riklam

جیهان لەبەردەم ئاشتی و جەنگدایە

جیهان 10:11 PM - 2026-04-21
دانوستانی ئەمریکا و ئێران AI- ALJAZERA

دانوستانی ئەمریکا و ئێران

جەنگ ئەمریكا كۆماری ئیسلامی ئێران

ئەمشەو ئاگربەستی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی دێت و هێشتا ئەو دوو وڵاتە لەسەر پرسە ئاڵۆزەکانی نێوانیان رێککنەکەوتون و پێنج سیناریۆش بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم دۆخە دەخرێتە روو، کە جیهان دەخاتە بەردەم ئاشتی و جەنگ.

ئێران هەڵوێستی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە

سەعات 2:50 دەقیقەی ئەمشەو بەکاتی هەرێمی کوردستان، ئاگربەست کۆتایی دێت و ئێرانيش رەتیدەکاتەوە وەفدی وڵاتەکەی بۆ ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بنێرێت، مەرجیشی کۆتایی هێنان بە گەمارۆی گەروی هورمز و بە ئامانج نەگرتنی کەشتییەکانیەتی، بەڵام ئاژانسی فرانس پرێس لەسەرچاوەیەکی ئێرانییەوە ئاشکرای کردووە، ئەمشەو محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەگەنە پاکستان.

هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەیەکیدا ئاشکرای کرد: هێشتا هەڵوێستی خۆیان لەسەر بەشداریکردن یان بەشداری کردن یەکلایی نەکردووەتەوە.

ئەم هەڵوێستەی ئێران لەکاتێکدایە، کە ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، سوپای وڵاتەکەی ئامادەیە جارێکی دیکە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بداتەوە، بەڵکو توندتر لە جەنگی 39 رۆژەی رابردوو.

وەفدی تەکنیکی ئەمریکا لە پاکستان ماون

پەیوەست بە وەفدی ئەمریکا،ئەوە هێشتا وەفدەکە تەکنیکەکەی ئەمریکا لە پاکستان ماون، بەڵام بەپێی هەواڵێکی کەناڵی (CNN)ی ئەمریکا، هێشتا جەی دیڤانس جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتن ماوە و هیچ کاتێکیش دیارینەکراوە، کە کەی دەچێتە پاکستان.

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ستیڤن ویتکۆڤ نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جارید کۆشنەر راوێژکار و زاوای سەرۆکی ئەمریکا، فڕۆکەکەیان لە میامیەوە بەرەو واشنتنی پایتەخت فڕیوە و چاویان بە دۆناڵد ترەمپ دەکەوێت، بۆیە هێشتا کاتی رۆیشتنیان بۆ پاکستان دیار نییە.

ترەمپ: نەگەینە رێککەوتن جەنگ دەستپێدەکاتەوە

پەیوەست بە هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا، ئەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە: ئەگەر نەگەینە رێککەوتن ئەوە جەنگ دەستپێدەکەینەوە، ئەمە جگە لەوەی تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی چەندین ئاگربەستی پێشێلکردووە.

دۆناڵد ترەمپ ترووس سۆشیەڵ رایگەیاندووە: زۆر دوورە جارێکی دیکە ئاگربەستەکە درێژبکەمەوە، ئەگەر کاتەکەی تەواو بێت، ئەوا جارێکی دیکە بۆمبەکان دەست بە تەقینەوە دەکەنەوە.

دەشڵێت: گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لانابرێت تاوەکو تاران لە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا پاشەکشە نەکات.

ترەمپ: ئامادەم لەگەڵ لێپرسراوانی ئێران کۆببمەوە

سەرۆکی ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا، ستراتیژی لێدوانی دژبەیەکی بەکاردەهێنێت و بە ڕۆژنامەی نيويۆرک پۆستی ڕاگەیاندووە، ئەگەر پێشکەوتنێک بەدەستبهێنرێت ئامادەیە لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئێران کۆببێتەوە.

  وتیشی، هیچ کێشەیەکم نییە لەگەڵیان، ئەگەر بیانەوێت یەکتر ببینن، ئێمە کۆمەڵێک کەسی زۆر بەتوانامان هەیە.
باسی لەوەشکردووە، يەک داواکاری هەيە کە گفتووگۆ هەڵناگرێت ئەويش ئەوەيە، کە ئێران دەبێت دەستبەرداری هەر بەدواداچوونێک بێت بۆ چەکی ئەتۆمی، ئەوەش زۆر سادەيە.

ئەمریکا پێنج سیناریۆی وەک بژاردە لەبەردەمدایە

لە بارەی سیناریۆ و بژاردەکانی، دۆناڵد ترەمپ پێنج بژاردەی لەبەردەستدایە، کە یەکەمیان سوربوونە لەسەر داواکارییەکان، کە بریتیە لە کردنەوەی گەروی هورمز و کۆتایی هێنان بە دۆسیەی ئەتۆمی، دووەم بژاردەش بریتی یە لە پێدانی کاتی زیاتر و درێژکردنەوەی ئاگربەست، سێیەم بژاردە: چارەسەری مامناوەند، وەک ئەوەی رێگە بە ئێران بدرێت لە ئاستێکی نزمدا یۆرانیۆم بپیتێنێت، سیناریۆی پێنجەم: دەستپێکردنەوەی جەنگە، بژاردە یان سیناریۆی شەشەم: راگەیاندنی سەرکەوتن و پاشەکشەیە، بەوەی ئەمریکا بە ئامانجەکانی گەیشتووە.

پاکستان داوای درێژکردنەوەی ئاگر بەست دەکات

ئیسلام ئاباد بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات ماوەی ئاگربەست درێژ بکەنەوە و رێگە بۆ دیپلۆماسی خۆش بکەن.

ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، لە راگەیەندراوێکدا، جەختی لەسەر پێویستی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی داوا دەکات بیر لە درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست بکرێتەوە بۆ ئەوەی رێگە بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان خۆش بێت.

وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، ئەوان ئێمە جەخت لەسەر گفتوگۆ دەکەن وەک باشترین رێگە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

ئەمەش لەکاتێکدایە،دوای 39 رۆژ لە جەنگ، رۆژی 11ی4ی2026 لێپرسراوانی باڵای ئه‌مریكا و ئێران گه‌یشتنه‌ ئیسلام ئابادی پایته‌ختی پاكستان بۆ دانوستان به‌ئامانجی كۆتاییهێنان به‌ ململانێی نێوانیان، به‌ڵام تاران گومانی خسته‌ سه‌ر دانوستانه‌كان و ڕ‌ایگه‌یاند: كه‌ ناتوانن به‌بێ به‌ڵێنی پێشوه‌خته‌ سه‌باره‌ت به‌ لوبنان و هه‌ڵگرتنی سزاكان به‌رده‌وامبن، بۆیە رۆژی دواتر شکستی دانوستانەکە راگەیەندرا.

PUKMEDIA 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket