riklam

ئەوێ رۆژێ بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ هەولێر ئازاد كرا

کوردستان 09:15 AM - 2026-03-11
كۆسرەت رەسوڵ عەلی ساتی دەستپێكردنی راپەرینی هەولێر ئەرشیف

كۆسرەت رەسوڵ عەلی ساتی دەستپێكردنی راپەرینی هەولێر

راپەرین

دوای ئەوەی رۆژی 5ی ئازاری ساڵی 1991 راپەڕین دژ بە رژێمی داگیركەری بەعس لە رانیەوە دەستیپێكرد و دواتریش سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دیكە ئازادكران، رۆژی 11ی ئازاریش شاری هەولێر بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی ئازادكرا و رژێمی داگیركەر لە شارەكە دەركرا.

دوای ئازادكرنی شەقڵاوە و پیرمام و كۆیە، رێگا بۆ ئازادكردنی هەولێر ئاسانبوو، هەرچەندە رژێمی بەعس بە هێز و چەك و تەقەمەنییەكی زۆرەوە پارێزگاری لە هەولێر دەكرد، بەڵام ئازادكردنی شارەكە لەرۆژی 11ی ئازاردا بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، شانە چەكدارەكانی بروسك كە ژمارەیان 730 شانە بوو، دەستیان بە ئازادكردنی شارەكە كرد و لەماوەیەكی كەمدا توانییان شارەكە ئازاد بكەن.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی: شانازیت دەكرد هەولێری بیت

بە بانگەوازی (لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن) راپەڕین دەستیپێكرد و لەماوەیەكی كەمدا تەواوی هەولێر و دەوروبەری لەدامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی بەعس رزگار كران.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە سەرپەرشتی هێزەكانی دەكرد بۆ راپەڕینی شاری هەولێر، سەبارەت بەو رۆژە دەڵێت: "دوای ئازادكردنی شەقلاوە بڕیارماندا رۆژی 11ی ئازار هەولێر ئازادبكەین، چونكە ئەو رۆژە لە مێژووی كورددا رۆژێكی گەورەیە".

"ئەو رۆژە خەڵكی كوردستان یەك ئامانج و پلانیان هەبوو، سەعات شەشی بەیانی بە ناردنی بروسكەی (لەباوكی رێناسەوە بۆ شانە چەكدارەكانی بروسك، ئێمە لێتانەوە نزیكین، دەستبەكاربن) راپەڕینی شاری هەولێر دەستیپێكرد و شارەكە رزگاركرا، لەورۆژەدا شانازیت دەكرد هەولێری بیت"، كۆسرەت رەسوڵ عەلی وادەڵێت.

ئەوێ رۆژێ هەولێر گەورەترین مۆڵگەی دامودەزگاكانی بەعس بوو، هەر بۆیە رزگاركردنی كارێكی ئاسان نەبوو، سەرەڕای ئەوەش هەموو كەس شانازی دەكرد هەولێری بێت و دەستی لە رزگاریكردنی شارەكەدا هەبێت، بەسەركەوتنیشیان هەولێرییەكان سەلماندیان هەولێر شارێكی زیندووەو هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوەو هەرگیز ستەمكاری قبوڵ ناكات.

یادی راپەڕین و ئازادکردنی هەولێر لە هەمووان پیرۆز دەکەم


هاوكات لەگەڵ 35 هەمین ساڵیادی راپەڕینی شاری هەولێر، كۆسرەت رەسوڵ عەلی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند:"(35)هەمین ساڵیادی راپەڕین و ئازادکردنی هەولێر لە تەواوی کوردستانیان بەگشتی و خەڵکی تێکۆشەرو قارەمانی هەولێر پیرۆز دەکەم و هیواخوازم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە مایەی خۆشی و شادی بۆ گەلەکەمان و بیکەینە دەرفەتێک بۆ یەکڕیزی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکان.

یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانمە، (35) ساڵ لەمەوبەر لەلایەن بەرەی کوردستانییەوە سەرپەرشتی راستەوخۆی ئازادکردنی هەولێرمان پێ سپێردرا، هەر ئەوسا لە قاسمەڕەشەوە بەپلانێکی ورد، بە بەشداری رێکخستنە نهێنییەکان و شانەچەکدارەکان و هێزو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی راپەڕیوی هەولێر بە بەشداری راستەوخۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و گەیشتینە هەولێرو شانبەشانی خەڵکەکەی خۆمان لە هەولێر توانیمان لە کەمترین کاتدا هەولێر پاک بکەینەوەو سەرجەم دام و دەزگاکانی بەعس کۆنتڕۆڵ بکەین، سەرکەوتووانە و سەربەرزانە پلانەکەمان جێبەجێ کردو لەبەردەم قەڵای دێرین و سەرکەشی هەولێر ئاهەنگی سەرکەوتنمان گێڕا.

ئەمڕۆ کە یادی ئەو رۆژە مێژووییە دەکەینەوە، ناوچەکە بەدۆخێکی دژوار تێپەڕدەبێت، ئەرکە لەسەر هێزو لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی تێکۆشەران و  پاراستنی ئەزموونەکەمان یەکدەنگ بن و بەرۆحی ئەوێ رۆژێی بەرەی کوردستانی کاربکەن بۆ پاراستنی ئەزموونەکەمان و درێژەدان بەخەبات تا گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەکانمان.

دووبارە یادی راپەڕین و ئازادکردنی هەولێر لە هەمووان پیرۆز دەکەم و سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان دادەنوێنین. 

شانە چەكدارەكانی بروسك رۆڵی سەرەكییان هەبوو


لە پلانی رزگاركردنی هەولێردا شانە چەكدارەكانی بروسك رۆڵی سەرەكییان بینی و بەسەر پێنج كەرتدا دابەشبوون، كە كەرتی یەكەم لە كۆیە بۆ مەخمور و كەرتی دووەم لە كۆیە بۆ شەقڵاوە، كەرتی سێهەم لە مەخمورەوە بۆ ناو سەربازگەی هەولێر، كەرتی چوارەم لە قۆڵی شەقڵاوەوە بۆ سەربازگەی هەولێر، كەرتی پێنجەمیش دەستپێكردنی راپەڕین بوو لە ناوشاری هەولێر و لە رۆژی 11ی ئازاری 1991 شانە چەكدارەكان ئۆپڕاسۆنەكانیان دەستپێكرد.

لەگەڵ ئەوەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرپەرشتی تەواوی ئازادكردنی هەولێری دەكرد، بەڵام بەگشتی هێزی پێشمەرگە بۆ ئازادكردنی هەولێر بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، كە بەرەیەكیان كۆسرەت رەسوڵ عەلی خۆی فەرماندەیی دەكرد و بەرەكەی دیكەشیان بورهانی سەعید سۆفی فەرماندەیی دەكرد و لە خاڵی دیاریكراودا بەیەك گەیشتن، ئەمە جگە لەوەی هەموو لایەنەكانی بەرەی كوردستان بە پلەی جیاواز بەشداری ئازادكردنی شاری هەولێریان كرد.


هەر لەبارەی راپەڕینی شاری هەولێرەوە، د. رێبوار ئیسماعیل ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پێشمەرگەی دێرین رایگەیاند: "ئازادكردنی شەقلاوە لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ عەلی-یەوە بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو و ئەوەبوو رۆژی 9-3-1991، ئازادكردنی شارەكە دەستیپێكردو كۆسرەت رەسوڵ بۆ شكاندنی ورەی چەكدارانی رژێم بروسكەیەكی بۆ ئێزگەی گەلی كوردستان نارد، كە رایگەیاندبوو شەقلاوە ئازاد كرا، بەڵام لە راستیدا شەقلاوە ئازاد نەكرابوو ئەم پلانەش وایكرد ورەی هێزی بەرامبەر بەتەواوی بڕوخێت، هاوكات بەهۆی ئەو بروسكەیەوە هێزەكانی رژێم لە چەندین قەزاو ناحیەی تر خۆیان بەدەستەوەداو ئەو ناوچانەش ئازاد كران".

وتیشی: "بەرنامەكەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ ئازادكردنی شەقلاوە وایكرد هێزی رژێم دوو كەرت ببێت و ئازادكردنی شاری هەولێر ئاسانتربێت".

یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان  ئەندازیاری راپەڕینە مەزنەكە بوو، لەو چوارچێوەیەشدا پلانی رزگاركردنی شاری هەولێری داڕشتوو لە ماوەیەكی كەمدا شارەكە لە رژێمی بەعس پاككرایەوە و لەدامودەزگا داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی بەعس چۆڵكران، لەو پڕۆسەیەشدا چەندین چەكداری رژێمی بەعس كوژران و هەندێكیشیان بەدیل گیران.
هاوكات هەر لە چوارچێوەی راپەڕینە جەماوەرییەكەی ساڵی 1991 ی گەلی كورددا ، رۆژی 9-3-1991 خەڵكی شاری شەقڵاوە بە پلان و بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی دژی زوڵم و ستەمی رژێمی بەعسی روخاو و راپەڕین و ناوچەكەیان لە رژێم پاككردەوە، ئەمەش رێخۆشكەربوو بۆ راپەڕینی شاری هەولێرو سەركەوتنی راپەڕینەكەی لەو شارە مسۆگەر كرد، بەشێوەیەك لەكەمترین كاتدا شارەكە لە رژێمی بەعس پاككرایەوەو بەرەی كوردستانی بەسەرپەرشتی راستەوخۆی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جاڕی سەركەوتنیان لێدا، لە بەردەم قەڵای سەربەرزی هەولێر سەركەوتنیان راگەیاند.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket