riklam

راپەرین، رۆژی رزگاریی و بەگژداچوونەوەی ستەم

کوردستان 01:10 PM - 2026-03-06
مۆنیومێنتی دەروازەی راپەڕین PUKMEDIA

مۆنیومێنتی دەروازەی راپەڕین

راپەرین كوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

رۆژی 5ی3ی2026، 35 ساڵ بەسەر دەستپێكی راپەڕینی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا تێدەپەڕێت، رانیە وەك پایتەختی ئازادی و دەروازەی راپەڕین لە مێژووی سەروەرییەكانی میللەتی كورددا خۆی تۆماركرد و 5-ی ئازاری كردە رۆژی رزگاریی و بەگژداچوونەوەی ستەم، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش وەك ئەندازیاری راپەڕینەكە، بوو بە هەڵگری ئاڵای شانازیی گەل و نیشتمانەكەی.

بەر لە وادە، رانیە رابوو


پلانی هێزە سیاسییەكانی كوردستان بۆ راپەڕین رۆژی 7ی3ی1991 بوو، بڕیار بوو ئەو رۆژە راپەڕین لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان بەرپاببێت، یەكێتی زیاتر لە 300 پێشمەرگەی بۆ چیای كێوەڕەشی رانیە رەوانە كردبوو، بۆئەوەی رۆژی 7-ی ئازار بەسەر بەشێك لە شار و شارۆچكەكاندا دابەشببن و هاوكار و یارمەتیدەری خەڵكی كوردستانبن، بۆ راپەڕین لە دژی رژێمی بەعس، محەمەد بچكۆل پێشمەرگەی یەكێتی و یەكێك لەو پێشمەرگانەی رەوانەی كێوەڕش كرابوو باسی ئەمەی كردووە، بەڵام تینوێتی خەڵكی رانیە بۆ راپەڕین و راماڵینی بەعسییەكان پلانەكەی پێشمەرگەی پێشخست و بەر لە وادەی دیاریكراوی خۆی و رۆژی 5-ی مانگ راپەڕین، حەماسەتی خەڵكی دەڤەرەكە بۆ هەموو كوردستان پەخش بوو، تا دوا جێگەی خاكی كوردستان لە بەعسییەكان پاك نەكرایەوە توڕەیی دانەمركایەوە.


عەلی نەبی، سیمبولی راپەڕین


شۆڕش عەلی نەبی، كوڕی شەهیدی فەرماندەی یەكێتی و یەكێك لە سیمبولەكانی راپەڕینی رانیە، باس لە ساتی دەستپێكی راپەڕین دەكات، ئەوكاتەی شەهید عەلی نەبی و بەشێك لە هەڤاڵەكانی دێنە نێو شاری رانیە، دروست دەگەنە (مزگەوتی ناجیەخان) وەك یەكەم جێگەی بەرپابوونی شۆڕشێكی مەزن، یەكەم فیشەكی بە گژداچوونەوە لەلایەن عەلی نەبی-یەوە دەتەقێندرێت و وەك یەكەم ئەنجامیش یەكێك لە بەعسییەكان دەكوژن و یەكێكی دیكەش بریندار دەكەن، ئەمە ئەو ساتەیە خەڵكی ئەگەر پێشوتر، ترسی هەبووبێت، ئیدی رەوییەوە و تێكڕا، گەنج و پیر، كوڕان و كچانی شار وەدەركەوتن و خرۆشی ئازادی  لە ناخیاندا كڵپەی كرد و شۆڕش یەكەم سەركەوتنی تۆماركرد، بە وتەی شۆڕش كوڕی شەهیدعەلی نەبی، باوكی و هەڤاڵەكانی ئامانجی پێشوەختەی بەعسییەكان بوون، بە دوایاندا دەگەڕان، دەیانزانی شەهید عەلی، بەڵێی یەكێتی پێیە بۆ راپەڕین، هەست بە جموجۆڵ دەكرا، بەڵام بەر لە دوژمن، ئەوان گورزی كەمەرشكێنی خۆیان وەشاند.

كچان و ژنان، هاوشانی پیاوان راپەڕین


لە راپەڕیندا، هەر بە تەنها پیاوان پێشمەرگەی تێكۆشەر نەبوون، لەگەڵیاندا كچان و ژنانی خەباتگێڕ هەبوون، رۆڵی ئەوان لەو شۆڕشەدا هیچی لە پیاوان كەمتر نەبوو، گوڵشەن حەمەد ئیبراهیم كە تائێستا كادیری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە و بەردەوامە لە خەبات، بۆ بەدیهاتنی مافی كورد و كوردستان درێغی ناكات، یەكێك بووە لە بەشدارانی كارای راپەڕین، لینكی سەركردایەتی و رێكخستن و شانە چەكدارەكان بووە، لە گێڕانەوەی بیرەوەری ئەوێ رۆژێ دەڵێت: لەناو رانیە نەبووم، فەرمان لە سەركردایەتی یەكێتییەوە هات هەر زوو بگەمە رانیە، ئامادەكاری تەواومان كرد، پەیامی سەركردایەتیم بە رێكخستنەكانی ناوشار گەیاند، هی ئەوانیشم بە شانە چەكدارەكان و لەوانیشەوە بۆ سەركردایەتی دەگەیاند، پلانی راپەڕین كە 7-ی مانگ بوو، لای هەموو هێزە نهێنی و ئاشكراكان ئەوە رونكرابووەوە، بەڵام حەماسەتی خەڵك پلانەكەی بۆ 5-ی مانگ پێشخست، دەكرێ ئەوە هەنگاوێكی ئەرێنی بووبێت بۆ سەرخستنی راپەڕین، لەبەرئەوەی بەعس ئامادە نەبوو، سەری لێشێوا بوو، نەیتوانی بە پلانی خۆی بەرپەرچی ئێمە بداتەوە.

نەوەی دوای راپەڕین شانازی بە راپەڕینەوە دەكەن


راگواز جەبار ساڵێك دوای راپەڕین لەدایكبووە، سەردەمی رژێمی بەعسی تەنها لە دەمی كەسەكانی بیستووە و لەسەر پەڕی كاغەز خوێندویەتییەوە، بە یادكردنەوەی ئەو رۆژە و كاتێك قسە دەكات، حەماسەتێك دەیگرێ وەك ئەوەی خۆی تاڵیی و ئازاری بەعسییەكانی چەشتبێت، هەستی شانازیی بە شارەكەی، بە باوك و كەسە راپەڕیوەكانی بە روونی بە قسەكانییەوە دەبینرێت، هاوكات نیگەرانیشە، نیگەرانیی ئەو بۆ خزمەتی زیاترە، بۆ وڵاتێكی بەختیارترە و دەڵێت: ناكرێت وەڵامی شەهیدانی راپەڕین بە مووچە بڕین، بێكاریی و بێ خزمەتگوزاری بدرێتەوە، ئەم گەلە ماندووە، لە كۆی هەموو ئەو خەبات و مێژووە تێكۆشانەی دەیان و سەدان ساڵە هەوڵی بۆ دەدەین، هەرێمێكی لێهاتووەتە بەرهەم كە بە دڵی زۆرینە نییە، ناكرێت لەو هەرێمەی خۆمان حكومی دەكەین، خەڵك بەو رادەیە نیگەران بێت، یان شارێكی وەك رانیە كە مێژوو شاهێدی قوربانییەتی بەو جۆرە پشتگوێ بخرێت، گەنجەكانی لەبەر بێدەرامەتی و بێكاریی وڵات جێدەهێڵن و رێگەی هات و نەهاتی وڵاتانی ئەوروپا دەگرنەبەر.

راگواز وتیشی: ئێمە وڵاتی خۆمان خۆشدەوێت، شانازیی بە مێژوو و سەروەرییەکانییەوە دەکەین، ئەمەم وەک داواکارییە و رووی دەمم لە بەرپرسانی باڵایە، تکایە ئێوەش وڵاتتان خۆشبوێت، گەلە ماندووەکەیتان خۆشبوێت و بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری وەفاداربن بەرامبەر بە شەهیدان و کەسوکاریان.

 PUKMEDIA / کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket