مێژووی رۆژنامەی كوردستان
کوردستان 08:53 AM - 2026-04-22
PUKMEDIA
رۆژنامەی کوردستان
128ساڵ لەمەوبەر رۆژنامەی كوردستان وەك یەكەم رۆژنامەی كوردی دەرچوو، هەرئەوەش بووە هەوێنی لەدایكبوونی سەدان رۆژنامە و كەناڵی راگەیاندن لە هەر چوار پارچەی كوردستان.
دوای تێكچوونی شۆڕشی بەدرخانیەكان لە ساڵی 1847دا، دەوڵەتی عوسمانی بەدرخانیەكانی لە هەرێمی بۆتانی باكوری كوردستانەوە بۆ ئەستەنبۆڵ و میسر و یۆنان و چەند وڵات و دوورگەیەكی دیكە دوورخستەوە و بەمشێوەیە ئەم بنەماڵە شۆڕشگێڕەی كورد پەرش و بڵاوبوونەوە.
لەبەر بێ دەرەتانی لە بواری شۆڕشی چەكداریدا، میقداد مەدحەت بەدرخان بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی نەتەوەیی، رێگایەكی دیكەی تاقیكردەوە. ئەویش خزمەتكردنی كلتور و زمان و ناساندنی مێژووی نەتەوەی كورد بوو لەڕێی كاری رۆژنامەگەرییەوە.
میقداد مەدحەت بەدرخان لە یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستان دا دەڵێت: "من رۆژنامەیەكم بە ناوی كوردستان دەركرد، ئامانجم لەم كارە ئەوەیە كە گەلی كورد لە بوارەكانی كلتوری، سیاسی، زمان، ئابوری و زانستەوە هۆشیار بكەمەوە".
رۆژنامەی كوردستان سەردەمی خۆی لەڕووی هزری نەتەوەییەوە رۆلێكی بەرچاوی بینی و هەر چەندە بە زمانی كوردی – كورمانجی دەردەكرا، بەڵام لەڕووی داڕشتن و رێزمانی كوردییەوە زۆر پێشكەوتوو نەبوو، بەڵام بەو دەرفەتە كەمە و سەرباری فشارەكانی دەوڵەتی عوسمانی تا 19ـی نیسانی 1909بەردەوام بوو و دواتر لەلایەن دەولەتی عوسمانیەوە داخرا.
رۆژنامەی كوردستان و ژمارەیەكی دیكەی رۆژنامەی كوردی لەو ساڵانەدا دەركران و هەموویان بە پیتی "ئارامی" بابەتەكانیان بڵاودەكردەوە و زۆربەشیان لەلایەن ئەندامانی خانەوادەی بەدرخانیەكان بەڕێوەدەبران.
رۆژنامەی كوردستان، یەكەم رۆژنامەی كوردییە، كە یەكەم ژمارەی لە 22ـی نیسانی ساڵی 1898لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان و جەلادەت بەدرخان لە قاھیرەی پایتەختی میسر چاپكرا، ئەمەش وەرچەرخانێكی رۆشنگەریی لە كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا و بووە دەستپێكی قۆناغی رۆژنامەگەریی لە كوردستان، ئەمڕۆش 128ساڵی تەواو بەسەر دەركردنی یەكەم ژمارەی ئەو رۆژنامەیە تێپەڕدەبێت.
قۆناغەكانی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستان
رۆژنامەی كوردستان لەنێوان ساڵانی 1898تا 1902ز، 31 ژمارەی لە چەند شوێنێكی جیاواز لێ دەركرا، لە ژمارە ١ تا ٥ لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەخۆشكەوتنی میقداد مەدحەت بەدرخان و فشاری دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە، میقداد بەدرخان لێپرسراوێتی دەركردنی رۆژنامەی كوردستان-ی خستە ئەستۆی عەبدولڕەحمان بەدرخان-ی برای و لە ژمارە ٥ بەدواوە لە لایەن براكەیەوە دەرچوو.
لە ژمارە 6 تا 19 لە ژنێفی پایتەختی سویسرا، هەروەها لە ژمارە 20 تا 23 دووبارە لە قاهیرە، ژمارە 24ـیش لە لەندەن و ژمارە 25ـیش دووجار دەرچووە، یەكەمیان لە شاری لەندەن و دووەمیشیان لە شاری فۆكستۆن هەر لە بەریتانیا، وە ژمارە 26 - 29 لە شاری فۆكستۆن، ژمارەكانی 30 و 31 لە ژنێف دەرچووەتەوە
بۆچی رۆژنامەكە لە میسر دەرچوو؟
بۆ دەركردنی رۆژنامەی كوردستان، میقداد مەدحەت بەدرخان چووە میسر، چونكە لەو سەردەمەدا هیچ هێزو دەسەڵاتێك نەبوو پشتگیری لە كورد بكات، لەو سەردەمەدا میسر لە دەسەڵاتی عوسمانییەكانی یاخیبوو، ئازادی لەو وڵاتەدا بوونی هەبوو، هەربۆیە بنەماڵەی بەدرخانییەكان قاهیرەیان بە شوێنێكی گونجاو زانی بۆ دەركردنی رۆژنامەكەیان، بەڵام كاتێك دەوڵەتی عوسمانی پێیزانین، رۆژنامەكە چووە ئەوروپا.
یەكەمین رۆژنامەی ئەهلی بووە
دەربارەی ئاڕاستەو هێڵی كاركردنی رۆژنامەی كوردستان-ی دایك بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێك پێیوایە رۆژنامەكە ئۆرگانی (حزبی ئیتیحادو تەرەقی) بووە، هەندێكی تریش پێیانوایە (بە یارمەتی لایەنی ماسۆنی و ئەرمەنی دەرچووە)، بۆچوونی تریش هەیە كە دەڵێت: "رۆژنامەكە پشتگیری ئینگلیزی هەبووە".
پاراستنی شوناس و زمان و كلتووری كوردی
ئەگەرچی لە رووی مێژووی دەرچواندنی یەكەمین رۆژنامەوە كەمێك دوای ئەو وڵاتانەی دەوروبەرمانین، بەڵام لەڕووی شوناس و تایبەتمەندیی سەربەخۆیی رۆژنامەكە، چەند هەنگاوێك پێش ئەوان كەوتووین، ئەوەتا دەبینین یەكەمین رۆژنامە بەزمانی توركی (تەقویمی وەقایع) لە 1832، یەكەمین رۆژنامە بە زمانی فارسی لە ئێراندا (كاغژ اخبار) لە 1851 و یەكەمین رۆژنامەش لە عیراقدا (زەورا) لە 1869 دەرچووە، كە هەرسێكیشیان بەپێچەوانەی (كوردستان)ـەوە، رۆژنامەی رەسمی بوون و زمانحاڵی دەسەڵات بوون.
دروشمی رۆژنامەكە
لە ژمارە شەشی رۆژنامەی كوردستان-ەوە عەبدولڕەحمان بەدرخان بووەتە سەرنووسەرو لە ساڵی 1899 لە جنێف بڵاوكرایەوە، لێرەوە نووسین و شێوازی رۆژنامەكە گۆڕا، دروشمی رۆژنامەكەش لە ژمارە یەكەوە تا دوایین ژمارە بریتیبوو لە (كردلی ایقاێ وتحێیل ێنایعە تشویق هانی، ایچون شدمیلك) واتە (كوردان راپەڕین بەرپابكەن و هونەرو زانست فێر بن).
رۆژنامەی كوردستان لەچی پێكهاتبوو؟
رۆژنامەی كوردستان ئەگەرچی سەرجەمی ژمارەكانی دوور لە زێدی خۆی دەردەكراو پێویستی بەپارەیەكی باش، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو ئەوەبوو كە رۆژنامەكە بەزمانی كوردی و بە پیتی عەرەبی بەشێوەیەكی كامڵ دەرچووە، لەلاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەكەدا نوسراوە"هر جار دوو هزار جریدە، ارای ریكم كوردستانی بێ برە بدەن خلكی"، بەواتای ئەوەی "هەر جارەی دوو هەزار تیراژی لێ بنێردرێت بۆ كوردستان و بەبێ پارەدا بدرێتە خەڵكی".
هەر لە لاپەڕەی یەكەمدا، ناوی رۆژنامەكەو خاوەن ئیمتیازو بەڕێوەبەری رۆژنامەكە بە رێنوسێكی گەورە نووسراوەو لەگەڵ ئاماژەكردن بە بەرواری دەرچوونی ژمارەكەی، لەناو رۆژنامەكەدا چەندین بابەتی ئەدەبی و رووناكبیری ئەو سەردەمە بڵاوكراوەتەوە و بەزمانی كوردی كرمانجی بابەتەكانی نووسراوە و دوای چاپكردنیشی لە رێگەی دیمەشقی پایتەختی سوریاوە تیراژی لێ نێردراوە كوردستان و بەسەر خوێنەرندا دابەشكراوە.
میقداد مەدحەت بەدرخان كێیە؟
میقداد مەدحەت بەدرخان كوڕی میر بەدرخان پاشای میری بۆتانە، بەپێی مێژوو نووسان و ئەدیبان ئەو ناوە دەگەڕێتەوە بۆ تێكەڵەیەك لەو ناوانەی كەلەو سەردەمەدا عوسمانییەكان لە ناوە فەرەنسییەكانەوە وەریانگرتووە، میقداد مەدحەت بەدرخان لەپاڵ شۆرشگێڕیدا كەسێكی رووناكبیرو هۆشیار بووەو دوای ئەوەی لە ساڵی 1891چۆتە میسر، لەو وڵاتە لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت تا لە 22ـی نیسانی 1898 لەقاهیرە یەكەم ژمارەی رۆژنامەی كوردستان دەردەكات و بەو شێوەیە تا دەركردنی ژمارە 5ـی رۆژنامەكە لەو وڵاتە دەمێنێتەوە، دواتر بەهۆی زەختی زۆری سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی لەدژی بنەماڵەكەی ناچار دەبێت بگەڕێتەوە ئەستەنبوڵ، بەڵام لەوێش درێژە بە خەباتی خۆی دەدات و لە ساڵی 1906 بەبیانووی ئەندام بوونی لە پارتی (ئیتحادو تەرەقی) نەفی دەكرێت بۆ دەرەوەی توركیا، دواتر لە ساڵی 1910 بەشداری دەكات لەدامەزراندنی جەمعیەتی نەشری مەعاریفی كوردی، هەندێك سەرچاوەش باس لەوە دەكەن كە میقداد مەدحەت بەدرخان ماوەیەك موتەسەریفی شاری دەرسیم بووە، میقداد مەتحەد بەدرخان جگە لە زمانی دایك هەریەك لە زمانی توركی و عەرەبی و فەرەنسی بەباشی زانیوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی مێژوونووسانی كوردو بەتایبەت رۆژنامەنووسانە ئەوەیە كە هەتا ئێستا هەروەك چۆن نازانرێت كەی لەدایك بووە بەهەمان شێوە كاتی مردنەكەشی نادیارەو نازانرێت .
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری سەردانی هونەرمەند حیکمەت هیندی دەکەن
01:28 PM - 2026-06-24 -
تەمەنى 16 ساڵە و بە پێنج زمان وەرگێڕان دەکات
12:16 PM - 2026-06-24 -
هێرشەکانی ئۆکرانیا کارەباى لە سێڤاستۆپۆڵ و خێرسۆن پچڕاند
10:57 AM - 2026-06-24 -
عومان و ئێران تەئکید لە کراوەیی گەرووی هورمز دەکەنەوە
10:26 AM - 2026-06-24
ئەمانەش ببینە
جێگری سەرۆکی هەرێم و باڵیۆزی ئیتاڵیا پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تاوتوێ دەکەن
05:21 PM - 2026-06-24
سەرۆك بافڵ و مامۆستا عەلی باپیر جەخت لەچارەسەركردنی كێشەكان دەكەنەوە
03:52 PM - 2026-06-24
یاسای دژەتیرۆر بەسەر بەکارهێنەرانی درۆندا جێبەجێ دەکرێت
03:07 PM - 2026-06-24
زۆرترین خوێنراو
-
هێرشەکانی ئۆکرانیا کارەباى لە سێڤاستۆپۆڵ و خێرسۆن پچڕاند
جیهان 10:57 AM - 2026-06-24 -
عومان و ئێران تەئکید لە کراوەیی گەرووی هورمز دەکەنەوە
جیهان 10:26 AM - 2026-06-24 -
ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاووتوێکردنی دوو پرسی گرنگ کۆدەبێتەوە
کوردستان 10:00 AM - 2026-06-24 -
نرخى نەوت نزمدەبێتەوە
جیهان 09:07 AM - 2026-06-24 -
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و باڵیۆزی رووسیا: بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان هەنگاوی جدی بنرێت
ی ن ک 08:53 PM - 2026-06-23 -
لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان لەسەر میكانیزمی بەرگریكردن لەمیدیاكاران هاتەدەنگ
کوردستان 08:41 PM - 2026-06-23 -
خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێتە خاتوو شنۆ شاسواری
ی ن ک 08:30 PM - 2026-06-23 -
قوباد تاڵەبانی: لەهەرێم دەرفەتی گەورە هەیە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار
کوردستان 06:15 PM - 2026-06-23



.png)



دابەزێنە

