riklam

ئەمریکا بەشێک لە قەرزە کەڵەکەبووەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەداتەوە

جیهان 12:46 PM - 2026-02-20
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان رۆیتەرز

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان

ئەمریكا

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی 160 ملیۆن دۆلاری لە کۆی زیاتر لە 4 ملیار دۆلار قەرزی رێکخراوەکە وەک پشکی سەرەتایی داوەتەوە، ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ میوانداریکردنی یەکەم کۆبوونەوەی دەستپێشخەریی (بۆردی ئاشتی) لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە.

رۆژی پێنجشەممە لەبەیاننامەیەکدا وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "هەفتەی ڕابردوو بڕی 160 ملیۆن دۆلارمان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە وەک بەشێک لە پشکی بودجەی ئاسایی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەیشت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن وەک گەورەترین بەشداربووی بودجەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەناسرێت، بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا، ئەمریکا خۆی لە پێدانی بەشە بودجەی ناچاری و پارەی هێزەکانی ئاشتیپارێز بەدوور گرتووە و هاوکارییە ئارەزوومەندانەکانیشی بۆ ئاژانسە جیاوازەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.

هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەی دەستپێشخەریی (بۆردی ئاشتی) رایگەیاند: ئێمە لە ڕووی داراییەوە یارمەتییان دەدەین و کاردەکەین بۆ ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زیندوویی بمێنێتەوە،  پێم وایە ئەم رێکخراوە توانایەکی گەورەی هەیە، هەرچەندە تا ئێستا وەک پێویست ئەو توانایانەی بەکارنەهێناوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بۆردی ئاشتی مانگی رابردوو لەلایەن ترەمپەوە وەک بەشێک لە پلانی کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە راگەیەندرا، هەرچەندە لە بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشدا دەسەڵاتەکانی ئەم بۆردە تەنها بۆ غەززە و تا ساڵی 2027 سنووردار کراوە، بەڵام ترەمپ دوپاتیکردەوە کە مەودای کارەکانی بۆردەکە فراوانتر دەکات بۆ چارەسەرکردنی ململانێ جیهانییەکانی دیکەش.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket