riklam

ئێران و ئەمریکا بۆ وەستانی جەنگ مەرجی قورسیان هەیە

جیهان 10:03 AM - 2026-03-23
ئاڵای ئێران و ئەمریکا BBC

ئاڵای ئێران و ئەمریکا

ئیسرائیل و ئێران

 میسر و بەریتانیا و قەتەر سەرپەرشتی هەوڵێکی نێوەندگیری لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن بۆ وەستانی جەنگ و ئەو دوو وڵاتەش مەرجی قورسیان بۆ یەکدی هەیە، کە پێشتر لە دانوستانەکاندا نەیانتوانیوە لەسەری رێکبکەون.

ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بەوە دەکات، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا دەستی بە گفتوگۆ سەرەتاییەکان کردووە، کە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئێران دیاری دەکات و هەریەک لە کۆشنەر و ویتکۆف، تیایدا بەشدار دەبن.

ئەکسیۆس ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێراندا روینەداوە، بەڵام میسر و قەتەر و بەریتانیا پەیامیان لە نێوان هەردوو لایەندا گواستووەتەوە.

هەربەپێی ماڵپەڕەکە، ئەمریکا شەش مەرجی هەیە: کە بریتین لە کردنەوەی گەروی هورمز، سڕکردنی بەرنامە موشەکییەکەی ئێران بۆ ماوەی پێنج ساڵ، پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، چاودێری بەرنامەکەی بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی بۆ ئاشتییە، لەگەڵ دیاریکردنی مەودای موشەکەکانی ئێران، کە نابێت لە هەزار کیلۆمەتر تێپەڕ بکات، ئەمە جگە لەوەی هاوکاری دارایی پێشکەش بە گروپە چەکدارەکان نەکات.
 
هەرچی پەیوەست بە مەرجی ئێرانیشە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکیدا بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان داوای قەرەبووی ئەو زیانانەی کرد کە بەهۆی هێرشەکان بۆ سەر بنکەی ئەتۆمی نەتەنز کەوتووە، ئەمە جگە لەوەی ئێران لەسەر زاری سەرۆککۆماری وڵاتەکەیەوە، دووپاتی کردووەتەوە ئامادەن بۆ ئاشتی بە مەرجی گەرەنتی دووبارە نەبوونەوەی هێرشەکان.

 گەورەترین لەمپەر لە بەردەم دانوستانی ئەمریکا و ئێران، بوونی بەرنامەی ناوەکی ئێرانە، کە ئەمریکا داوا دەکات رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سفر دابەزێنێت و دڵنیاش بکرێتەوە کە بۆ لایەنی سەربازی بەکار ناهێنرێت، ئێرانیش سورە لەسەر بەردەوامی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، کە بە وتەی خۆیان بۆ ئاشتی و رابەری پێشووی ئێران، دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی حەرام کردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە رۆژی 28ی2ی2026، جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران دەستیپێکردووە، کە بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی ئەمنی بە ئامانج گیراون، ئەمە جگە لەوەی پێگە سەربازییەکان و وێستگەکانی سوتەمەنیش ئامانجی جەنگەکەن، لە بەرامبەریشدا، ئێران بە هەڵدانی مووشەک بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێ وەڵامی هێرشەکان دەداتەوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket