riklam

جەنگی ئەمریکا و ئێران لە هەفتەی چوارەمیدا بەردەوامە

جیهان 11:40 AM - 2026-03-23
هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری تاران Reuters

هێرشێکی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری تاران

جەنگ ئەمریكا ئیسرائیل و ئێران

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە هەفتەی چوارەمیدا بەردەوامی هەیە، هەردوو لایەنیش هەڕەشەی هێرشی زیاتر دەکەن و ژمارەی کوژراوانیش لە زیادبووندایە، ئەگەرێکی کەمیش بۆ دانوستان و وەستانی جەنگ هەیە.

سەرەتای جەنگ

هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی2ی2026 دەستی پێکرد، سەرباری بە ئامانج گرتنی چەندین پێگەی سەربازی، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە هێرشێکی موشەکیدا گیانی لەدەستدا، هەروەها  لە بەردەوامی جەنگدا،چەندین فەرماندە و بەرپرسی سیاسی دیکەش کوژران، لەوانە عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، ئیسماعیل خەتیب وەزیری هەواڵگری( ئیتلاعات) غوڵامرەزا سلێمانی، فەرماندەی هێزی باسیج، ئەمە جگە لەوەی چەندین فەرماندەی دیکەش بەئامانج گیراون، هەروەها ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین پێگەی سەرەکیان بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی و وێستگەکانی سوتەمەنی و غاز بەئامانج گرتووە.

هاوکات، یەکێک لەو پێگە گرنگانەی بە ئامانج گیرا، دوورگەری کەرج بوو، کە بە شادەماری ئابوری ئێران دادەنرێت، ئەمە جگە لەوەی ئیسرائیل کێڵگەی پارس-ی بە ئامانج گرت، کە گەورەترین کێڵگەی غازی سروشتییە لەسەر ئاستی جیهان.

ژمارەی قوربانیانی ئێران زۆر بەرزە

ئاژانسی هەرانا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، نوێترین ئاماری کوژراوانی بڵاوکردووەتەوە، کە تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 220 کەس کوژراون، کە لە نێویاندا 1165 کەسیان سەربازن، هەروەها 1398 یشیان کەسانی سڤیلن، لەناو قوربانییەکانیشدا لانیکەم 210 منداڵ کوژراون،ئەمە جگە لەوەی 657 کەسی دیکەش کوژراون، کە لەناو کەسانی سڤیل یان سەربازیدا پۆلێن نەکراون.

هاوکات، مانگی سوری ئێرانی بڵاویكردەوە، لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمریكاو  ئیسرائیل تا ئێستا زیاتر لە 18 هەزار كەسیش بریندار بوون.

رێكخراوەكە  ئاشكرایكردووە، لەئەنجامی ئەو هێرشانە 498 خوێندنگە و 251 بنكەی تەندروستی و 17 بنكەی ڕێكخراوی مانگی سوری ئێرانی زیانیان بەركەوتووە، هاوکات81 هەزار خانوو زیانیان بەركەوتووە.

ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە بەئامانجگرتنی قوتابخانەیەکی کچان لە نزیک بنکەیەکی سوپای پاسداران کە بووە هۆی کوژرانی 168 کەس کە 110 یان منداڵ بوون،هەرچەندە ئەمریکا رایگەیاندبوو لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن،بەڵام ئیسرائیل بێ ئاگایی خۆی لە رووداوەکە نیشانداوە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی 4ی3ی2026، ژێر دەریاییەکی ئەمریکی کەشتییەکی ئێران-یان لە زەریای هندی لە نزیک سریلانکا تێکشاند کە بووە هۆی کوژرانی 87 کەس.

کوژراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیادی نەکردووە

ئیسرائیل لە ئاشکرا کردنی ئاماری زیانە گیانییەکان خۆی دەبورێت و دواین ئامار کە بڵاویکردبێتەوە، رۆژی 19ی3ی2026 بووە، کە تا ئەو کاتە 15 کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات رۆژی شەممەی رابردوو، جوتیارێکیش بەهۆی تەقەی هەڵەی هێزەکانیانەوە کوژراوە، هاوکات لە هێرشێکی مووشەکی ئێراندا بۆ سەر شارەکانی عراد و دیمونە لانیکەم 175 کەس بریندار بوون، ئیسرائیلیش هۆکاری زۆری ژمارەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە کە کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستمی بەرگری وڵاتەکەیدا روویداوە.

هەرچی پەیوەست بە زیانەکانی ئەمریکاشە، تاوەکو ئێستا 13 سەربازیان کوژراوە و ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی زیاتر له‌ 150 سه‌ربازی دیكه‌شی بریندار بوون.

هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوامە

 ئاژانسی هەواڵەکانی میهر، بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 23ی3ی2026، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە تاران بیستراوە، هاوکات ئاژانسی فارس ئاشکرای کرد، پێنج پێگە لە تاران بە ئامانج گیراوە، ئەمە جگە لەوەی هێرشەکان بۆ سەر رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای خوزستان بەردەوامی هەیە.

 شەپۆلی 75ی مووشەکانی ئێران

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئێران به‌ مووشه‌ك و فڕ‌ۆكه‌ی بێفڕ‌ۆكه‌وان به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچه‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌ك تاوه‌كو ئێستا 75 شه‌پۆلی مووشه‌كی له‌ئۆپه‌راسیۆنی "وه‌عدی سادق 4"ـی ئاڕ‌استه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ كردووه‌.


 خەرجی و زیانی جەنگ لەسەر ئەمریکا زۆرن

 په‌یوه‌ست به‌زیانه‌كانی دیكه‌ش، تاوه‌كو ئێستا سێ فڕ‌ۆكه‌ی له‌جۆری (F-15E) له‌ كوه‌یت خراوه‌ته‌ خواره‌وه‌ و فڕ‌ۆكه‌یه‌كی سوته‌مه‌نیش له‌عیراق كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی 11 فڕ‌ۆكه‌ی بێفڕ‌ۆكه‌ی تێكشكاوه‌، زیانه‌كانیشی نزیكه‌ی 400 ملیۆن دۆلاره‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هه‌فته‌ی یه‌كه‌می خه‌رجی جه‌نگدا، ئه‌مریكا 11 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری خه‌رجكردووه‌.

گەروی هورمز پەیوەندی ئەمریکا و ئەوروپا تێکدەدات

ئێران لە سەرەتای جەنگەکەدا گەروی هورمزی بە تەواوی بەڕووی هەموو کەشتییەکی نەوت گوازەرەوەدا داخست، بەڵام دواتر رایگەیاند، هەموو کەشتییەک دەتوانێت بە گەروەکەدا تێپەڕێت،جگە لە کەشتییەکانی دوژمن، بەڵام بەهۆی ناڕوونی ئەم دەستەواژەیەوە، تەنها ئەو کەشتیانە بە هورمزدا تێدەپەڕن، کە هەماهەنگیان لەگەڵ ئێران هەیە.

سەرۆکی ئەمریکا هەموو هەوڵێکی خستووەتە گەڕ بۆ کردنەوەی گەرووەکە و مۆڵەتی 48 سەعاتی بە ئێران دا کە گەروەکە بکاتەوە، کە ئێستا لە کۆتایی مۆڵەتەکەداین، لەوەش زیاتر داوای لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و ئەوروپا کرد، هاوکار بن، بۆ کردنەوەی گەروەکە، بەڵام ئەم داواکارییە هەر زوو رەتکرایەوە، بۆیە ترەمپ ئەو وڵاتانەی بە " ترسنۆک" و " پڵنگی سەر کاغەز" ناوزەند کرد.

نرخی نەوت بەرزە و جیهان لە قەیرانێکی قوڵی وزەدایە

 بەهۆی بەردەوامی جەنگ و داخستنی گەروی هورمز، نرخی نەوت بە بەرزی ماوەتەوە و یەک بەرمیل نەوتی برێنت  بە 112 دۆلار و 8 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت ،هاوکات  نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێكساسیش  بە 98 دۆلار و 91 سەنت لە بازاڕەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هاوکات، فاتیح بیرۆڵ سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، هۆشدارییەکی توند سەبارەت بە رەوشی بازاڕەکانی جیهان دەدات و رایگەیاند، بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە دژی ئێران، جیهان رۆژانە بڕی 11 ملیۆن بەرمیل نەوت لەدەست دەدات.

وتیشی: ئەم قەیرانە تەنیا سنووردار نابێت بە ناوچەکە، بەڵکو هیچ وڵاتێک لە جیهاندا لە لێکەوتە توندەکانی پارێزراو نابێت و کاریگەرییەکان هەموو کەرتەکان دەگرێتەوە.

ئەگەری وەستانی جەنگ لاوازە

ئیڤی دیڤرین،وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێشبینی دەکەن جەنگی دژی حزبوڵا و ئێران بۆ چەند هەفتەیەکی دیکە بەردەوام بێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە بە تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێک، ئێران زیاتر لاواز دەکەن ،داواشی لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد ئامادەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەند هەفتەیەکی دیکەی جەنگ.

یەکێک لە کێشەکانی ئەم جەنگە بۆ چاودێرانی سیاسی و رۆژنامەنوسان، نەبوونی ستراتیژییەکی روونی لایەنەکانی جەنگەکەیە، کە تاوەکو ئێستا ئامانجی خۆیان بۆ رای گشتی روون نەکردووەتەوە، بەڵکو بە چەند دەستەواژەیەکی ناڕوون  ئەمریکا باس لە ئامانجەکانیان دەکەن، بەبێ ئەوەی ئامانجەکە دیاری بکات، بەڵام بەپێی نوێترین ماڵپەری ئەکسیۆس، میسر و بەریتانیا و قەتەر سەرپەرشتی هەوڵێکی نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن بۆ وەستانی جەنگ، بەڵام مەرجی ئەمریکا و ئێران قورسە و ئەستەمە بەبێ سازش لەسەر مەرجەکان بگەنە ئەنجام،چونکە هەمان ئەو مەرجانەن کە لە دانوستانەکاندا نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەری، ئەمریکا  بریتین لە کردنەوەی گەروی هورمز، سڕکردنی بەرنامە موشەکییەکەی ئێران بۆ ماوەی پێنج ساڵ، پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، چاودێری بەرنامەکەی بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی بۆ ئاشتییە، لەگەڵ دیاریکردنی مەودای موشەکەکانی ئێران، کە نابێت لە هەزار کیلۆمەتر تێپەڕ بکات، ئەمە جگە لەوەی هاوکاری دارایی پێشکەش بە گروپە چەکدارەکان نەکات.

 ئێرانیش، داوای قەرەبوو و گەرەنتی دووبارە نەبوونەوەی جەنگ دەکات،ئەمە جگە لەوەی مکوڕە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی کە بە وتەی خۆیان بە مەبەستی ئاشتی بەکاردەهێنرێت.

PUKMEDIA






ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket