riklam

یەکێتی و مێژووی بەرەنگاربوونەوەی ئەنفالی یەک لە دۆڵی جافایەتی

کوردستان 09:59 AM - 2026-02-22
مۆنۆمێنتی ئەنفال لە دۆڵی جافایەتی PUKMEDIA

مۆنۆمێنتی ئەنفال لە دۆڵی جافایەتی

تاوانی ئەنفال

لەکاتێکدا رژێمی بەعس لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا هەموو توانایەکی سەربازیی خۆی بۆ لەناوبردنی شۆڕشی کورد تەرخان کردبوو، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک هێزێکی کاریگەر توانیبووی لە رێگەی شەڕی پارتیزانی سوپای عیراق تووشی شۆک بکات، تەنانەت نزار خەزرەجی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەوکاتی عێراق، لە یادەوەرییەکانیدا دان بەوەدا دەنێت کە یەکێتی شێوازی شەڕی گۆڕیبوو و ناوچەکانی (قەرەداغ، ماوەت، و پێنجوێن)ی کردبووە مەیدانی تێکشکانی تیۆرییە سەربازییەکانی بەعس.

سەرەتای شاڵاوەکە و بڕیاری جینۆساید

لە حوزەیرانی ١٩٨٧دا، بە فەرمانی سەدام حوسێن، (عەلی حەسەن مەجید) دەسەڵاتی ڕەهای لە کوردستان پێدرا. یەکەم بڕیاری مەترسیداری (بڕیاری ٤٠٠٨) بوو، کە تێیدا هەموو گوندەکان کرانە ناوچەی قەدەغەکراو و فەرمانی "کوشتنی هەر مرۆڤ و ئاژەڵێک" لەو ناوچانەدا دەرچوو. ئەم بڕیارە بە مانیفێستۆی دەستپێکی جینۆسایدی گەلی کورد دادەنرێت.

ئەنفالی یەک؛ دۆڵی جافایەتی و بەرگری پێشمەرگە

لەکاتی دەستپێکردنی قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە ٢٢ی شوبات تاکو 19ی ئاداری ١٩٨٨، ئەم شاڵاوە بە هێرشكردن بۆ سەر گوندەكانی سەرگەڵو و بەرگەڵوی دۆڵی جافایەتی دەستیپێكرد و لە بنگردەوە بۆ لای رۆژھەڵاتی دەریاچەی دوكان و شارۆچكەی دوكان، لە وێشەوە شارۆچكەی ماوەت و چوارتای گرتەوە. ئامانجی ئەم ھێرشە لەناوبردن و وێرانكردنی 25 بۆ 30 گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیركردنی بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بوو. ئەم ھێرشە بەربڵاوە سنووری شارۆچكەكانی (سورداش، دوكان، سەرچنار، قەڵاچوالان، چوارتا)ی گرتەوە.

هێزە بەشداربووەکان: زیاتر لە ٢٠ لیوا، ٧٠ فەوجی جاش و یەکەکانی کیمیایی و فڕۆکەوانی بەشدارییان کرد، كەتێیدا نوێترین چەكی قورس بەكارھێنرا كە بوونە ھۆی وێرانكارییەكی زۆر لەم ناوچانە، لە ئەنجامدا بووە ھۆی وێرانكردی گوندەكانی (قەمچۆغە، شاخەڕەش، دۆڵەڕووت، قزلەر، قەرەسەرد، ئاسۆس، قەرەچەتان، شەدەڵە، پیرەمەگرون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگەوشارستێن) ھەروەھا چەندین گوندی تر. ھیچ گوندێك لەم ناوچەیە بێ زیان نەبوو،  ئەوانەی مابوونەوە توشی تاڵانكردن بوون و سەرجەمی خەڵكەكەی بەرەو سنوورەكانی ئێران ئاوارە بوون.

بەرگری: پێشمەرگە بۆ ماوەی نزیکەی مانگێک بەرگرییەکی قارەمانانەی کرد، بەڵام بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە گوندەکانی (یاخسەمەر، هەڵەدن، و چۆخماخ) و ناهاوسەنگی هێز، سەرکردایەتی بڕیاری پاشەکشەی دا بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک و پێشمەرگە.

چەواشەکارییەکانی راگەیاندنی بەعس

لە ململانێیەکی میدیاییدا، بەعس هەوڵی دەدا ورەی خەڵک بڕوخێنێت. نموونەی هەرە دیار "عوسمانە شێتی مالومە" بوو؛ کەسایەتییەکی ناسراو و کەمئەندامی ناوچەکە کە دوای چۆڵبوونی گوندەکە دەستگیرکرا. ڕاگەیاندنی بەعس بە درۆ بڵاوی کردەوە کە "سەرکردەیەکی باڵای یەکێتی"یان گرتووە، لە کاتێکدا ئەو تەنیا هاووڵاتییەکی بێدیفاع بوو و دواتر هاوشێوەی هەزاران کوردی تر بێسەروشوێن کرا.

ئەنجامە کارەساتبارەکان

بەپێی بەڵگەنامەکان و دانپێدانانی تاوانبارانی وەک سوڵتان هاشم، لەم قۆناغەدا زیاتر لە ١٢ هەزار کەس شەهید و بریندار بوون، پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەریخستووە کە زۆربەی قوربانییەکان ژن و منداڵی خوار تەمەن ١٣ ساڵ بوون، کە دوای دەستگیرکردنیان رادەستی نووسینگەی رێکخستنی باکووری بەعس کراون و لەوێوە بەرەو مەرگ براون.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket