riklam

ساڵح موسلیم، خەباتکارێکی کەم وێنە

کوردستان 10:00 PM - 2026-03-11
ساڵح موسلیم محەمەد PUKMEDIA

ساڵح موسلیم محەمەد

رۆژئاڤا

ساڵح موسلیم محەمەد یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژئاڤای کوردستان بەهۆی نەخۆشیەوە، لەهەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد.

ژیاننامە:

ساڵح موسلیم لە ساڵی 1951 لەگوندی شێرانی کۆبانێ لە خێزانێکی نەتەوەیی له‌ دایكبووه.

خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە کۆبانێ تەواو کردووە و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە وڵاتی تورکیا و لە ساڵی 1997دا بڕوانامەی ئەندازیاریی کیمیایی لە زانکۆی تەکنیکیی ئەستەنبوڵ بەدەستھێناوە ولەوێوە بەرەو لەندەن بەڕێکەوتووە بۆ فێربونی زمانی ئینگلیزی، پاش گەڕانەوەشی لە ماوەی ساڵانی 1980کاندا چووەتە وڵاتی سعودیە و بووەتە کارمەند لە دەزگای پترۆمینی سەر بە وەزارەتی نەوتی سعودیە.

هەر لە تەمەنی گەنجییەوە تێکەڵ بە کاری سیاسی بووە و کاریگەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی لەسەر بووە، هاوکات لە ساڵی 2003 دا بووە بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە چەندین جار لەلایەن رژێمی سووریاوە دەستگیرکراوە و ئەشکەنجە دراوە.

لە ساڵی 2010 دا وەک هاوسەرۆکی پەیەدە هەڵبژێردرا، لەو کاتەدا بەهۆی گوشارەکانی حکومەتی سوریاوە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانی سوریا لە ساڵی 2011، گەڕایەوە بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان.

لە دوای ساڵی 2011، ساڵح موسلیم وەک یەکێک لە دیپلۆماتکارە چالاکەکانی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەرکەوت.

نوێنەرایەتیی پڕۆژەی "بەڕێوەبەریی خۆسەر"ی کردووە لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکاندا.

ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە ڕێکخستنی بەرگریی کورد لە دژی گرووپە توندڕەوەکان و بەتایبەت لە شەڕی مێژوویی کۆبانێدا.

ساڵح موسلیم خێزاندارە و خاوەنی چەند منداڵێکە ویەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی (شێڤان) لە ساڵی  2013دا لە کاتی بەرگریکردن لە خاکی ڕۆژئاڤا لە شەڕێکدا دژی بەرەی نوسرە شەهید بوو.

هەفتەی رابردوو بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشی گورچیلە گەیەندرایە هەرێم و شەوی 11ی3ی2026 بەهۆی نەخۆشییەوە لەهەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆچی دواییکرد و بۆ دواجار ماڵئاواییکرد.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket