riklam

مەزڵوم عەبدی: هێزەکانی دیمەشق هیچ ئەرکێکیان لەناو شارەکان نابێت

کوردستان 11:09 AM - 2026-01-31
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات PUKMEDIA

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات

رۆژئاڤا

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایدەگەیەنێت: هێزەکانی ئاسایش پارێزگاری لە سەقامگیری ناوچەکە دەکەن و هێزەکانی سوریاش لەناو شارەکان هیچ ئەرکیان نابێت، روونیشی دەکاتەوە هەوڵدەدەین رێککەوتنەکە عەفرین و گرێسپی و سەرێكانیش بگرێتەوە.

  هێزەکانی سوریا ناچنە ناو هیچ شارێکەوە

 مەزڵوم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند: هێزە سەربازییەکانی دیمەشق ناچنە ناو هیچ شار یان گوندێکی کوردییەوە،بەڵکو هێزێکی ئەمنی دەچێتە ناو چوارگۆشە ئەمنییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەمەدەنییەکان، پاشان لە شارەکە دەچنە دەرەوە و هێزەکانی ئاسایشی خۆمان پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد: ژمارەیەکی سنووردار لە پۆلیسی (ئاسایشی ناوخۆی سەر بە دیمەشق) دەچنە حەسەکە و قامیشلۆ، ئەرکی ئەوان تەنها هەماهەنگی و تێکەڵکردنە و دواتر دەکشێنەوە، ئەو هێزانەی دیمەشق کە دێنە ناوچەکە، دەچنە ناو ئەو شوێنانەی کە پێشوەختە دیاریکراون و هیچ ئەرکێکیان لەناو شارەکاندا نابێت، با گەلەکەمان دڵنیا بن.

پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان گرنگترین خاڵە

 لە بارەی رێککەوتنەکەشەوە، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند: لە رۆژی 27ی1ی2026دا، کۆبوونەوە لەگەڵ (شەرع) کرا و ڕێککەوتنێک ئیمزا کرا، گرنگترین خاڵیش، کە لەسەری ڕێککەوتین ڕاگرتنی شەڕ بوو، لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکانە.
پەیوەست بەناوچەکانی دیکەی رۆژئاڤا کە ئێستا لەلایەن چەکدارانەوە کۆنترۆڵ کراوە، مەزڵوم عەبدی ئاشکرای کرد: ئەوەی لەسەر ناوچە کوردییەکان ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، لە عەفرین و سەرێکانیش جێبەجێ دەکرێت.

دامەزراوەکان وەک خۆیان دەمێننەوە

ئاماژەی بەوەشکرد:فەرمانبەرانی خۆبەڕێوەبەری لە ناوچە کوردییەکان لە سەر کارەکانیان دەمێننەوە و لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکاندا تێکەڵ دەکرێن،بۆیە ئەو دامەزراوانەی گەلەکەمان لە کاتی شۆڕشدا بونیادی ناون، وەک خۆیان دەمێننەوە و ناگۆڕدرێن، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە 2ی شوباتەوە دەستپێدەکات و گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت.

لەرێککەوتنەکە مەترسن

لە بارەی نیگەرانییەکانیش لە رێککەوتنەکە، کە لە ئاست چاوەڕوانیدا نەبووە، مەزڵوم عەبدی دووپاتی کردەوە: دەزانم، گەلەکەمان تاڕادەیەک ناڕازییە و ڕێککەوتنەکە لە ئاستی خواست و چاوەڕوانییەکانیاندا نییە، جەختیش دەکەمەوە، کە ئەم هەستە ئێمەش دەگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەردەوام دەبین لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجی زیاتر بۆ گەلەکەمان،بۆیە پێویستە گەلەکەمان تەواو دڵنیابن و لەم ڕێککەوتنانە نەترسن، چونکە تەنها هێزەکانی ئاسایش بۆ پاراستنی هەموو شارە کوردییەکان دەمێننەوە.
بۆ وەرگرتنی پۆستیش لەلایەن خۆیەوە، ئاشکرای کرد:هیچ پۆستێکی حکوومی وەرناگرم، لەناو گەلەکەمدا و لە تەنیشتیان دەمێنمەوە و کار بۆ پێکهێنانی مەرجەعێکی سیاسیی بۆ کورد لە سوریا دەکەم.

هەسەدە وەک لیوا دەمێنێتەوە

پەیوەست بە داهاتووی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند: هێزەکانی هەسەدە بە شێوەی (لیوا) لە جەزیرە و کۆبانێ دەمێننەوە، دەبێت ئەوەش بڵێم پیلانی گەورە هەبوو بۆ قڕکردنی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام بەهۆی خۆڕاگری هێزەکانمان و یەکگرتوویی گەل لەگەڵیاندا، ئەو پیلانانە پووچەڵکرانەوە.

 لە کۆتایشدا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشکرد: سەرۆکی فەڕەنسا پێی وتم، کە بە شێوەیەکی سیاسی گەرەنتی ڕێککەوتنەکە دەکات،ئێمەش وەک خۆمان شانازی بە هەڵوێستی گەلی کوردەوە دەکەین.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket