ناسیۆنالیزم وەک بژاردەیەکی سیاسی
بیروڕا 12:52 PM - 2026-02-24
PUKMEDIA
دانا بەهادین
ناسیۆنالیزم وەک یەکێک لە چەمکە بەهێز
و بە کاریگەرەکانی بیری سیاسی و کولتووریی سەردەمی مۆدێرنە پێناسە دەکرێت و توانیویەتی
نەخشەی سیاسی جیهان و ناسنامەی گەلان دابڕێژێتەوە. لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ
پێناسەکردنی کۆمەڵە مرۆڤێک لە چوارچێوەی یەکەیەکی سیاسی و کولتووریدا کە پێی
دەوترێت نەتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ توخمە هاوبەشەکانی وەک زمان و مێژوو و
کولتوور و زۆرجار خاکێکی دیاریکراو بەدی دێت.
جۆن
هاتچنسن دەڵێت: ناسیۆنالیزم تەنها دروشمێکی سیاسی
نییە، بەڵکو جووڵانەوەیەکی قووڵە و ڕەگی لە ناو یادەوەری بەکۆمەڵ و نەریتە کۆنەکان
و مێژوودا داکوتیووە. لە
چوارچێوەیەکی فیکری و دەروونی وا دروست دەبێت کە مرۆڤەکان تێیدا هەست بە ئینتما
بکەن و خۆیان وەک یەکەیەکی یەکگرتوو بە چارەنووسێکی هاوبەشەوە ببینن، ئەمەش دەبێتە
بنەمایەک بۆ دروستبوونی دڵسۆزی و شانازی نەتەوەیی.
لە ڕووی تیۆرییەوە ناسیۆنالیزم
ڕەهەندی جیاوازی هەیە بە نمونە تیوریسیانێکی وەک ئێرنست گێڵنەر جەخت لەسەر ئەوە
دەکاتەوە ناسیۆنالیزم پێویستییەکی سەردەمی مۆدێرنەیە، چونکە دەبێتە هۆی گونجاندنی نێوان
کولتوور و پەروەردە و پێکهاتە سیاسییەکان بە شێوەیەک کە خزمەت بە گەشەپێدانی
ئابووری و کۆمەڵایەتی بکات و لە ڕێگەی دروستکردنی کولتوورێکی نەتەوەیی ستاندارد و
سیستەمێکی پەروەردەیی یەکگرتوو بنەمایەک بۆ دەوڵەتسازیی پێشکەوتوو دادەڕێژێت. لە
مێژووی هاوچەرخدا ناسیۆنالیزم ڕۆڵێکی ڕزگاریخوازی گێڕاوە و بووەتە بزوێنەری سەرەکی
بۆ گەلە چەوساوەکان تا ڕووبەڕووی داگیرکاری ببنەوە، وەک چۆن لە دوای جەنگی جیهانی
دووەم بووە هۆی کۆتاییهێنان بە کۆلۆنیالیزم لە ئەفریقا و ئاسیادا. دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتیش یارمەتی وڵاتانی
ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی دا بە ئامانجی بەدەستهێنانەوەی سەروەری و بونیادنانەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ.
بەڵام پێویستە ئەوەش بزانرێت ناسیۆنالیزم ئاراستەیەکی
فکری دوو سەرەیە و دەکرێت لێکەوتەی بونیادنەر یان وێرانکەری لێبکەوێتەوە، چونکە لە
لایەکەوە یەکڕیزی و هاوپشتی و بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ بەهێز دەکات. هاووڵاتیان هان
دەدات بۆ پاراستنی میراتی کولتوورییان وەک ئەوەی لە ناسیۆنالیزمی ژاپۆنیدا بینرا و
بووە هۆی خێراکردنی مۆدێرنە یان ناسیۆنالیزمی هیندی کە گەلێکی هەمەجۆری لە دژی
داگیرکاری یەکخست. لە لایەکی ترەوە کاتێک ناسیۆنالیزم لە بەها ئەخلاقی و
دیموکراتییەکان دادەماڵرێت و بەرەو توندڕەوی و ئۆڵتراناسیۆنالیزم (ناسیۆنالیزمی
پەڕگیر) دەچێت، بێگومان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ڕەگەزپەرستی و باوەڕبوون بە
باڵادەستی نەتەوەیەک بەسەر نەتەوەکانی تردا و مێژوویەکی ڕەشی وەک ئەڵمانیای نازی و
شەڕە خوێناوییەکانی باڵکانی لێ دەکەوێتەوە کە تێیدا مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی جینۆساید
و پاکتاوی ڕەگەزی کردەوە.
بۆ گەلی کورد ناسیۆنالیزم خاوەن
واتایەکی قووڵتر و جیاوازترە، چونکە کورد وەک یەکێک لە گەورەترین نەتەوە بێ
دەوڵەتەکانی جیهانەو ژیانێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ بەڕێ دەکات،
هەمیشە لە ململانێدا بووە بۆ پاراستنی بوونی خۆی. لێرەوە ناسیۆنالیزم بۆ کورد تەنها
ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی نییە، بەڵکو ئامرازێکی سەرەکییە بۆ مانەوە و بەرگریکردن لە
ناسنامەیەک کە لەمێژە ڕووبەڕووی نکۆڵیکردن و هەوڵی سڕینەوە بووەتەوە. ناسیۆنالیزمی
کوردی لە ڕووی دەروونییەوە یارمەتی هەستانەوەی گەل دەدات لە ناو ئەو تراوما نیشتمانییەی
بەهۆی چەوسانەوە و ئەنفال و کیمیابارانەوە تووشی بووە، هەروەها لە ڕووی سیاسییەوە وەک میکانیزمێک کاردەکات بۆ
پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی وەک خوێندن بە زمانی دایک و پاراستنی کولتوور کە
ئەمانە بنەمای هەر نەتەوەیەکن. لەبەر ئەوەی کورد خاکەکەی دابەش کراوە و لەیەک
داپچڕێندراوە بۆیە ناسیۆنالیزم بۆ ئەم گەلە وەک تاقە نیشتمانێکی مەجازی وایە و
سنوورە دەستکردەکان دەبڕێت و یەکڕیزی لە نێوان کوردانی ناوخۆ و دیاسپۆرادا دروست
دەکات. ئەم هۆشیارییە نەتەوەییەش رێگرە لەوەی کورد لە ناو کولتوورە باڵادەستەکاندا
بتوێتەوە. لە قۆناغی ئێستادا ناسیۆنالیزمی کوردی دەتوانێت بەرەو مۆدێلێکی مەدەنی و
کراوە گەشە بکات و تێیدا جەخت لەسەر بە دیهێنانی مافە سەرەکییەکانی وەک دەوڵەت و
سەربەخۆیی بکاتەوە، دواتر پرۆسەیی
پێکەوەژیان لەگەڵ ئەوانی دیدا بکاتە یەکێک لە پرەنسیپەکانی خۆی. هەر بۆیە
گرنگە سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەت لە خانەی یەکەم و دیموکراسیی و پێکەوە ژیانیش
لە خانەی دووەم دابنێت. ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزم دەبێتە هۆی ئەوەی کورد بەرپرسیار
بکات لەوەی کە نەک بە تەنها گرنگە مافە
نەتەوەییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت، بەڵکو پێویستە ببێتە فاکتەری ئارامی و گەشەپێدانی دیموکراسی لە
هەموو ناوچەکەدا و جێگە بە ناسیۆنالیزمی پەڕگیریی دەوڵەتانی ناوچەکە لێژ بکات کە
لایەنگری سەرسەختی داگیرکاری و هەژموونگەرین و دژ بە پرۆسەی دیموکراسیی و پێکەوە
ژیانن.
ناسیۆنالیزم گەورەترین تاقیکردنەوەیە
بۆ ئیرادەی گەلان، بۆ گەلی کوردیش گرتنەبەری ئەم ڕێگەیە بە دانایی و بەرپرسیارێتییەوە
کلیلی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی. بێگومان ناسیۆنالیزم کاتێک
دەبێتە هێزێکی متمانە پێکراو کە خزمەت بە ئازادیی مرۆڤ و پاراستنی مافەکانیان بکات
و بتوانێت لە ناو جەنجاڵی ململانێکاندا داهاتوویەکی ڕوون بۆ نەوەکانی ئایندە
دەستەبەر بکات. تێکۆشانی کورد لە ژێر سایەی ناسیۆنالیزمدا ئەگەر خاوەنی ئیرادەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو و
هۆشیارییەکی سیاسی مۆدێرن بێت، ئەوا دەبێت بە هەوڵێک بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی
کە ناکرێت و نابێت تا هەتایە بێبەش بکرێت
لە مافی بڕیاردان لە چارەنووسی.
هەواڵی زیاتر
-
ساڵێکە حکومەت ئامادە نیە ئامێری تیشکی موگناتیسی هەڵەبجە چاکبکاتەوە
09:10 PM - 2026-02-24 -
رێباز بێرکۆتی: یەکێتی پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ بنەماڵەی ئەلحەکیم هەیە
08:54 PM - 2026-02-24 -
پهرلهمانتارێكی یهكێتی بهڵێنهكهی بۆ نابیستان بردەسەر
01:13 PM - 2026-02-24 -
بەفر و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە
12:08 PM - 2026-02-24
ئەمانەش ببینە
سەرۆک بافڵ بۆ مەزڵوم عەبدی: لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوای کوردستان بەردەوام دەبین
06:39 PM - 2026-02-24
سەرۆک بافڵ و تۆم باراك: دۆخەکە وادەخوازێت کورد یەک دەنگ و یەکگرتوو بێت
06:21 PM - 2026-02-24
مهڵبهندی خانهقین: یاریكردن بهسنووری خانهقین، یاریكردنه بهسهقامگیری ناوچهكه
03:40 PM - 2026-02-24
ئاسایشی ههرێم نزیكهی 700 كیلۆگرام ماددهی هۆشبهر لهناو دهبات
02:42 PM - 2026-02-24
زۆرترین خوێنراو
-
پهرلهمانتارێكی یهكێتی بهڵێنهكهی بۆ نابیستان بردەسەر
کوردستان 01:13 PM - 2026-02-24 -
ناسیۆنالیزم وەک بژاردەیەکی سیاسی
بیروڕا 12:52 PM - 2026-02-24 -
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر: یەکێتی دەستوەردان لەکارەکانی ئیدارەی سلێمانیدا ناکات
کوردستان 12:32 PM - 2026-02-24 -
بەفر و بارانبارین دەستپێدەکاتەوە
کوردستان 12:08 PM - 2026-02-24 -
لیستی مووچە و تەرازوی پێداچوونەوە رادەستی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی کرا
کوردستان 11:39 AM - 2026-02-24 -
وەفدێکی باڵای دیبلۆماسی و بازرگانی ئیتاڵیا سەردانی سلێمانی دەکات
کوردستان 11:16 AM - 2026-02-24 -
ئاسایشی نیشتمانی: مانەوەی زیندانییە گواستراوەکان لە عیراق کاتییە
عیراق 10:21 AM - 2026-02-24 -
باجی گومرگی نوێی ترەمپ بەرێژەی %10 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
جیهان 09:39 AM - 2026-02-24



.jpg)



دابەزێنە

