riklam

هاوخەمییەکان بۆ یادی ئەنفال

کوردستان 09:42 AM - 2026-04-14
تاوانی ئەنفال PUKMEDIA

تاوانی ئەنفال

تاوانی ئەنفال

ئەمڕۆ 38 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تاوانی ئەنفالدا، كە پرۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعس بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی مۆركی نەتەوایەتی كورد و لەناوبردنی گشت شوێنەوارێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی كۆمەڵگەی كوردی، لەم رۆژەشدا کۆمەڵێک پەیام بڵاوکرانەوە، کە ئەمە دەقەکانیانە:

سەرۆک بافڵ: ئەنفال ئازارێکە بۆ هەمیشە لەبەردەمیدا رادەوەستین

زامە قووڵەکانمان هەمیشە هانمان دەدەن بە وەفادارییەوە، خزمەتی خەڵک و خاکەکەمان بکەین، تاوان و مەرامەکان بۆ سڕینەوەی گەلەکەمان بەشێکن لە مێژوویەکی تاڵ، بەڵام ورەیەکە بۆ مانەوە و بەهێزیی ئیرادەی نەتەوەیی و کوردبوونمان کە قەت هیچ هێزێک نەیتوانیوە لەناوی بەرێت.
تاوان و کارەساتی ئەنفال کە جینۆسایدکردنی گەلەکەمان بوو، برینێکی گەورەی سەر دڵمانە، ئازارێکە بۆ هەمیشە لەبەردەمیدا رادەوەستین و دەست لەسەر سنگ یادی لەدەستدانی ئازیزانمان دەکەینەوە.

لەم ڕۆژەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە خەمی قووڵی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان تێدەگەین و هەوڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە خەم و ئازارەکان بگۆڕێت بۆ هیوا و بونیادنانی ژیانێکی نوێ کە ئەمەش بە برایەتی و پێکەوەییمان دەبێت تاوەکو پێکەوە کاربکەین و هەنگاوبنێین بۆ خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ڕفعەت عەبدوڵڵا: نەوەی شەهیدان و قوربانییان خزمەتی زیاتر بکرێن

38ساڵ بەر لەئێستا ڕژێمی بەعسی فاشی لەژێر ناوی (ئەنفال)دا تاوانێکی مێژوویی و جینۆسایدی دژی گەلەکەمان ئەنجامدا، ئەم تاوانە قێزەونە دژی هەموو بەهایەکی مرۆیی و ئاینی و ئەخلاقی بوو.
لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە کەلەسەر حکومەتی فیدراڵی پێویستە هەرچی زووە بەرپرسیارێتی دەستووری و ئاکاری خۆی جێبەجێبکات بەقەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانیەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەرکیەتی خزمەتی زیاترو پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی نەوەی شەهیدان و قوربانیەکان بێت و بەکرداری کەیسی ئەنفال و بەجینۆساید ناساندنی بباتە قۆناغی بەنێودەوڵەتیکردنی.
بایادی ئەنفال ببێتە هاندەرمان بۆ تەبایی سیاسی و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان.
سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی تاوانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان.

ڕفعەت عەبدوڵڵا
جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

مەکتەبی سیاسی یەکێتی: خەباتی بێوچانمان بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفالە

ئەنفال  زامێکی قووڵە  لە جەستەی نەتەوە و نیشتمان خەمێکی  هەمیشەیی  کوردستانی و ئینسانییە.
ئەمساڵ کە سی و هەشت ساڵ بەسەر ئەو تاوانە کۆمەڵکوژیەدا تێدەپەرێت کە بە هەشت قۆناغی پڕ ناسۆر دژی گەلەکەمان بەرپا کرا و هەزاران هەزار ژن و پیاو و منداڵی کورد کرانە قوربانی سیاسەتی رژێمی دڕندەی بەعس، تەئکید لەسەر  بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان دەکەینەوە کە ئەنفالی بە تاوانی جەنگ و دژە مرۆیی ناساندووە و خەباتی بێوچانیشمان  بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی کەیسەکە  وەک جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی چڕ تر دەکەینەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و فیدراڵەوە خاوەندارێتی هەمیشەیی لە ماف و شایستەکانی قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوەی و خزمەتکردنی کەسوکاری ئەنفالکراوان و خەڵکە خۆراگرەکەمان دەکاتەوە و بێ درێغ هەوڵیان  بۆ دەدات .

لەیادی ئەو کارەساتەدا سەری رێز بۆ گیانی پاکی شەهیدانمان  دادەنوێنین.
درود بۆ خۆڕاگریی كەسوكاری  بێسەرو شوێنبوانی ئەنفال.

مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: بەڕێز و شکۆوە یادی 182 هەزار شەهیدی ئەنفال دەکەینەوە


قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە لەپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی: تاوانی ئەنفال و هەموو تاوانەکانیتر کە لەسەر دەستی رژێمی بەعسی لەناوچوو لە حەقی گەلی کورددا کران، بەرهەمی زاڵبوونی عەقڵییەتی شۆڤێنی و دەسەڵاتی فاشیزم بوو لە عیراقدا.

وەکچۆن بە خەباتی درێژخایەن و بە یارمەتیی هاوپەیمانان رژێمی بەعسمان لە گۆڕنا، ئێستاش بە ئامادەیی بەردەوام و بەهێزمان لە بەغدا و بە هاوکاریی دۆستان و هاوپەیمانەکانمان رێگە نادەین جارێکی تر بیری شۆڤێنی لە عێراقدا هەناسە بدات.

خەباتی بەردەوام و ئامادەیی بەهێزمان لە ناوەندەکانی بڕیاری عیراقدا تەنها رێگەیە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی تاوانەکان و دابینکردنی مافە رەواکانمان.

لەم رۆژەدا بە ڕێز و شکۆوە یادی 182 هەزار شەهیدی ئەنفال دەکەینەوە و سەری رێز لە ئاست کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراون دادەنوێنین.


شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: روفاتی پیرۆزی بەشێک لە ئازیزانی ئەنفالکراومان گێڕایەوە

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانییانی تاوانی ئەنفال..

دیسان بەرەو یادی ئەو تاوانە رەشە ئەڕۆین کە رژێمە کوردکوژ و مرۆڤکوژەکەی بەعس لە کوردستان ئەنجامی دا. دەیان و دەیان هەزار کەسی لە ئازیزانی ئێمەی لە بیابانە دوورەکانی باشوری عیراق گۆڕغەریب کرد.

سوپاس بۆ خوا بە پشتیوانی و هاوکاری دۆستان و خەمخۆران لە ساڵانی رابردوو توانیمان روفاتی پیرۆزی بەشێک لە ئازیزانی ئەنفالکراومان لە غەریبی بگەڕێنینەوە بۆ کوردستان و تا ئەبەد بە سەربەرزی و شکۆوە بە خاکی پیرۆزی نیشتمانیان بسپێرین.

ئەمساڵیش لە هەوڵی ئەوەدا بووین روفاتی پیرۆزی 153 ژن و منداڵی تر بگەڕێنینەوە و لە زێدی خۆیان بە خاکیان بسپێرین، بەڵام بەداخەوە بە هۆی بەرپابوونی شەڕ لە ناوچەکە و ئەو دۆخە دژوارەی رووی لە عێراق و هەرێم کرد نەمانتوانی لە کاتی خۆیدا ئەو ئەرکە کوردانەیە راپەڕێنین.

هەڵبەت ئێمە سورین لەسەر بەڵێنی خۆمان و بە دڵنیاییەوە لە کاتێکی گونجاوتردا دەست ئەکەینەوە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی تر تا دوا کاروانی شەهیدانی غوربەت دێنەوە وڵات.

جارێکی تر هەزاران سڵاو بۆ رۆحی نەمری شەهیدانی ئەنفالکراو و هەزاران سڵاویش بۆ کەسوکاری سەربەرزیان ئەنێرم.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد


رزگار حاجی حەمە: ئەنفال برینێکی بەسۆی لەیادنەکراوە

لە (38)مین ساڵیادی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستاندا، سەری ڕێزو نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی كوردستان دادەنوێنم.

 سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی تاوانی ئەنفال دەکەم.

یادکردنەوەی ئەو تاوانە دڕندانەیە و پڕ لە ئازار و مەینەتییە کە بە بەرچاوی جیهانەوە دژ بە خەڵکی سڤیلی گەلەکەمان ئەنجامدرا و تێیدا دەیان هەزار ژن و منداڵ و پیر و گەنجی بێ تاوانی وڵاتەکەمان بوونە قوربانی دەستی دڕندەترین رژێم، برینێکی بەسۆی لەیادنەکراوە و بۆ هەمیشە لە یادگەی گەلەکەماندا دەمێنێتەوە و هەرگیز ساڕێژ نابێت.

لەم یادە تاڵەدا بەڵێن دەدەین، کە لەسەر رێباز و راسپاردەی مامی گەورەمان، درێغی نەکەین لە خزمەتی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و سەرجەم شەهیدان و تەواوی خەڵکی کوردستان.

سڵاو لە گیانی پاکی قوربانییانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

رزگار حاجی حەمە
ئەندامی مەکتەبی سیاسی
لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن

پەیامی وەزیری پێشمەرگە لە ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا



لە یادی ٣٨ ساڵەی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، کە تێیدا ١٨٢ هەزار مرۆڤی بێتاوان بە ژن و منداڵ و پیر و گەنجەوە بە دەستی ڕژێمی فاشیستی بەعس کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵ کران؛ تاوانێکی گەورەی لەبیرنەکراوە لە مێژووی گەلی کوردستان، کە دەبێت هەموو تاکێکی نەتەوەی کورد لە ئێستا و ئایندەدا یادی ئەم تاوانە ترسناکە بەرز ڕابگرێت و هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەو ئامانجە بێت کە نەتەوەی کورد جارێکی دیکە دووچاری کارەساتی جینۆساید نەبێتەوە. بە توندی ئیدانەی هەموو هزرێکی شۆڤێنی و هەموو جۆرە جینۆسایدێک دەکەین، دەبێت حکومەتی فیدراڵ قەرەبووی شایستەی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری سەربەرزی قوربانییان بکاتەوە. دروود بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان.

شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

فراکسیۆنی یەکێتی: ئەنفال زامێکی قووڵ و خەمێکی هەمیشەیی

ئەنفال زامێکی قووڵ و خەمێکی هەمیشەیی لە جەستەی نەتەوە، نیشتمان و مرۆڤایەتیدا.

٣٨ ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکانی سەدەی بیستەمدا تێپەڕ دەبێت کە شاڵاوە شوومەکانی ئەنفال بوو. ئەم پرۆسە نەگریسەی ڕژێمی بەعس تەنها پەلامارێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو هەوڵێکی نەخشەبۆداڕێژراو بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕیشەکێشکردنی مرۆڤ، ژینگە و ئابووریی کوردستان.

ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کاتێکدا سەری ڕێز بۆ شەهیدانی ئەنفال دادەنەوێنین، دووپاتی دەکەینەوە کە خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و خەڵکە خۆراگرەکەمان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆمان دەزانین ، هەروەها بێدرێغ هەوڵی هەمەلایەنە دەدەین بۆ چەسپاندنی شایستەکانیان و جێبەجێکردنی  ماددە ١٣٢ ی دەستووری عیراق کە مافی  قەرەبووى  كردنەویان هەیە وله ده ستور دانپيدانراوه .

فراکسیونی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket