riklam

ساڵانە 10ملیۆن کەس توشی نەخۆشی سیل دەبن

کوردستان 09:26 AM - 2026-03-24
نەخۆشی سیل ADVIN

نەخۆشی سیل

تەندروستى

ساڵانە هەموو ڕۆژێكی 24ی مارس بە رۆژی جیهانی نەخۆشی سیل دانراوە لەپێناو هۆشیاركردنەوەی خەڵكی لە دەرەنجامە تەندروستی و كۆمەڵایەتی و ئابوورییە وێرانكەرەكانی ئەو نەخۆشیە و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بەرەو كۆتایی هێنان بەو پەتایە لە جیهان، هاوکات بەپێی ئامارەکان ساڵانە 10ملیۆن کەس توشی نەخۆشی سیل نەبن و یەک ملیۆن کەسیش بە نەخۆشییەکە دەمرن.

لە ساڵی 1882 لەلایەن دكتۆر ڕۆبەرت كوخ دۆزینەوەی بەكتریای هۆكاری سیل ڕاگەیەنرا و ئەوەش ڕێگەخۆشكەر بوو بەرەو دەستنیشانكردنی ئەو نەخۆشیە و چارەسەركردنی تووشبووان و تائێستا سیل بە یەكێك لە نەخۆشیە گواستراوە كوشندەكان لە جیهان دادەنرێت.

نەخۆشی سیل چیە ؟

سیل بەوەناسراوە نەخۆشیەكی درێژخایەن و گواستراوەیە بەهۆی جۆرە بەكتریایەك تووشی مرۆڤ دەبێت و زۆرینەی جار ئەو بەكتریایە لە سییەكاندا جێگیر دەبێت ، بەڵام هەندێكجار زیان لە بەشەكانی دیكەی لەش دەدات وەك گورچیلە و مێشك.

بەكتریای سیل بەهۆی هەواوە لە كاتی كۆكە و پژمینی كەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە ئەو بەكتریایە توانای هەیە بۆ چەند سەعاتێك لە هەوادا بمێنێتەوە و كۆكەی بەردەوام بۆ زیاتر لە دوو هەفتە بە یەكەم نیشانەی تووشبوون بە سیل دادەنرێت.

سیل نەخۆشیەكی بۆماوەیی نیە و ڕوودەدات بەهۆی گواستنەوەی بەكتریا لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە یاخود خواردنەوەی شیری پاكژنەكراو و نەخۆشی سیل ئەگەر بە شێوەیەكی تەندروست چارەسەر نەكرێت و نەخۆش پابەند نەبێت بە رێنماییەكانی پزیشك ئەوا زۆرینەی جار دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان و دەكرێت كەسێك زیاتر لە جارێك تووشی سیل بێت.

دوو جۆر تووشبوون بە سیل هەیە

- تووشبوونی شاراوە: ئەویش ئەوەیە كاتێك كەسە هەڵگری بەكتریاكە دەبێت لەناو لەشی بەبێ ئەوەی نیشانەكانی لەسەر دەربكەوێت بەهۆی بەرگری لەش بۆ بەكتریاكە ، لەم حاڵەتەدا كەسی تووشبوو ناتوانێت پەتاكە بۆ كەسی دیكە بگوازێتەوە ، بەڵام پێدەچێت حاڵەتەكەی بگۆرێت بۆ تووشبوونی چالاك.
- تووشبوونی چالاك: ئەویش بریتیە لەوەی كەسەكە تووشی بەكتریای چالاك بێت و نیشانەكانی لەسەر دەربكەوێت و توانای گواستنەوەی بۆ كەسانی دیكە دەبێت.

شێوازی گواستنەوەی سیل

* بەكتریای هۆكاری تووشبوون بە سیل لەرێگەی هەوا و لەكاتی پژمین و كۆكەی كەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە و كەسانی دیكە لەرێگەی هەناسەدانەوە ئەو بەكتریایە هەڵدەمژن و تووش دەبن ، بەكتریای سیل بە شێوەیەكی ئاسانتر لە شوێنە قەرەباڵغەكان دەگوازرێتەوە.

گرنگترین نیشانەكانی تووشبوون بەسیل

- كۆكەی بەردەوام بۆ دوو هەفتە زیاتر لەگەڵ بوونی بەڵغەمی خوێناوی.
- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش و تالێهاتن.
- ئارەقكردنەوەی شەوانە و هەستكردن بە گێژبوون.
- لەدەستدانی كێش و ئازار لە سنگ و لاوازی ویستی خواردن.

چ كاتێك پێویست دەكات پزیشك ببینرێت

لەكاتی بوونی تا و كەمبوونەوەی كێشی بێ هۆكار و ئارەقكردنەوەی شەوانە و كۆكەی بەردەوام دەبێت سەردانی پزیشك بكرێت.


دەستنیشانكردنی تووشبوون بە سیل:
* پشكنین لە نەخۆشخانە و شیكاری تاقیگەیی.
* تیشكگرتن و هەندێك پشكنین بۆ پێست و بەڵغەم.
* وەرگرتنی سمپڵ لە شانە و دەردراوی بەشی گومانلێكراو جگە لە سییەكان.

مەترسی تووشبوون بە سیل

- پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە تووشبووانی سیل و بەكارهێنانی كەلوپەلەكانیان.
- كاركردن لە هەندێك پیشە كە وادەكات مەترسی تووشبوون زیاد بكات.
- تووشبوون بە هەندێك نەخۆشی درێژخایەن وەك شەكرە و نەخۆشیەكانی گورچیلە.

- ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر.
- بەساڵاچوون و خراپی خۆراك.
- تووشبوون بە ئایدز.

ئاكامەكانی تووشبوون بەسیل

* بوونی ئازار لە بربڕەی پشت.
* هەوكردنی دیواری مێشك.
* كێشە لە جگەر و گورچیلە.
* ناڕێكی لە كاركردنی دڵ.

چارەسەركرنی سیل

- كەسی تووشبوو چارەسەر دەكرێت بە وەرگرتنی كۆمەڵێك دەرمانی ئەنتی بایۆتیكی تایبەت بۆ ماوەی شەش مانگ و تووشبوو بەتەواوی چاك دەبێتەوە لەكاتی پابەندبوون بە رێنماییەكانی پزیشك و چارەسەركردن و ماوەی چارەسەری كەسی تووشبوو بەپێی جۆری نەخۆشیەكە و بەشی تووشبووی لەش دەگۆرێت.

ڕێكارەكانی خۆپارێزی تووشبوون بە سیل

- وەرگرتنی ڤاكسین بۆ دایكی شیردەر و منداڵ.
- تێكەڵاونەبوون بە كەسانی تووشبوو بەبێ بەكارهێنانی كەلوپەلی خۆپارێزی.
- دووركەوتنەوە لە شوێنە قەرەباڵغەكان.
- گرنگی دان بە سیستمێكی خۆراكی هاوسەنگ.
- ڕاوێژكردن بە پزیشك لە كاتی هەستكردن بە تێكچوونی تەندروستی.

رێنمایی بۆ كەسانی تووشبوو بەسیل

* ڕەچاوكردنی رێنماییەكانی بەكارهێنانی دەرمان كە لەلایەن پزیشكەوە نوسراوە.
* داپۆشینی دەم بە كلێنس لەكاتی كۆكین و پژمین یان پێكەنین و دواتر فرێدانی كلێنسەكە لە كیسێكی داخراو .
* بەكارهێنانی دەمامك لەكاتی سوڕانەوە یان بوون لەگەڵ كەسانی دیكە.
* فڕێدانی كەلوپەلی بەكارهاتوو لە كیسێكی پلاستیكی داخراو.
* كردنەوەی پەنجەرە و دەرگاكان بۆ هەواگۆڕكێی و هاتنی هەوای پاك.
* دووركەوتنەوە لە خەوتن لەگەڵ كەسانی دیكە لە ژوورێكدا.
* نەرۆیشتن بۆ كاركردن و خوێندنگا تا ئەو كاتەی پزیشك رێگەت پێدەدات.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket