riklam

عەنتەرناش

بیروڕا 09:54 AM - 2026-01-12
کاروان ئەنوەر PUKMEDIA

کاروان ئەنوەر

بیروڕا

عەنتەرناشەکان جۆرێك ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بوون، ناوی ماركەكەیان (ئینتەرناشیوناڵ) بوو، كەچی لای كوردی خۆمان كورت كرابووەوە و کرابوو بە عەنتەرناش.

جا مەسەلەی كورداندن و كورتاندن، دیاردەیەكی پڕ سەیر و سەمەرەیە و لە زمانەكەماندا كورتكردنەوەی زۆر جوان بۆ وشەكان دەكرێن، بۆ نموونە چەند گوندێك لە نزیک هەڵەبجەوە هەن، پێشتر دووچاری (تەعریب ـ عەرەباندن) هاتبوون و ناوەكان بە عەرەبی (ابوعبیدة ـ جلیلة ـ عِنَب) بوون، كەچی لای خۆمان كراون بە (عەبابەیلێ ـ جێڵە ـ عەنەب)، وشەی ترێ بە عەرەبی كراوە بە عەنەب، كە ناوێكە هیچ مانایەكی لە فەرھەنگی کوردیدا نییە، هەروەها وشەی جلیلە و ابو عبیدەش بەهەمان شێوە.

بابێینەوە سەر وشەی عەنتەرناشەكەی سەرەتا، كە چۆن چووە ناو فەرهەنگی زمانی قسەكردنی رۆژانەوە، بۆ نموونە بابەتێك گەیشتبێتە بنبەست، دەڵێن عەنتەرناش رزگاری ناكات، یان عەنتەرناشی بۆ بهێنن چارەسەری دەكات، جا ئێستا لە كوردیشدا ناوەكە بووە بە وشەیەكی لێكدراو، بڕگەی یەكەم عەنتەر و بڕگەی دووەم ناش، واز لە ناشەكە بهێنن، چونكە لە ناشیوناڵەكەی ئینگلیزەوە وەرگیراوە، دەمەوێت باس لە وشەی عەنتەر بكەم كە كوردستان پڕ بووە لە تراكتۆری عەنتەر 70 و 71 و 80 و جۆرەكانی تریش، لەوەش گەڕێن باس لە (ابو عنتر) ناكەین، كە ئەكتەرێكی سوری بوو، رۆڵی شەقاوەی دەبینی ناوی (ناجــی جەبر) بوو (1945 ـ 2019)، ئێستا ئەم وڵاتی سوریایە دەیان گروپ و تاقمی عەنتەر و ئەبو عەنتەری بە ناوی جۆراوجۆرەوە دروستكردووە.

با لێرەوە لە وشەی (شەقاوە ـ عەنتەر) دەرگایەك لەسەر وشەسازی كوردی بكەینەوە، شەقاوە و عەنتەر خەریكە ئەوەندە زۆر دەبن، وا دیارە وەك توێژێك لە كۆمەڵگە باسیان لێدەكرێت و ئەم تاقم و ناو و نازناوانە لە سەرووی یاسا و دابونەریتەوە خۆیان دەنوێنن، لەسەروو خەڵكەوەن، لە پێش هەموو زانا و دانا و مێژوونووس و رۆشنبیرەكانەوە خۆیان دادەنێن، عەنتەر لە كوێدا بخرێتە (تۆڕی) یاساوە راستەوخۆ یان زۆنەكەی بەجێدەهێڵێت یان هەرێمەكە یان وڵاتەكە، ئیتر تا ماوەیەك خۆی لەبەرچاوان ون دەكات و چەند ساڵێكی تر لە بەرگ و لە حاڵ و لە كەسایەتییەكی نوێدا دەردەكەوێتەوە.

عەنتەرەكان پارە دەدزن و هەزار و یەك بیانووی شەرعی و یاسایی بۆ دزییەكەیان دەهێننەوە، زوڵم و زۆر دەکەن و خۆیان لە بەرگی فریشتەدا دەبینن، عەنتەرەكان خیانەت دەكەن و دەڵێن ئێمە نەبووینایە ئێستا ئەم ھەرێمە و ئەم دۆخە وا نەدەبوو بەڵکو وەھا دەبوو، خۆیان بە شۆڕشگێر و دڵسۆزی كوردایەتی و وڵات دەزانن.

عەنتەرەكان كە چەكیان پێبوو قسەكردن لەگەڵیان دەبێتە یاریكردن بە ئاگر، كە ئۆتۆمبیلیان لێخۆڕی لەسەر جادە و لەسەر شۆستە و ناوەڕاستەكاندا، دەبێت تیژڕەوی و پێشەكی بۆ ئەوان بێت، كە سیاسەت و حزبایەتیش بكەن، مەرجە هەمیشە ئەوان یەكەم بن و لە پێشەوە بن، خەڵكی تریش لە دوای ئەوانەوە هەر بیكوتێتەوە، عەنتەرەكان برابەشی سەركەوتن و خۆشییەكان و داهات و دەستكەوتەكانن، بەڵام لە نشوست و شكست و دۆڕان و پاشەكشە و دابەزینەكاندا، بە سیحری قادر خۆیان لەو شكستانە لادەدەن و ئەوان نابێت هۆكاری شكست بووبن.

بە كوردییەكە و بە كورتییەكەی: عەنتەرەكان سوارن و ئێمەش پیادە.

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket