riklam

بریندارانی چەكی كیمیایی پێویستیان بەچارەسەرە لەدەرەوەی وڵات

کوردستان 04:03 PM - 2026-03-16
بریندارێكی چەكی كیمیایی PUKMEDIA

بریندارێكی چەكی كیمیایی

هەڵەبجە

هاوكار سابر هاووڵاتییەكی شاری هەڵەبجەیە، لە كاتی كیمیابارانكردنی شارەكەدا رۆژی 16ی 3ی 1988 بەچەكی كیمیایی بریندار بووە و لەوكاتەوە تائێستا بۆ كەمبوونەوەی ئازار و ناڕەحەتییەكانی رۆژانە دەرمان بەكاردەهێنێت و دەڵێت: لەكاتی كیمیابارانكردنی شارەكەدا بەگازی كیمیایی قەدەغەكراو بریندار بووم، لەوكاتەوە تائێستا دەرمان بەكاردەهێنم و لە ساڵی 2015ەشەوە بە بەردەوامی ژیانی رۆژانەم لەگەڵ ئامێری هەناسەدانی دەستكرددا بەڕێدەكەم.

بە تێپەڕینی كات كاریگەریی گازە كیمیاییەكە لەسەر جەستەی هاوكار زیاتر دەركەوتوون و وتی: بەهۆی كاریگەریی گازە كیمیاییەكەوە تووشی نەخۆشی وشكبوونەوەی چاو و نەخۆشی پێست و نەخۆشی دەروونی بووم و بەردەوام لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكدام، هەروەها بەپێی راپۆرتی پزیشكی رێژەی 85 %ی سییەكانم لە كار كەوتوون و لە شەو و رۆژێكدا بە لایەنی كەمەوە 17 سەعات ئۆكسجین بەكاردەهێنم، لەبەرئەوە ناتوانم كار بكەم و بژێوی ژیانی خێزانەكەم دابین بكەم، ئەو بڕە پارەیەشی وەك بریندارێكی چەكی كیمیایی پێم دەدرێت زۆر كەمە و تەنانەت بەشی كڕینی چارەسەرەكانم ناكات و بە مووچەی هاوسەرەكەم كە مامۆستایە ژیان بەڕێدەكەین.


دۆخ و داواكاریی بریندارێكی چەكی كیمیایی



خراپیی دۆخی خێزانەكەی، ئازارەكەی هاوكاری زیاتر كردووەو دڵتەنگە بەوەی ناتوانێت وەك پێویست بژێوییان دابین بكات و دەڵێت: لەهەر وڵاتێكدا بریندارێكی جەنگ هەبێت حكومەت رێزی لێدەگرێت و ئەوەی پێویستیی ژیان بێت بۆی دابیندەكات، بەڵام ئێمەی بریندارانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە لە هەموو روویەكەوە پەراوێز خراوین، حكومەت وەك پێویست هاوكاری و دەستگیرۆییمان ناكات و شەرمەزاری بەردەم ماڵ و منداڵ بووین، هەروەها بەهۆی نەخۆشییەكانمەوە ناتوانم وەك هەر مرۆڤێكی ئاسایی دەستێك بەسەر منداڵەكانمدا بهێنم، هەمیشە خۆم بە غەریب دەزانم و حەزم بە تێكەڵ بوون لەگەڵ خەڵكدا نییە.

سەبارەت بە چارەسەر، هاوكار سابر رایگەیاند: بەپێی وتەی پزیشكەكان چارەسەرم لەئەڵمانیا هەیە و بۆ ئەو مەبەستە چەندینجار لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە نووسراوم بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە، بەڵام هیچ وەڵامێكیان نەبووە، شەو و رۆژ هەناسەتوندی و ئازاری سییەكانم و چاوەكانم و خورانی بەردەوامی پێستم و گرفتی دەروونی تەنگیان پێهەڵچنیووم.

وەك بریندارێكی چەكی كیمیایی هاوكار داواكاریی لەلێپرسراوان هەیەو وتی: داواكارم هاوكاری من و سەرجەم بریندارانی چەكی كیمیایی هەڵەبجە بن، بۆئەوەی لە ئامێری هەناسەدانی دەستكرد رزگارمان ببێت و بتوانین وەك مرۆڤێكی ئاسایی هەوا هەڵمژین و وەك باوكێكی ئاسایی دەستێكی میهرەبان بەسەر منداڵەكانماندا بهێنین، هەروەها تێچووی تەواوی چارەسەرەكانمان لە ئەستۆ بگرن و ئەو بڕە پارەیەی مانگانە پێمان دەدەرێت بڕەكەی زیاد بكرێت بۆئەوەی بتوانین ژیانێكی شایستە بۆ خێزانەكانمان دابین بكەین و لەم دۆخە سەختەی ژیان رزگارمان ببێت.

بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەو كەسانەی پێناسەی بەركەوتنی چەكی كیمیاییان بۆ كراوە لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان 972 كەسن، ژمارەیەكیان شەهیدبوون و ئێستا 808 بەركەوتوو لە ژیاندا ماون، لەو ژمارەیەش نزیكەی 300 كەسیان خەڵكی پارێزگای هەڵەبجەن


دابینكردنی دەرمان و چارەسەری تەواوەتی


بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەو كەسانەی پێناسەی بەركەوتنی چەكی كیمیاییان بۆ كراوە لە هەرێمی كوردستان ژمارەیان 972 كەسن، ژمارەیەكیان شەهیدبوون و ئێستا 808 بەركەوتوو لە ژیاندا ماون، لەو ژمارەیەش نزیكەی 300 كەسیان خەڵكی پارێزگای هەڵەبجەن.

هاوكات لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە راگەیاند: ژمارەیەك لە بریندارانی چەكی كیمیایی لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە رەوانەی ئێران كراون و چارەسەری هەندێكیان بەس راگرتنی نەخۆشییەكەیە بۆئەوەی زیاتر نەبێت نەوەك چارەسەری تەواوەتی، ژمارەیەك لە برینداران پێویستیان بە چارەسەری كۆئەندامی هەناسەیە لە ئەڵمانیا، هەندێكیشان كێشەی گلێنەی چاویان هەیە كە ناوبەناو دەبێت پزیشكی تایبەت بیانبینێت، ئەوانەشی چارەسەركراون كاتیی بووە و تەنیا بۆئەوەیە بارودۆخیان خراپتر نەبێت.

وتیشی: پێویستە نەخۆشخانەیەك هەبێت تایبەت بە بەركەوتووانی چەكی كیمیایی و تێیدا چارەسەر و سەرجەم پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ بەركەوتووان بەردەست بێت، ئەوانەشی  چارەسەریان لە ناوخۆ نییە بنێردرێنە دەرەوەی وڵات، داواكارین نوێنەری رێكخراوەكان و  كونسوڵ و دیبلۆماتكار و ئەوانەی دێنە پارێزگاكە، مانگانە و ساڵانە ژمارەیەك لە برینداران ببەنە وڵاتەكانیان بۆ چارەسەر.

لەبارەی هاوكاریی حكومەتی فیدراڵ بۆ بریندارانی چەكی كیمیایی، لوقمان عەبدولقادر دەڵێت: لە ماوەی رابردوودا سەردانی بەغدادمان كرد و سەبارەت بە بریندارانی چەكی كیمیایی لەگەڵ بەرپرسان كۆبووینەوە، دوای ئەوە تیمێكی تەندروستییان ناردە پارێزگاكە، بەڵام هیچ سوودی نەبوو، دۆخی برینداران نەبووەتە كەیسێكی گرنگ لەلای حكومەتی هەرێم و فیدراڵ، لەبەرئەوە تائێستا برینداران بە ئازارەوە دەناڵێنن.


ئازارەكانی بریندارێكی كیمیایی لە هەڵەبجە


بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی قوربانییانی كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەو بریندارانەی چەكی كیمیایی كە لە سنووری هەڵەبجەن، باری تەندروستییان باش نییە و رۆژانە ئۆكسجین بەكاردەهێنن، یان پێویستیان بە گۆڕینی گلێنەی چاوە نزیكە 25 كەسن و بەپێی راپۆرتی پزیشكی پێویستە بۆ چارەسەر بنێردرێنە دەرەوەی وڵات.

كەیوان یەعقوب، بریندارێكی دیكەی چەكی كیمیاییە لە پارێزگای هەڵەبجە، رایگەیاند: رۆژی 16/3 بە چەكی كیمیایی بریندار بووم و كاریگەریی لە سییەكانم و بۆری هەناسەدانم كردووە، لە ماوەی رابردوودا بە نەشتەرگەری پارچەیەك لە سییەكانم دەرهێنرا، بەڵام نەبووە هۆی باشبوونی دۆخی تەندروستیم و بەردەوام ئامێری هەناسەدانی دەستكرد بەكاردەهێنم.

وتیشی: ئەوەی زۆر كێشەی بۆ دروستكردووم، لەكاتی نووستندا بۆری هەناسەم دادەخرێت و چارەسەری بنەڕەتیشی نییە، جگە لەوە خورانی لەش و حەساسیەتی چاوم هەیە، بۆ چارەسەر پێویستە دوو مانگ جارێك سەردانی تاران بكەم، جگە لەوە رۆژانە بۆ دەرمان و چارەسەر خەرجیم هەیە و ئەوانە دۆخی ژیانیان قورس كردووم.

دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی لەڕێگەی وزەی خۆرەوە یەكێكە لە داواكارییە سەرەكییەكانی بەشێك لە بریندارانی چەكی كیمیایی لە هەڵەبجە و لەوبارەیەوە كەیوان یەعقوب گوتی: ئێمەی برینداران لەبەر دۆخی تەندروستیمان ناتوانین لەناو ماڵەكانماندا زۆپای نەوت كار پێبكەین، لەبەرئەوە پێویستمان بە دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتییە بۆئەوەی هیتەر كار پێبكەین و داوا لە حكومەت یاخود سەرمایەداران دەكەین لە رێگەی وزەی خۆرەوە بۆمان دابین بكەن.


ئەركی حكومەت


دۆخی تەندروستی هاوكار سابر و كەیوان یەعقوب، مشتێكە لە خەرواری ئازار و ناڕەحەتییەكانی بریندارانی چەكی كیمیایی، پێویستە لەسەر بەرپرسان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بە هانایانەوە بچن و چارەسەری كێشە و گرفت و ئازارەكانیان بكەن.

سمكۆ سالار قایمقامی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند: بەردەوام سەردانی ئەو كەسانە دەكەم كە برینداری چەكی كیمیایین، هەندێكیان هاوكاریكراون هەندێكیشان لە توانای ئێمەدا نییە، لەبەرئەوەی لەڕووی داراییەوە توانامان دیاریكراوە، هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئەم بابەتە بێتە سەرخەت بۆ چارەسەركردنی تەواوەتی سەرجەم برینداران و بە تایبەت ئەوانەی دۆخیان زۆر خراپە و بەردەوام پێویستیان بە ئۆكسجینە بۆ هەناسەدان.

وتیشی: پشتیوانیی سەرجەم داواكارییەكانی بریندارانی چەكی كیمیایی دەكەم و پێویستە ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات چارەسەریان هەیە بنێردرێنە دەرەوە بە تایبەت ئەڵمانیا، هەروەها دابینكردنی كارەبایی 24 سەعاتی زۆر پێویستە بۆ برینداران و داواكاری دابینكردنیمان گەیاندووەتە وەزارەتی كارەبا و چاوەڕوانی وەڵامیانین.

رۆژی 16/3/1988 رژێمی بەعس، بە چەكی كیمیایی قەدەغەكراو، شاری هەڵەبجەی بۆردومانكرد و بەهۆیەوە 5000 هاووڵاتی شەهیدبوون.

PUKMEDIA/ كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket