riklam

قوباد تاڵەبانی: بەپڕۆژەی وەبەرهێنانی گەورە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ زیاتر بكەین

کوردستان 03:53 PM - 2026-03-30
سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی

سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی

قوباد تاڵەبانی كوردستان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانی بەسەركردەوە و لەگەڵ شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی و لێپرسراوەكانی بەشە جیاوازەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەمە 30ی 3ی 2026 بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی سلێمانی كرد كە توانیوویانە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەروبوومە جۆراوجۆرە كشتوكاڵییەكان بە شێوەیەكی بەرچاو زیاد بكەن و گرنگی تایبەتیان داوە بە زیادكردنی بەرهەمە رووەكییەكان و شیرەمەنی و سامانی ماسی و پەلەوەر.

لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا باس لە رێكارە نوێیەكان بۆ گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و كێشە و گرفتەكانی بەردەم پڕۆسەی گەشەپێدان كرا. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆكوەزیران داوایكرد بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ نەخشەڕێگایەك ئامادەبكات بۆ دروستكردنی هەماهەنگی پێویست لەنێوان وەبەرهێنەران و جوتیاران، تا لە رێگەی پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەورەوە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆ زیاتر ببێت بە شێوەیەك كە هەم بەرژەوەندی وەبەرهێنەران و هەم بەرژەوەندی جوتیاران دابین بكات.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ دەربڕی بۆ زیادكردنی پڕۆژەكانی بەخێوكردنی ئاژەڵ و دروستكردنی نەمامگەی نوێ بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا كەمتر پشت بە هاوردەكردنی نەمام ببەسترێت. دەستخۆشیشی لێ كردن كە توانیوویانە بە شێوەیەكی سەركەوتووانە دۆكیۆمێنتەكانی كشتوكاڵی بە ئەلیكترۆنی بكەن و لە مەترسی فەوتان و لەناوچوون بیانپارێزن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket