riklam

عەتا محەمەد: تەقەكەرەكانی چەمچەماڵ پێشمەرگەی عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك بوون

کوردستان 03:53 PM - 2025-12-12
کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەبارەی گرژییەكەی ئەمڕۆی چەمچەماڵ PUKMEDIA

کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەبارەی گرژییەكەی ئەمڕۆی چەمچەماڵ

لافاو كوردستان

لێپرسراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت: تەقەكەرێك كە پێشمەرگەی عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك بوو بە پیلان هێرشی كردە سەر كارمەندانی ئاسایش و سێ لە كارمەندەكانی بریندار كردووە كە برینی یەكێكیان سەختە، راشیگەیاند: ئەمە دەستێكی تێكدەرە و لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنراوە.

عەتا محەمەد، لێپرسراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گرژییەكەی ئەمڕۆی چەمچەماڵ  رایگەیاند: دەزگای خێرخوازی بارزانی كە ئەمڕۆ لە یەكێك لە گەڕەكەكانی چەمچەماڵ هاوكاریان دابەشدەكرد، لە كاتێكدا لەسەرجەم دابەشكردنەكاندا تیمێكی ئاسایش بەبێ چەك و تیمێكی پۆلیس و تیمێكی ئەنجومەنی گەڕەكەكان چاودێری پڕۆسەكە دەكەن، هەرچەندە دانیشتووانی چەمچەماڵ زۆر بەڕێزەوە سەرە بۆ وەرگرتنی هاوكارییەكان دەگرن، بەڵام بەوتەی نوێنەری رێكخراوی دەزگای خێرخوازی بارزانی كەسێك چەند جارێك ویستوویەتی نۆرەبڕی بكات، لەوكاتەشدا پەلاماری كارمەندێكی ئاسایشی داوە كە بێچەك بووە، هەربۆیە كەسی دەستدرێژیكاریان دوورخستووەتەوە.

راشیگەیاند:  بەپیلان  كەسێكی دیكە كە هاوكاری بووە و هەردووكیان  پێشمەرگەی عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك-ن تەقەی لە تیمەكەی ئاسایش كردووە و سێ لە كارمەندەكانی بریندار كرد كە برینی یەكێكیان سەختە، بۆیە ئەم رووداوە بە دەستێكی تێكدەر دەزانین و نەدەبوو لەم دۆخەدا كێشە دروستبكرێت، هاوكات لیژنەی لێكۆڵینەوە و دادگا دەستیان بەلێكۆڵینەوە كردووە.

هاوكات لەبارەی دابەشكردنی خۆراك و پێداویستی بەسەر زیانلێكەوتووانی چەمچەماڵیش، عەتا محەمەد رایگەیاند: لە دوێنێوە تا ئێستا هەزار و 700 سەبەتەی خۆراك  دابەشكراوە و سێ هەزار و 200 بەتانی و 600 دۆشەك و چوار هەزار مەتر كومبار كە هەر ماڵێك 80 مەتر كومباری پێدراوە دابەشكراون، هاوكات 900 زۆپا و 10 هەزار سێت ئاوی 15 لیتری خواردنەوە و پێداویستی چێشتخانە و كەلوپەلی ناوماڵ بەسەر 600 ماڵدا دابەشكراوە، جگە لە دابەشكردنی سێ هەزار ژەم خواردنی گەرم.

ئەوەشی خستەڕوو: رێكخراوەكانی ڤیم فاوندەیشن، روانگە، سید، كوردستان فاوندەیشن، دەزگای خێرخوازی بارزانی، مانگی سووری عیراقی، منداڵپارێزی كوردستان،CDO، دامەزراوەی حاجی ئیدریس سورچی خێرخوازی و دائیرەی هیجرە و موهاجرین و كۆمپانیای ئاوی سلێ مانی و كۆمپانیای ئاوی ژیان بەشداریانلە دابینكردنی هاوكارییەكاندا كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد: چەندین گەڕەك و مزگەوت و كتێبخانەی گشتی چەمچەماڵ و شەقامی گشتی سلێمانی و شەقامی گشتی كەركوك و چەند شوێنێكی دیكە پاككراونەتەوە و تیمەكانی پاككردنەوەش لە سەعات 6ی بەیانی تاوەكو 6ی ئێوارە بەردەوام دەبن لەكاركردن، سبەینێ شەممەش بەناو سەرجەم گەڕەكەكاندا دەچنەوە، جگە لەوەی لە پاككردنەوەی ماڵانیشدا بەشدار بوون، هاوكات چەناڵێكی ئاوی لەسەر شەقامی كەركوك دروستكردووە بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارە بوونەوەی لافاو بكرێت.

لێپرسراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو: لەئێستادا تیمەكان بە 110 ئامێر و 350 كرێكارەوە لە ئاغجەلەر و تەكیە خەریكی كاركردنن، هاوكات تیمەكانی تۆماركردنی زیانەكان بە ئەلكترۆنی و داتای وردەوە زیانی ماڵ و شوێنكار و دوكان و دامودەزگاكان تۆمار دەكەن.

عەتا محەمەد دووبارە داوای لە كەناڵەكانی راگەیاندن كرد واز لەئەجێندای سیاسی خۆیان بهێنن و شەڕی شارێك بە شارێكی دیكە نەكەن، بۆ لایك و كۆمێنت ئازاری خەڵكی چەمچەماڵ نەدەن، بەپێچەوانەوە دەتوانن بەو هێزە مادییە گەورەیەی كەناڵەكانی پێبەڕێوەدەبەن هاوكاری زیانلێكەوتووان بكەن نەك ببنە هۆكاری ئازاردانیان.

راشیگەیاند: تا ئێستا قەبارەی زیانەكان بەتەواوەتی نەزانراون، بەڵام بە تەواوكردنی كاری لیژنەكان دەتوانرێت زیانی %100 ی زیانەكان بزانرێت، هاوكات لە بانكی چەرموو لە چەمچەماڵ هەژمارێكمان كردووەتەوە كە هەژماری 3018 بۆ دینار و هەژماری 1 بۆ دۆلارە و هەژمارێكی FIB یشمان كردووەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن هاوكارییە مادییەكانیان بنێرن بۆ زیانلێكەوتووان و دواتر بڕی پارەی كۆكراوە لەو هەژمارانەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین، هاوكات لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و  سكرتاریی سەرۆك مام جەلالەوە پاڵپشتی دارایی گەورە پێشكەش بە چەمچەماڵ كراوە.

وتیشی: كارەبای چەمچەماڵ لەرۆژی رووداوەكەوە نەبڕاوە و بەردەوامە، هاوكات شەقام و رێگەی گوندەكان و ستوونە كەوتووەكانی كارەباش چاكدەكرێنەوە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket