riklam

سلێمانی بەكۆدی 1760 دیكتاتۆری راماڵی

کوردستان 09:30 AM - 2026-03-07
ساڵیادی راپەڕین لە سلێمانی PUKMEDIA

ساڵیادی راپەڕین لە سلێمانی

راپەرین

(لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، ئەمە كۆدی ئامادەكاری راماڵینی بەعس بوو لە شاری سلێمانی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە ئاڕاستەی پێشمەرگە و شانە چەكدارەكانی كرد.

رۆژی 7-3-1991، سلێمانی وەك یەكەمین شاری گەورە لە دژی رژێمی دیكتاتۆری بەعس راپەڕی و بە زەماوەند و كۆدی لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، لەماوەی دوو رۆژدا چۆكی بە رژێمی بەعس دادا و رایماڵی، كە ئەم سەركەوتنە بە خوێنی 121 شەهید و 45 بریندار تۆمار كرا.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەندازیار و خاوەندارێتی راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردە، كە توانی هێزە سیاسییە كوردستانییەكانی نێو بەرەی كوردستانی كۆبكاتەوە و ئامادەیان بكات بۆ روخاندنی رژێمی بەعس لە عیراق و بیرۆكەی راپەڕین كە لەلایەن سەرۆك مام جەلالەوە بوو، 7 مانگ پێش دەستپێكردنی بەنامەیەك لە شامەوە بۆ نەوشیروان مستەفا لە قاسمەڕەش داوای خۆئامادەكردنی بۆ راپەڕین كردبوو، سلێمانی یەكەم شاری هەرێمی كوردستان بوو كەلە 7-3-1991 لە دژی زوڵم زۆرداری راپەڕی و دژی دیكتاتۆری وەستایەوە، ئەمڕۆش 7ی 3ی 2026، سی و پێنج ساڵ بەسەر راپەڕینە مەزنەكەی شاری هەڵمەت و قوربانیدا تێدەپەڕێت.

رۆڵی رێكخراوی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راپەڕین

رێكخراوی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رۆژی 29-1-1991 دا نامە بۆ بەرپرسانی یەكێتی دەنێرێت و لە دۆخی سیاسی و ناڕەزایەتی خەڵكی شارەكانی كوردستان لە دامودەزگاكانی رژێم ئاگاداریان دەكاتەوە.

بارەگاكانی حكومەتی بەعس پێش راپەڕین سەدان كەسی بەبێ تاوان تێدا بەند كرابوون، بەتایبەت ئەمنە سورەكەی سلێمانی كە ترسناكترین شوێنی بەعس بوو لەوشارەدا، بۆیە خەڵكی سلێمانی گەنج و لاو و پیر و ژن و شانە چەكدارەكان و رێكخستنە نهێنییەكانی سەرجەم حزبەكان چاوەڕوانی 7-3-1991 یان دەكرد بۆ ئەوەی راپەڕین دەستپێبكەن.

پێش روودانی راپەڕین لە سلێمانی دام و دەزگاكانی حكومەتی بەعس دەیان پیلانیان بۆ روبەڕوبوونەوە و سەركوتكردنی جەماوەر داڕشتبوو هەروەها بەرپرسەكانی بەعس لە شاری سلێمانی ئێوارەی رۆژی 6-3-1991 بڕیاری (منع تەجەول) یان راگەیاندبوو و نەیاندەهێشت كەس لە ماڵی خۆی بێتە دەرەوە كە ئەمەش هێندەی دیكە جەماوەری بۆ راپەڕین هاندا.

رێكخراوی سلێمانی بۆ سەركردایەتی یەكێتی: ئامادەین بۆ راپەڕین

هەربۆیە لە رۆژانی 4 و 6-3-1991 رێكخراوی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوو نووسراوی بەپەلە بۆ سەركردایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەنێرێت و لە هەلومەرجی گونجاو بۆ راپەڕین و ئاڵۆزی بارودۆخی سلێمانی ئاگاداریان دەكاتەوە، لە نووسراوەكاندا زۆر بەوردی شوێنی بارەگاكانی حزبی بەعس و جەیشی شەعبی و هەموو ئەو مەفرەزانەی بەعس كە بەناو شاردا دەگەڕێن بۆ ترساندنی خەڵك دیاریی دەكات، هەروەها لە نووسراوەكەدا هاتووە" هێزەكانی رێكخراوی سلێمانی ئامادەن بۆ راپەڕین".

ئەمە جگە لەوەی رۆژانی پێش راپەڕین رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بەردەوام جەماوەر و شانە چەكدارەكانی ناو شاری ئاگادار دەكردەوە و بانگەوازی دەكرد و دەیوت: "(لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)".

لە 7ـی ئازاری ساڵی 1991 دا، راپەڕین لە دوای رانیە و بازیان گەیشتە شاری سلێمانی و ئاگادارییەك (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، راپەڕینی سەرجەم چین و توێژەكانی شاری سلێمانی دژی زوڵم زۆری رژێمی بەعسی فاشیزمی لەناوچوو دەستیپێكرد و دواتریش شارەكانی دیکەی وەك، هەولێر و دهۆك و كەركوكی قودسی كوردستان-یشی گرتەوە.

لە 7ـی ئازاری 1991 دا، هاووڵاتییانی شاری سلێمانی بەسەركردایەتی پێشمەرگە قارەمانەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەڵیانكوتایە سەر بنكەی حامیەی پۆلیس و سەرا و ئازادیان كرد، هەروەها خەڵكی شاری سلێمانی هێرشیان كردە سەر بارەگای سەرەكی ئەمنی ریژێمی پێشووی عیراق كە بەئەمنە سوورەكە بەناوبانگە و بەشێكی زۆر لە دڕندەترین سەركردەكانی ئەوكاتی رێژم بەدەستی كەسوكاری شەهیدان بەسزای گەل گەیەنران و دوای 34 ساڵیش لە ئێستادا ئەمنەسوورەكە وەك مۆزەخانەیەكی نیشتمانی ماوەتەوە و رووكەشی دەرەوەی باڵەخانەكە وەك خۆی ماوەتەوە.

مەبەست لە بروسكەكە چیبوو ؟

بروسكەی (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، چۆن نووسراو كێ نووسی و مەبەست لەچی بوو؟ خالید رەزا پێشمەرگەی دێرین، خاوەنی بیرۆكەی جفرەی (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، كە هاوكات سەرپەرشتیاری شانە چەكدارەكانی شاڵاو بوو لە ناو شاری سلێمانی، بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA وتى : "ئەوە لە ماڵی كاك حەمە نوری مام ئەحمەد ناسراو بەهاوڕێ موراد ئەندامی رێكخراوی سلێمانی كۆمەڵە لە گەڕەكی دورئەمنی ئەوكات نووسیم، مەبەست لە شەخسێكی دیاریكراو نییە، بەڵام وەك رەمزێك بوو بۆ دیاریكردنی رۆژەكە و لە ماوەی شەش مانگی رابردوودای ئەوكاتەدا نزیك بە 100 تعمیم (پەخشنامە) بۆ رێكخستنەكان و شانە چەكدارەكان نوسیبوو، لە هەموویاندا سەرنجمان بۆ ئەوە راكێشابوون، كە دەبێ بەردەوام متابەعەی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بكەن بۆ فەرمان وەرگرتن، ئێمەش لە رێی هەردوو رەتڵی پارتیزانەكانی گەرمیان كە ئەوكات شەهید حەمەرەش بەرپرسیان بوو، لەگەڵ رەتڵی سورداش كە شەهید غەریب هەڵەدنی فەرماندەی رەتڵ بوو، پەیوەندی بەردەواممان هەم بە ناوەندی كۆمەڵە بەتایبەت كاك نەوشیروان مستەفا و رادیۆوە هەبوو بروسكە و بانگەوازەكانمان بۆ رادیۆ دەنارد".
خالید رەزا پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەشڵێت: "بەتەنها یەكێتی لە دەمە دەمی راپەریندا رادیۆی هەبوو، رادیۆیەكی جێگیر لەسەر شەپۆلی 75 لە سەقز ئەویتریان گەڕۆك بوو لەلای كاك نەوشیروان بوو لە زەڵێ و قاسمەڕەش و بوونە دەنگی راپەڕین".

راپەڕین لە سلێمانی 121 شەهیدی لێكەوتەوە

لە رۆژی 8ی ئاداردا هێزەكانی راپەڕین دەستیان بەسەر تەواوی شاری سلێمانیدا گرت، ئەم سەركەوتنە مەزنەش بە رژانی خوێنی دەیان شەهید و بریندار تۆمار كرا، راپەڕین لە سلێمانی 121 شەهیدی لێكەوتەوە، لە رۆژی یەكەمدا 73 شەهید و لە رۆژی دووەمدا 48 شەهید لەگەڵ 45 برینداری پێشمەرگە و ئەندامی شانەی چەكدارەكان و هاووڵاتییان.

سەرچاوەكان:
-پانۆرامای راپەڕین 1991
-راپەڕینی ئاداری 1991 لە باشوری كوردستان 
-بروسكەنامە
-تۆڕی پەیوەندییەكانی پێشمەرگە لەشاخ (سندوقە رەشەكەی پێشمەرگە)    

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket