكا
لە (23) سێپتەمبەری ساڵی (1977) نووسراوە "قەڵادزێ كە ژمارەی دانیشتووانەكەی
بیست هەزار كەس دەبێت لەلایەن دەسەڵاتی بەغدادەوە بە توندی بۆردومانكراوە و (131)
هاووڵاتیی مەدەنی كوژراون و زیاتر لە (300) كەس برینداربوون، ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی
بەغداد نكوڵی لەوە دەكەن كە خەڵكی سڤیلیان بە ئامانج گرتبێت، بەڵام ژمارەكان كە بە
بەرپرسانی ئەمەریكا گەیشتووە دوپاتی دەكەنەوە زۆربەی قوربانییەكان خەڵکى مەدەنی
بوون و لەناویاندا مامۆستا و خوێندكاری زانكۆ هەیە".
Iraq: Sanctions And Beyond
ئەنتۆنی ئێچ کۆردسمان شرۆڤەکاری ئاسایشی نیشتمانی
ئەمریکی بوو، لە سەنتەرە بەناوبانگەكانی توێژینەوەی جیهانیی ئەندام و ناوێكی كاریگەر
بووە و زۆر بایەخی بە پرسەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە، لە كتێبەكەی (Iraq: Sanctions And Beyond)
كە لە ساڵی (1997) نووسیوویەتی ئاماژە بەوە دەكات، كە لەو قۆناغەی ململانێی كورد لەگەڵ
حكومەتی ناوەندی بەتایبەت لە ساڵی (1974) گەیشتە ترۆپك و وایكرد پێشمەرگە و سەركردایەتی
بزوتنەوەی سیاسی كوردی روو لە چیاكان بكەن و چەند ناوچەیەكی ئازادكراو لەژێر دەست
و دەسەڵاتی كوردەكان مایەوە، تا ئەو رۆژەی سوپای ئاسمانی عیراق بۆردومانێكی خەستی
قەڵادزێی كرد و ژمارەیەكی زۆر خەڵكی بێتاوان بوونە قوربانی و لەناوچوون، ئەمەش
ئاراستەی روداوەكانی بە تەواوی گۆڕی و جەنگی بەرزكردەوە بۆ ئاستێكی مەترسیدار".
The Kurds
مارتین شۆرت ریپۆرتەری بەناوبانگی بەریتانی لە كتێبەكەیدا
كە لە ساڵی (1981) چاپ و بڵاویكردوەتەوە، لە بارەی كارەساتی قەڵادزێ نووسیوویەتی
"ساڵی (1974) لە بۆردومانێكدا بۆ سەر قەڵادزێ (131) هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان
سپارد و كوژران و زیاتر لە (300) كەسیش برینداربوون، دوای دوو رۆژ لەو كارەساتەش لە
هەڵەبجە (42) هاووڵاتیی مەدەنی كوژراون و (100) كەس برینداربوون، ئەم لەشكركێشیە
ئاسمانییە بۆ سەر شارۆچكەیەكی بچووك نیشانەیەكی مەترسیدار بوو لە گۆڕانی ئاراستەكانی
جەنگ و خەڵكی ناوچەكە و شۆڕش بە تەنها مایەوە و نەیتوانی لەبەرامبەر ئەو هێزەی
سوپای عیراق خۆی بگرێت".
Know the Kurds Series
ئەم كتێبە لە ساڵی (1974) نووسراوە و لە پەرەگرافێكی
دیاریكراودا سەبارەت بە سەركێشیەكانی رژێمی بەغداد لەسەر كورد و پێكهاتەكانی تری عیراق،
دەنووسێت "هێزە ئەمنیەكانی عیراق دەستبەرداری توندوتیژی و بەكارهێنانی هێز
نابن و تەنها لەماوەیەكی كەمدا چوونە ناو دەڤەری دوزخورماتوو لە ناوچەی کەرکوک و هەشت
هاووڵاتیی كورد و تورکمانیان كوشتووە و هەندێك كەسیش چارەنووسیان نادیارە، بەڵام
كارەساتی گەورەتر خاپوركردنی قەڵادزێیە كە دانیشتوانەكەی بیست هەزار كەس دەبن و لە
بۆردومانێكی گەورەدا نزیك بە (200) هاووڵاتیی سڤیل دەكوژن و شارەكەش خەڵتانی خوێن
دەكەن.
Saddam's Iraq: Revolution Or Reaction
لیژنەی دژ بە سەرکوت بۆ مافە دیموکراسییەکان لە عیراق،
لە راپۆرتێكدا، كە لە ساڵی (1989) بڵاویكردوەتەوە سەرلەبەری مێژووی كارەسات و
روداوە جەرگبڕەكانی باشووری كوردستان دەگێڕێتەوە، كە لەماوەی حكومڕانیەكەی بەسەر خەڵكی
كوردستانیدا هێناوە، لەناوەڕۆكی راپۆرتەكەدا و سەبارەت بە كارەساتی بۆردومانكردنی
شاری قەڵادزێ و راگواستنی ئەو شارە دەنووسێت "ناوەڕاستی حەفتاكان، ئاستی شەڕ
و بەیەكدادانی سەربازیی گەیشتە لوتكە و لەكۆتایی مانگی نیساندا، سوپای ئاسمانی عیراق
لە یەك كاتدا قەڵادزێ و هەڵەبجە و گەڵاڵەی بە چەكی قەدەغەكراو بۆردومان كرد و ژمارەیەكی
زۆر هاووڵاتیی بێ تاوانی شەهیدكرد و لەناوبرد، ئەو تاوانە وایكرد ژمارەیەكی زۆر لە
دانیشتووانی قەڵادزێ، سەر بە پارێزگای سلێمانی ئاوارە و دەربەدەری ئێران بن و ناوچەكانیان
چۆڵ بكەن".
ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان لە
راپۆرتێكدا كە لەمانگی ئایاری (1974) تۆماریكردووە و بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات
كە زیادبوونی بارگرژییە سیاسی و چەكدارییەكانی نێوان حكومەتی عیراق و چەكدارانی
كورد پێی ناوەتە قۆناغێكی سەختەوە و گەڕانەوەی بۆ نییە، لە ئەنجامی هێرشی نابەرامبەری
سوپای ئاسمانی عیراق بۆ سەر شارۆچكەی قەڵادزی زانكۆ و قوتابخانە و نەخۆشخانە و هاووڵاتییانی
سڤیل روبەڕووی مەرگ و كارەساتێكی گەورە بوونەوە و نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی لیژنە
تایبەتمەندەكانەوە چاودێرییەكی ووردی دۆخی مافی مرۆڤ دەكات و بەووردی لە هەنگاوەكانی
دواتری بەرزبوونەوەی توندوتیژییەكان دەڕوانێت.
فیلیپ بۆلانگەر رۆژنامەنووسی فەرەنسی لە كتێبێكدا
لە ژێر ناونیشانی (جیۆپۆلەتیکی کورد) نووسیوویەتی لە گێڕانەوە و هەڵسەنگاندنی
روداوەكانی ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی رابردوو دەربارەی قەڵادزێ و ناوچەی پشدەر
نووسیویەتی "حكومەتی عیراق بەهێز و خاوەن چەك و هێزی ئاسمانی گەورە بوو، كوردەكان
لەو رۆژگارەدا كە لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی بەغداد وەستابوونەوە، نەیاندەتوانی بەرگەی
هێزی ئاسمانی عیراق بگرن، چونكە دژە فڕۆكە و تانكیان نەبوو، بۆیە بەشێوەیەكی ئاسایی
سوپاكەی بەغداد بەسەر ئاسمانی قەڵادزێ و رواندوز و ناوچەكانی دیكەدا دەسوڕایەوە و
هەر شوێنێكی ویستبا بۆردومانی دەكرد، هەر ئەوەش لە ساڵی 1974رویداو ژمارەیەكی زۆر
هاووڵاتیی كرد بە قوربانی.
The New Yorker
زە نیو ۆركەر لە بەرگی (156) و لە لاپەڕەی (1872)
كە لە ساڵی (1980) دەرچووە، لە بارەی قەڵادزێ و روداوەكانیەوە، دەنووسێت "قەڵادزێ
لە خاكی كوردەكانی عیراق بەپێی گێڕانەوەكانی نیوزۆم، كە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی
ئەمەریكا بوو بۆ ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەداوە، كە دۆخی عیراق بە
تەواوی بەسەریەكدا ئاڵۆزكاوە و ناكۆكی و بەریەككەوتنەكان گەیشتونەتە ئاستێكی مەترسیدار،
چەكدارە كوردەكان(پێشمەرگە) هیچ پشتیوانیەكی نێودەوڵەتیان نەماوە و ویلایەتە یەكگرتووەكانی
ئەمەریكا و ئێرانی هاوپەیمان پشتگیریی ناكەن و ئەمەش لەبەرامبەر حكومەتی عیراق
لاوازیكردوون، ئەگەر روداوەكانی شارۆچكەی قەڵادزێ، كە زیاتر لە 200 هاووڵاتیی
كوژراون بەردەوام بێت، خەباتی چەكداری كوردەكان مایەپوچ دەبێت".
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
مەکتەبی سکرتارییەت دوو کەسایەتی دیاری دەڤەری راپەڕین بەسەردەکەنەوە
11:25 PM - 2026-06-03 -
ئامەدسپۆر خانمێکی کورد لە کازاخستانەوە دەخاتە ناو دەستەی کارگێڕییەوە
10:55 PM - 2026-06-03 -
بوومەلەرزەیەک شاری مەرەشی لە باکوری کوردستان هەژاند
05:31 PM - 2026-06-03 -
لەلەندەن رۆمانێك لەبارەی جینۆسایدی كوردەوە بڵاودەكرێتەوە
04:59 PM - 2026-06-03
ئەمانەش ببینە
کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم دەست بەکارکردن دەکەنەوە
06:40 PM - 2026-06-03
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
03:47 PM - 2026-06-03
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
02:27 PM - 2026-06-03
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
11:46 AM - 2026-06-03
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆکوەزیرانی عیراق لیژنەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک پێکدەهێنرێت
عیراق 04:13 PM - 2026-06-03 -
لە دامەزراوەی ڤیژن جەخت لە بەهێزکردنی سیستمی فیدراڵی عیراق کرایەوە
کوردستان 03:47 PM - 2026-06-03 -
رزگار جاسەنەیی: تادوا هەناسە پێشمەرگەی كوردو یەكێتیم
ی ن ک 02:50 PM - 2026-06-03 -
عەمار حەکیم: کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت ئەنجام دەدرێت
عیراق 02:27 PM - 2026-06-03 -
کوردایەتی واتا حزبایەتی
بیروڕا 11:47 AM - 2026-06-03 -
سبەینێ پێنجشەممە لە هەرێمی کوردستان پشووی رەسمیی دەبێت
کوردستان 11:46 AM - 2026-06-03 -
دووەمین کۆڕبەندی دێلفی بەچاودێری قوباد تاڵەبانی لەسلێمانی دەبەسترێت
کوردستان 10:08 AM - 2026-06-03 -
ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 10:03 AM - 2026-06-03



.png)
.png)
.png)

دابەزێنە

