riklam

هاوخەمییەکان بۆ کۆچی دوایی ساڵح موسلیم

کوردستان 10:18 PM - 2026-03-11
سەرکردەی کۆچکردوو ساڵح موسلیم PUKMEDIA

سەرکردەی کۆچکردوو ساڵح موسلیم

رۆژئاڤا

شەوی 11ی3ی2026 ساڵح موسلیم محەمەد یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژئاڤای کوردستان بەهۆی نەخۆشیەوە، لەهەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک پرسەنامە و هاوخەمی ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵەکەی کرا.

دەقی پرسەنامەکان:

سەرۆک بافڵ: ساڵح موسلیم فاکتەرێکی بەهێزی یەکدەنگیمان بوو

لە دڵەوە نیگەران بووم بە کۆچی دوایی بەڕێز ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە).

بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی لە خەڵکی رۆژئاوای کوردستان، هەڤاڵانی پەیەدە و کەسوکاری سەربەرزی کۆچکردوو دەکەم و هاوبەشی خەمیانم.

بەڕێز ساڵح موسلیم وەک یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان رۆڵی لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا بەرچاو بوو و پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان فاکتەرێکی بەهێزی یەکدەنگیمان بوو بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلەکەمان.

رۆحی هەڤاڵی کۆچکردوو بۆ هەمیشە شادبێت، خوای گەورە ئارامی و دڵنەوایی بە هەموو لایەک ببەخشێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

کۆسرەت رەسوڵ عەلی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی ساڵح موسلیم دەردەبڕێت


بەرێزان خانەوادەو کەسوکاری ساڵح موسلیم

بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی تێکۆشەرو سیاسەتمەداری ناسراوی کورد (ساڵح موسلیم)م بیست، دڵگران و خەمباری کردم، هاوبەشی خەمتانم.
هەڤاڵ ساڵح موسلیم تێکۆشەرێکی دیاری رۆژئاڤای کوردستان بوو، خزمەتێکی یەکجار زۆری دۆزی میللەتەکەمانی کرد لە رۆژئاڤا، باوکە شەهید بوو و رۆڵەی خۆی بەو خاکە بەخشی و بەردەوام بوو لەخزمەتکردنی دۆزی رەوای میللەتەکەمان.
بەداخەوە بۆ ئەم کۆستەو لەدەستدانی ئەم تێکۆشەرە گەورەیەی گەلەکەمان، پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆم ئاراستەی خانەوادەو کەسوکاری هەڤاڵ ساڵح موسلیم و گەلی رۆژئاڤا دەکەم، هیواخوازم ئەمە دواکۆست و ناخۆشیتان بێت، خوای گەورە سەبووری هەموو لایەک بدات و کۆچکردوو جێگای بەهەشتی بەرین بێت.

براتان
کۆسرەت رەسوڵ عەلی

ڕفعەت عەبدوڵا: ساڵح موسلیم سەرکردەیەکی تێکۆشەربوو

بەداخەوە هەواڵی کۆچی لەناکاوی هەڤاڵ (ساڵح موسلیم)، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدەو سیاسەتمەداری دیاری ڕۆژائاوام بیست.

ساڵح موسلیم، سەرکردەیەکی تێکۆشەربوو لەبرەودان بەخەباتی هاوچەرخی کوردایەتی لەڕۆژئاواو لەخەباتی ناو ڕیزەکانی پەیەدە جێگە دەستی دیارو ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو.

بۆ ئه‌م کۆچە‌، پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی‌ خۆم ئاڕاسته‌ی‌ خێزان و هەڤاڵانی‌ ده‌كه‌م و له‌خوای گەورە داواكارم ڕۆحی‌ كۆچكردو به‌به‌هه‌شتی‌ به‌رین شادبکات و سەبرو ئارامیش بەهەڤاڵان و دۆستانی ببەخشێت.

ڕفعەت عەبدوڵا
جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


مەکتەبی سیاسی: ساڵح موسلیم نمونەی تێکۆشان بوو

بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەر و سیاسەتمەداری ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێز ساڵح موسلیم ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ، لەناخی دڵەوە پرسە و ماتەمی خۆمان ئاراستەی خانەوادە تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرەکەیان و گشت هەڤاڵانی پەیەدە و دۆست و لایەنگرانیان دەکەین .

بەڕێز ساڵح موسلیم ، لەسەرەتای شۆڕشی گەلی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانەوە ، لەڕێگەی پارتی یەکێتیی دیموکراتەوە لەگەڵ تێکۆشەرانی تر نمونەیەکی گرنگ و بەرچاویان پێشکەش کرد لە تێکۆشان بۆ بە بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لەڕۆژئاوا و بەرپاکردنی ئەزموونی خۆسەری گەلەکەمان لەو بەشەدا.

موسلیم هەروەها باوکی شەهید شەڕڤانە کە گیانی بە ئازادی وڵات بەخشی
کۆچی دوایی ئەم تێکۆشەرەی گەلەکەمان خەسارەتێکە لە کاروانی تێکۆشانی ڕۆژئاوا و دیموکراتیزەکردنی سوریای نوێ .

مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ساڵح موسلیم شۆڕشگێڕێک لەپێناوی گەلەکەیدا

پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی گەلی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان و سەرجەم کوردستانیان دەکەم بەبۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتیەکی مەزنی وەک هەڤاڵ ساڵح موسلیم.

برای ئازیزم ساڵح موسلیم شۆڕشگێڕێک بوو کە هیچ کات ماندوو نەدەبوو لە پێناو دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و هەموو کات دووبارەی دەکردەوە و دەیوت کورد پێویستە یەک دەنگ و یەکگرتووبن، ئەو هەمیشە جەختی لە ئازادیخوازی و خەباتی مەدەنی دەکردەوە، لەدەستدانی هەڤاڵ موسلیم کۆستێکی گەورەیە بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا بە تایبەتی و هەموو گەلی کورد بەگشتی بەڵام دڵنیاین ڕێبازەکەی و بیروفکری شۆڕشگێرانەی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە داواکارم خوای گەورە ڕۆحی پاکی بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: ساڵح موسلیم هەموو ژیانی بەخشی بە خەبات و تێکۆشان

بەداخەوە بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەرو سیاسەتمەدار هەڤاڵ ساڵح موسلیم سەرکردەی دیاری رۆژئاوای کوردستان.

هەڤاڵ ساڵح موسلیم هەموو ژیانی بەخشی بە خەبات و تێکۆشان لەپێناوی ئازادی و سەرفرازی بۆ کورد، بە تایبەت خەبات بۆ دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

کۆچی ئەو هەڤاڵە تێکۆشەرە خەسارەتێکی گەورەبوو کەلێنی بە ئاسانی پڕنابێتەوە، لەناخی دڵمەوە سەرەخۆشی لەخۆمان و ئاراستەی کەسوکارە تێکۆشەرەکەی و هەڤاڵانمان لە رۆژئاوای کوردستان دەکەم، هیوادارین رێگه‌ی خه‌باتی ئه‌م سه‌ركرده‌ به‌رنه‌ده‌ن و به‌هه‌مان گیان و ئیراده‌وه‌ درێژه‌ به‌ رێگه‌كه‌ی بده‌ن.

 لەخوای گەورە داواکارم سەبووری هەموو لایەک بدات..

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ

PUKMEDIA










ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket