riklam

لێخۆشبوونی %50ی قەرزی سەر کەناڵەکانی راگەیاندن پەسەند کرا

کوردستان 08:26 PM - 2025-12-16
کەناڵەکانی راگەیاندن میدیاکان

کەناڵەکانی راگەیاندن

وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

لەسەر داوای وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی (%50)ی سەر قەرزی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.

بە ئیمزای حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (1683)ی ڕۆژی 28ی5ی2025  وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان داواکاری لێخۆشبوون لە بڕێکی قەرزی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بەرز کردەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر داواکارییەکە پەسەند کرا.

لە نووسراوەکەی وەزارەتدا هاتبوو: "بە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزی میدیای بینرا و بیستراوەکان لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە داراییەی کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و کەمبوونەوە و نەمای ئەو داهاتەی کە میدیا بینرا و بیستراوەکان پێشتر بەدەستیان دەهێنا لە ڕێگەی ڕێکلام، ئەمەش بە هۆی ئەوەی لە ئێستا زیاتر لە ڕێگەی سۆشیالمیدیاوە ڕێکلام بۆ کاڵاکان دەکرێت، .. هەروەها لەسەر داوای زۆربەی میدیا بینراو و بیستراوەکان داواکارین ڕەزامەندی بفەرموون لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی (%50) لە قەرزەکان".

لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوی ژمارە (1524)ی ڕۆژی (9/12/2025) پێشنیاز و داواکارییەکەی وەزارەتی پەسند کرد و لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ڕەزامەندی درا لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی %50 لەو قەرزانەی کە کەوتووەتە ئەستۆی میدیاکان، بە مەرجێک گشت کەناڵەکان پابەند بن بە دانەوەی ئەو قەرزانە لە ماوەی یەک مانگ، لە ئەگەری پابەند نەبوونیان سزای دواکەوتن بێتە سەر قەرزەکانیان".

بە پێی داتاکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان زیاتر لە 300 کەناڵی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو تۆمار کراون و لەو ژمارەیە سێ لەسەر چواریان قەرزیان لەسەر کەڵەکە بووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی میدیاییدا، شێروان عەوڵڵا، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، وردەکاری بڕیارەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند، وەزارەت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و هاوکاریکردنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەو داواکارییەی بەرز کردووەتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

ئاشکراشیکرد، لە کۆی 176 کەناڵی بیستراو، 132 کەناڵ قەرزارن و لە کۆی 126 کەناڵی بینراو 94 کەناڵیان قەرزارن، واتە لە کۆی 302 کەناڵ، 226 کەناڵیان قەرزارن. و وتیشی: داوایان لێدەکەین، لە ماوەی مانگێکدا قەرزەکەیان بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتیی بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە و نیوەی ئەو قەرزە بخرێتە بەر لێخۆشبوونەوە، بە پێچەوانەوە، دواتر سزای دواکەوتن دەکەوێتە سەر قەرزەکانیان.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket