riklam

قوباد تاڵەبانى: بۆ جاری سێیەم سەردانی چەمچەماڵی ئازیزم کرد

کوردستان 08:38 PM - 2026-02-15
وێنەیەکى کۆبوونەوەکە نوسینگەى راگەیاندنى قوباد تاڵەبانى

وێنەیەکى کۆبوونەوەکە

قوباد تاڵەبانی چەمچەماڵ

قوباد تاڵەبانى، رایگەیاند: ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم سەردانی چەمچەماڵی ئازیزم کرد، لە نزیکەوە بە دواداچوونم بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە کرد و لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ و بۆردی چاودێری کۆبوومەوە و بەوپێیەی کۆمیسیۆنەکە نموونەیەکی سەرکەوتووی لە خزمەتکردنی خەڵکی چەمچەماڵی پێشكەش کردووە، بڕیارماندا ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە ژێر ناوێکی دیکەدا بەردەوام بن لە خزمەتکردنی خەڵکی ئازیزی دەڤەرەکە و بڕیاریشماندا ئەو پارەیەی کە ماوەتەوە، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە خەرج بکرێت .

قوباد تاڵەبانى رایگەیاند: وەک بەڵێنمان دابوو کە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش و خەڵکی ئازیزی ئەو دەڤەرە بە تەنها جێناهێڵین و تا کۆتایی و قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانلێکەوتووان لەگەڵیاندا دەمێنینەوە، ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم سەردانی چەمچەماڵی ئازیزم کرد و لە نزیکەوە بە دواداچوونم بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە کرد و لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ و بۆردی چاودێری کۆبوومەوە.

ئاماژەى بە ئەوەشدا: بە دەرفەتی دەزانم جارێکی دیکە سوپاسی خەڵکی کوردستان و وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و ئەو دەزگا میدیاییانە بکەم کە بە هەستێکی بەرزی نیشتمانی و ئینسانییەوە بەشداربوون لە هاوکاریکردن و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان. هەروەها سوپاسی ئەندامانی کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوە دەکەم کە توانییان بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکە ئازیزەکەماندا بوون. سوپاسێکی تایبەتیش بۆ ئەندامانی بۆردی چاودێری و هەموو ئەو کەسایەتییە متمانەپێکراوانەی چەمچەماڵ کە بە وردی چاودێریی چۆنییەتی راپەڕاندنی پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەکەیان کردووە و گەرەنتی شەفافییەتی پرۆسەکەیان کرد.

روونیشى کردەوە: هەرچەندە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەکە تەواو بووە، بەڵام بەوپێیەی کۆمیسیۆنەکە نموونەیەکی سەرکەوتووی لە خزمەتکردنی خەڵکی چەمچەماڵی پێشكەش کردووە، بڕیارماندا ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە ژێر ناوێکی دیکەدا بەردەوام بن لە خزمەتکردنی خەڵکی ئازیزی دەڤەرەکە و ببنە رایەڵەی پەیوەندیی لە نێوان خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە خزمەتگوزارییەکان.

راشیگەیاند: بڕیارماندا ئەو پارەیەی کە ماوەتەوە، بە سەرپەرشتیی ئەندامانی ئەو لیژنەیە و هەروەها لەژێر چاودێریی ئەندامانی بۆردی چاودێری و کەسایەتییە متمانەپێکراوەکانی چەمچەماڵ، بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە دەڤەرەکە خەرج بکرێت و دواتریش بۆ دڵنیابوونەوەی هەموو لایەک، ئەنجامەکەی بەوپەڕی شەفافییەتەوە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت.

قوباد تاڵەبانى ئەوەشى خستەڕوو: خەڵکی ئازیزی چەمچەماڵ دڵنیا دەکەمەوە، لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی بەندە تەواوکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپەیە، بۆ ئەمەش لە هەوڵی تەواوداین کە لە نزیکترین دەرفەتدا تەواو بکرێت و کێشەی ئاوی چەمچەماڵ بە یەکجاری چارەسەر بکرێت.

PUKMEDIA


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket