riklam

زانکۆى کۆبانێ: بەهۆى هێرشى چەکدارى فاتیمەی خوێندکار قاچەکانى لەدەستدا

کوردستان 01:17 PM - 2026-02-09
وێنەیەکى فاتیمە لەناو زانکۆى کۆبانێ ANF NEWS

وێنەیەکى فاتیمە لەناو زانکۆى کۆبانێ

رۆژئاڤا

 زانکۆى کۆبانێ لەبارەى هێرشەکانى دیمەشق بەیاننامەیەکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند: وێڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا کاتێک کۆمەڵکوژیان لە گوندی "خەراب عەشک" ئەنجامدا، لەم هێرشە دڕندانەیەدا فاتیمە حاج مەحمود، خوێندکاری زانکۆی کۆبانی، هەردوو قاچى لەدەستدا، ئەمڕۆ ئێمە ڕاستەوخۆ ئەم بانگەوازە ئاراستەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، ئایا دیمەنەکانی کەمپەکەتان بینیوە و هەستتان بەو ئازارە کردووە؟ .

 لە بەیاننامەکەدا هاتووە: بە دیاریکراوی، لە (25ی کانوونی یەکەمی 2026)دا، وێڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا کۆمەڵکوژییەکیان لە گوندی "خەراب عەشک" ئەنجامدا و خێزانێکی تەواویان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا، پێنج ئەندامی ئەو خێزانە شەهید بوون و پێنجی دیکەش بریندار بوون، کە لە نێوانیاندا منداڵ هەن.

روونیشکراوەتەوە: فاتیمە حاج مەحمود، خوێندکاری زانکۆی کۆبانی، کە ساڵی یەکەمی لە کۆلێژی یاسا دەستپێکردبوو، لەم هێرشە دڕندانەیەدا هەردوو قاچی لەدەستدا، ئەو بە ئەندامانی جەستەی خۆی باجی ئەم شەڕەی دا، ئەمڕۆ ئێمە ڕاستەوخۆ ئەم بانگەوازە ئاراستەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، ئایا دیمەنەکانی کەمپەکەتان بینیوە و هەستتان بەو ئازارە کردووە، کە دەیگوازێتەوە؟ چۆن دەکرێت کچێکی گەنج، کە تازە دەستی بە ڕێگای داهاتووی خۆی کردبوو، قاچەکانی لەدەستبدات؟ چۆن دەکرێت منداڵێک، کە تازە چاوی بە ژیان هەڵێناوە، بێ دایک، یان تەنانەت بێ ناو بەجێ بهێڵرێت؟

ئەوەش خراوتەڕوو: ئەو کۆمەڵکوژی، کوشتن، برینداربوون و کارەساتانەی، کە لە بەرچاوی منداڵان و گەنجانمان ڕوودەدەن، شۆکی دەروونیی قووڵیان دروستکردووە و سەدان برینی ساڕێژنەبوویان لە دوای خۆیان جێهێشتووە، ئایا ئەم دیمەنانە چ جۆرە شوێنەوارێک لەسەر ویژدانی مرۆڤایەتی بەجێدەهێڵن؟ ئایا قەت ئەم پرسیارە لە خۆتان دەکەن؟

باس لەوەش کراوە: وشەکان ناتوانن قەبارەی ئەو کارەساتە دەرببڕن، کە بەسەر خوێندکارەکەمان و خێزانەکەیدا هاتووە، فاتیمە تەنها ناوێک نییە لەنێو خوێندکارانی زانکۆدا؛ بەڵکو ئەو هێمایەکە بۆ خواست و پێداگری و خەونی داهاتوویەک، کە بۆ دادپەروەریی و یاسا تەرخانکرابێت، کاتێک کورسییەکانی خوێندن و خەونەکانی سبەینێ دەگۆڕێن بۆ یادەوەریی بەئازار و تۆقێنەر، ئایا ئەوە مایەی شەرمەزاری نییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی؟ ئەمە برینێکە، کە بە قووڵی لە ویژدانی هەموومان دەدات.

زانکۆى کۆبانێ ئەوەش رادەگەیەنێت: ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتیی زانکۆ و ستافەکەی، بە هەموو کۆلێژ و بەشەکانەوە، پشتیوانیی مەعنەوی و مرۆیی تەواوی خۆمان بۆ خوێندکارەکەمان فاتیمە و خێزانەکەی لەم دۆخە کارەساتبارەدا دەردەبڕین و پابەندین بە پێشکەشکردنی هەموو پشتیوانییەکی دەروونی، کۆمەڵایەتیی و پەروەردەیی پێویست بۆی، تا بتوانێت درێژە بە کاروانی ئەکادیمیی خۆی بدات و تەواوی مافە ڕەواکانی پیادە بکات، هەروەها خەم و پەژارەی قووڵ و هاوسۆزیی خۆمان لەگەڵ ڕایگشتی بەشدەکەین، ئەم ڕووداوە و دەرهاویشتەکانی دەبێت جێگەی بایەخی هەموو دامەزراوە ئەکادیمییەکان و کۆمەڵگەی یاسایی و مافپەروەران بێت.

لە کۆتاى بەیاننامەکەدا هاتووە: جارێکی دیکەش، داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە بەگوێرەی ویژدانیان جووڵە بکەن و بە جددی مامەڵە لەگەڵ ئەم کردەوە دڕندانەیە بکەن و دەست بە لێکۆڵینەوەی یاسایی بکەن بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی مەدەنییەکان و ڕێگریکردن لەوەی ببنە قوربانیی جەنگە وەحشیگەرییەکان.

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket