جەبار یاوەر: داعشە گوازراوەکان مەترسین بۆ عیراق
عیراق 03:34 PM - 2026-03-03
رۆیتەرز
گواستنەوەی داعشەکان
لەگەڵ گۆڕانکارییەکان لە هاوکێشە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە. بە ئەندامبوونی سوریا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە سەرپەرشتی ئەمریکا، ئاماژەیەکی روونە بۆ گۆڕانی ستراتیژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، ئەمەش تەنها پرسێکی سەربازیی نییە، بەڵکو کۆمەڵێک پرسیار و نیگەرانی قووڵی لەسەر ئاستی ئەمنی و یاسایی دروست کردووە، لەلایەک، گواستنەوەی هەزاران چەکداری دەستگیرکراوی داعش بۆ ناو خاکی عیراق، لەلایەکی تر، نەبوونی یاسایەک لە سوریا بۆ دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، ناوچەکە دەخەنە بەردەم ئاڵنگارییەکی گەورە، کە ترس هەیە جارێکی دیکە ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بخاتە تەنگژەوە.
سوریا و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش
سەبارەت بەمە، فەریقی یەکەم، جەبار یاوەر شارەزای کاروباری سەربازی و ئەمنی، رایگەیاند: دەستنیشانكردنی سوریا وەك ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئەوە بڕیاری هاوپەیمانییەیە و پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستان و عیراقەوە نییە. ئەو هاوپەیمانییە لە مانگی 8ی ساڵی 2014ەوە دروستبووە و ئەمریكا سەرپەرشتی دەكات، ئەوان بڕیاردەدەن چ لایەن و وڵاتێك دەكەنە بەشێك لەو هاوپەیمانییە، وەك چۆن پێشتر هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی سوریای دیموكرات كرانە بەشێك لەو هاوپەیمانییە، ئێستاش ئەوان بەهۆی باشیی پەیوەندییان لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا، بوونەتە ئەندام، بەهۆی ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا و رژێمی سوریا چەند ئۆپەراسۆنێكی هاوبەشیان کردووە كە بۆتە هۆی دەستگیركردن یان كوشتنی بەشێك لە سەركردە ناوەندییەكانی داعش، چونكە ئەمریكا سەركردایەتییە ناوەندییەكانی لە سەركردە باڵاكان لا گرنگتربووە بۆئەوەی بیاندۆزێتەوە، لەکاتێکدا بەشێكیان پێشتر شاراوە و نادیاربوون، بەڵام دیارە سوریا زانیاریی لەسەریان هەبووە، بۆیە تائێستاش ئۆپەراسیۆنەكانی نێوانیان بەردەوامە، بەڵام بابەتی زیندانییەكان بڕیاردرا بگوازرێنەوە بۆ عیراق، ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیە، كە یەكێكان ئەوەیە ئەو زیندانیانە ئازاد نەكرێن یان پەیوەندیی دروستنەكەنەوە لەگەڵ شانە نووستووەكانی داعش.
ناردنەوەی دەستگیرکراوەکان بۆ وڵاتەکانیان
بوونی ئەو دەستگیرکراوانە لە عیراق و سوریا تا ئەوكاتەی وڵاتەكانی خۆیان وەریاندەگرنەوە، هێشتا مەترسین لەهەر شوێنێك بن، رۆژئاوای كوردستان بێت یان ئێستا كە هێنراونەتە عیراق. جەبار یاوەر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: ئەمانە كۆمەڵێك فەرماندە و چەكداری داعشن و تائێستاش بڕوایان پێیەتی و هەڵگری بیروباوەڕی گروپەکەن، لەبەرئەوە لە هەر ناوچەیەك بن مەترسین بۆسەر ئاسایشی ئەو ناوچەیە، جا ئەگەر لە عیراق بێت یان لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان، نەك ئەو داعشانە، بەڵكو ئەو كەمپەی كە پێی دەوتریت هۆل، زیاتر لە 50 هەزار كەسوكاری ئەو داعشانەی تێدایە كە هەندێكیان كوژراون یان لە زیندانەكاندان، ئەوانیش مەترسی گەورەن بۆسەر ئاسایشی سوریا و عیراق و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە زۆربەیان تائێستاش پەروەردەكراوی بیروباوەڕی توندڕەوی تیرۆریستیی داعشن، بۆیە باشترین رێگا بۆ چارەسەركردنی ئەو زیندانییانە ئەوەیە، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆریان عیراقی نین و سوری و بیانین، هەریەكەیان بەپێی ناسنامەكانیان بگوازرێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان و لەوێ دادگایی بكرێن بۆئەوەی مەترسییەكە تەنها لەسەر یەك ناوچە نەبێت، بەڵکو بچنەوە وڵاتەكانی خۆیان و لەوێ چارەسەری ئەو كێشەیە بكرێت.
تاوانەكانی داعش
هەر سەبارەت بەم پرسە و لەلایەنی یاسای نێودەوڵەتییەوە، د.ئاوارە حسێن مامۆستای زانکۆ وتی: هەموو وڵاتێك ئەركێكی یاسایی لە ئەستۆدایە سەبارەت بە رادەستكردنەوە یاخود دادگایكردنی تۆمەتبارانی تاوانی نێودەوڵەتی. سەبارەت بە دەستگیركراوانی داعش-یش دەبێت لەهەر وڵاتێك دەستگیركراون لەوێ دادگایی بكرێن یاخود دەبێت رادەستی وڵاتەكانی خۆیان بكرێنەوە بۆ دادگاییكردن یان پێویستە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دادگایی بكرێن ئەگەر هاتوو ئەو دەستگیركراوانە هاووڵاتی دەوڵەتێك بن و دەوڵەتەكەیان ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بێت، بەڵام حكومەتی سوریا ناتوانێت دادگاییان بكات، نەتوانین بەو مانایە نا كە دەسەڵاتی نەبێت، بەڵكو لە رووی دامەزراوەی یاساییەوە تا ئێستا لە سوریا بۆ جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەكان یاسایەكی سەربەخۆ بوونی نییە، بەشێك نییە لە یاسای سزادان و یاسای تاوانی نێودەوڵەتی، بەهۆی ئەوەی دەستگیركراوەکانی داعش تاوانی نێودەوڵەتییان کردووە، بۆیە دادگاییكردنیان بە گوێرەی یاسای تیرۆر یان یاسای سزادان و تاوانی سوریا پچووكردنەوەی تاوانەكەیانە، کەواتە واباشترە رادەستی وڵاتەكانی خۆیان بكرێنەوە یان رادەستی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییان بكەن.
وتیشی: ئەركی هەموو دەوڵەتێكە ئەو كەسەی لە چوارچێوەی وڵاتەكەیدایە و لەژێر دەسەڵاتیدا دەستگیركراوە، جا ئەگەر هاتوو لەو وڵاتە تاوانی کردبێت یان لە وڵاتێكی تر، ئەوا ئەركێتی خۆی دادگایی بكات یان رادەستیبكاتەوە بە وڵاتەكەی خۆی یاخود بە دادگای نێودەوڵەتی، چونكە ناتوانێت مافی پەنابەرێتی پێبدات و پێویستە ئەو وڵاتە دادگایی بكات و دادگاییەكی راستەقینە بێت، نەك دادگاییەك بێت بۆ لابردنی بەرپرسیارێتی تاوان لەسەر ئەو كەسەی دەستگیركراوە، یاخود سزای قورستری بدات یاخود سزایەكی سووكتری بدات لەو تاوانەی کردوویەتی، كە یاسا سزاكەی دیاریكراوە.
دادگای نێودەوڵەتیی قورسە
لە بەشێكی دیکەی قسەكانیدا ئەو مامۆستای زانكۆیە جەختیکردەوە، پێویست بوو كورد بۆ رێككەوتن مەرجی بۆ حكومەتی سوریا دابنایە، كە دەبوو سوریا وەكو دەوڵەت ببێتە ئەندامی هەمیشەیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵام تائێستا نەبووە. ئەمە خاڵێكی لاوازە، لە عیراق و لە سوریاش، كورد بە هەندی نەگرتووە، چونكە بە ئەندامبوونی سوریا و عیراق و توركیا و ئێران زۆر سوودی بۆ خودی دەوڵەتەكان دەبێت، دواتر سوودی بۆ كوردیش دەبێت، بەتایبەت كە کورد بەسەر ئەو چوار دەوڵەتەدا دابەشکراوە، بۆیە باشتر بوو ئەو دەوڵەتانە ببن بە ئەندام، ئەوکات تا رادەیەكی باشتر مافەكانمان پارێزراوتر دەبوون، لە ئەگەری ئەنجامدانی تاوان دژی گەلی كورد، ئەوكاتە دادگا لەسەرمان هەڵوێستی وەردەگرت و لێكۆڵینەوەی لە تۆمەتباران و بکەرانی دەكرد، چونكە تاوانەكانی پێشتری داعش و ئێستای حكومەتی نوێی سوریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد شەرع کردوویانە، تاوانی نێودەوڵەتیین و تەنها تاوانی جەنگ نین، چونكە تاوانی جەنگ سێیەم تاوانە لە ریزبەندیی تاوانە نێودەوڵەتییەكان و یەكەم تاوان جینۆسایدە و دووەم تاوانی دژبە مرۆڤایەتییە، بە بۆچوونی من ئەم سێ جۆرە تاوانەیان کردووە، هەروەها دروستكردنی دادگایەكی تایبەتمەند قورسە، لەبەرئەوەی خەرجی زۆرە، چونكە نەتەوە یەكگرتووەكان پێشتر تەنها دوو دادگای پێكهێناوە ئەویش دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە یوگۆسلاڤیای پێشوو ساڵی 1993 و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ رواندا لە ساڵی 1994، ئەگەر ئێمە بمانەوێت دادگایەك پێكبهێنین، دەبێت ئەو دادگایە بە ستانداردی نێودەوڵەتی بێت، پێویستە دادوەرەكانی نێودەوڵەتی بن و بە یاسای تاوانی نێودەوڵەتی ئەو تۆمەتبارانە دادگایی بكرێن، بۆیە ئەو دادگایە لەئێستادا قورسە پێكبهێنرێت، باشترین چارەسەر ئەوەیە ئەگەر حكومەتی سوریا نەبێت بە ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، ئەوا دەتوانێت دەسەڵاتەكانی ئەو دادگایە پەسەندبكات بۆ ئەوەی ئەو تۆمەتبارانەی تاوانیان کردووە لەناو خاكی سوریا، یاخود ئەو تاوانبارانەی تاوانێكیان كردووە و هاووڵاتی دەوڵەتێكی ئەندامن، راستەوخۆ لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دادگایی بكرێن، واتە حكومەتی سوریا ئەگەر نەبێت بە ئەندام، ئەوا دەتوانێت دەسەڵاتە دادوەرییەكانی دادگاكە پەسەندبكات بۆ لێكۆڵینەوە لەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە کراوە لە خاكی سوریادا.
عیراق و هاتنی داعش
لای خۆیشیەوە، بەهمەن تاهیر نەریمان توێژەر و لێكۆڵەر وتی: دەزگا ئەمنییەكانی عیراق مەحاڵە بتوانن كۆنترۆڵی ئەو ناوچە فراوانە بكەن كە هاوسنوورە لەگەڵ سوریا، چونكە لە رووی عەشایرییەوە، عەشیرەتەكانی عیراق و سوریا پەیوەندییەكی لە مێژینە و توندوتۆڵیان هەیە، ئەو پەیوەندییە دەبێتە هۆی دزەكردن و گواستنەوەی چەكدارانی داعش و گروپەكانی تر كە زۆر بە ئاسانی دەتوانن بەهۆی ئەو پەیوەندییانەوە هاتووچۆ بكەن و بگەنە عیراق، چونكە بابەتەكە زۆر لەوە وردترە، كە دەزگای ئاسایشی عیراق بتوانێت كۆنترۆڵی بكات، چونكە پێشتر لەو سنوورانەوە گروپە جیهادییەكان بە ئاسانی هاتوچۆیانكردووە، زیندانییەكانی داعش، دەتوانن بە ئاسانی پەیوەندیی بكەنەوە بەو هێزانەوە كە دزەیانكردووەتە ناو خاكی عیراق، چونكە پەیوەندیی نێوان ئەو چەكدارانە پەیوەندییەكی ئۆرگانی و ئایدۆلۆژییە، بۆیە دەتوانن بە ئاسانی پەیوەندی ببەستن و دووبارە خۆیان رێكبخەنەوە، بەڵام ئەمە كاتێك روودەدات بۆشاییەكی ئەمنی گەورە دروست ببێت لە عیراقدا، هەر كاتێكیش ئەو بۆشاییە ئەمنییە دروستبوو، ئەوان ئامادەن، ئەوكاتە ئاسان خۆیان كۆدەكەنەوە و یەكدەگرن و دەستدەكەنەوە بە چالاكییەكانی خۆیان.
بڵاوبوونەوەی فیكری داعش
وتیشی: هەمیشە مەترسی بڵاوبوونەوەی فیكری داعش لەلای ئێمە هەیە بە تایبەتی لە ناوچە عەرەبییە سوننییەكان، چونكە ئەگەری گەشەكردنیان لەناو بیركردنەوەی وتاری ئاینیماندا ئاسانە، جگەلەوەی سوننەكان لە عیراق دەسەڵاتیان لێ وەرگیراوەتەوە و رێگە خۆشكەری باشیش هەیە بۆئەوەی ئەو بیروبۆچوونانە لەو ناوچانە گەشە بكەن و گەشەشیان كردووە، چونكە پێگەیەكی كۆمەڵایەتیی بەهێزیان هەیە، بۆیە وەكو فیكر ماوەیەكی زۆرە بڵاوبووەتەوە و تا ئێستاش سنوورێكی جدییان لە رووی فیكرییەوە بۆ دانەنراوە، لە لایەكی ترەوە من وەكو ئەوەی مامەڵەم لەگەڵ بەشێكی ئەو زیندانیانەدا كردووە و سەردانی زیندانەكانم كردووە، هیچ شتێك نییە بۆ ئەوەی مامەڵەی توندڕەوییان كەمبكاتەوە، بە پێچەوانەوە زیندانەكانی عیراق بوونەتە شوێنێك بۆ خۆكۆكردنەوەی ئایدۆلۆژی و دروستكردنی گروپی جۆراوجۆر لەناو زیندان و دواتر كە دێنە دەرەوە دەست بەچالاكی دەكەنەوە، بۆیە ئێستا زیندانەكانی عیراق ئامادەیە بۆ پەرەپێدانی ئەمانە، نەك لە رادیكاڵی خستنیان.
PUKMEDIA ئا- هیوا كازم/ كوردستانی نوێ
هەواڵی زیاتر
-
بەرهەمهێنانی نەوت لە عیراق و هەرێم راگیراوە
05:04 PM - 2026-03-03 -
نهورۆزی ئهمساڵ لهسلێمانی جیاواز دهبێت
03:26 PM - 2026-03-03 -
خوێندنی باڵا بڕیارێک سەبارەت بەخوێندکارانی پۆلی 12 دەردەکات
01:23 PM - 2026-03-03 -
میلانیا ترەمپ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات
12:26 PM - 2026-03-03
ئەمانەش ببینە
بەهۆی جەنگەوە 11 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوە
12:39 PM - 2026-03-03
داستانی ئهفسوناوی و نهڕهی شێرو بهڵێنی راستگۆیی، جیهان بهرهو كوێ دهبات ؟
11:18 AM - 2026-03-03
موەلیدە ئەهلییەکان دەکەونەوە کار
11:09 AM - 2026-03-03
سەرۆک بافڵ: یاد و یادەوەرییەکانی حەمید مەجید موسا بەرز ڕادەگرین
09:39 AM - 2026-03-03
زۆرترین خوێنراو
-
موەلیدە ئەهلییەکان دەکەونەوە کار
کوردستان 11:09 AM - 2026-03-03 -
جەنابی وەزیری کارەبا تکایە وەڵامیان بدەرەوە؟
بیروڕا 10:42 AM - 2026-03-03 -
كورد لهم جهنگهدا..!
بیروڕا 10:27 AM - 2026-03-03 -
یەک بەرمیل نەوت بە نزیکەی 79 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
جیهان 09:51 AM - 2026-03-03 -
سەرۆک بافڵ: یاد و یادەوەرییەکانی حەمید مەجید موسا بەرز ڕادەگرین
کوردستان 09:39 AM - 2026-03-03 -
هاووڵاتیان دڵنیا دەکرێنەوە لە بوونی پێداویستی پزیشکی لە هەرێم
کوردستان 07:28 PM - 2026-03-02 -
وەزارەتی رۆشنبیری کەناڵەکانی راگەیاندن ئاگادار دەکاتەوە
کوردستان 04:13 PM - 2026-03-02 -
مەكتەبی سكرتارییەت: مامۆستایانی ئاینی رۆڵی خێرو ئاشتیانەیان گێڕاوە
ی ن ک 04:08 PM - 2026-03-02



.jpg)



دابەزێنە

