riklam

هاوسەرۆكی دەم پارتی: بەدڵنیاییەوە ئۆجەلان ئازاد دەكرێت

کوردستان 12:17 PM - 2025-11-10
فەرید دڵشاد لەگەڵ تونجەر باکرهان کوردستانی نوێ

فەرید دڵشاد لەگەڵ تونجەر باکرهان

کوردستان

تونجەر باكرهان هاوسەرۆكی دەم پارتی، لە چاوپێکەوتنێکدا تیشك دەخاتەسەر پرۆسەی چارەسەریی كێشەی كورد لە توركیا، هەروەها هەڵوێستی بەرپرسە باڵاكان و كۆمەڵگەی توركیا بەگشتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی دەخاتەڕوو، سەركەوتنی پرۆسەكە و گۆڕانكارییە دەستوورییەكانیش ئاشكرا دەكات، رۆڵی گرنگی یەكێتی-یش بۆ سەرخستنی پرۆسەكە باس دەكات، بەتایبەت هەوڵەكانی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

*پرۆسەی چارەسەریی پرسی كورد لە توركیا بە کوێ گەیشتووە؟

- پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی، كە لە 1ی تشرینی یەكەمی2024 دەستیپێكرد، بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، دەتوانم بڵێم لە تاقیكردنەوە گرنگەكان دەرچووین، ئێستا لە ئاشتی و چارەسەر نزیك بووینەتەوە، ئەو كۆمیسیۆنەی لە ئەنجومەنی گەورەی نیشتمانیی توركیا دامەزرا، بەشێكی كارەكانی تەواو كردووە، راپۆرتێك دەنووسێت و پێشنیازە یاساییەكان دەخاتەڕوو، پێشبینی دەكەین لە مانگی نۆڤەمبەردا پێشهاتێكی بەرچاو لە توركیا رووبدات، چونكە هیوای سەرەكیی هەموو كۆمەڵگە، چاكسازیی یاسایی و رێكخراوەییە. دەبێت دەوڵەت هەنگاوی كۆنكرێتی بنێت، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەنگاوی مێژوویی ناوە بۆ خێراكردنی پرۆسەكە و گرتنەبەری رێوشوێن بەرامبەر هەڕەشە ئەگەرییەكان، هەربۆیە ئێستا دەبێت دەوڵەت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت. وەك دەڵێن «دەستت بخەرە ژێر بەردەكە»، واتە هەمووان دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.

*هەڵوێستی حكومەتی توركیا، بەتایبەت رەجەب تەیب ئەردۆغان، لەسەر پرۆسەی چارەسەریی چییە؟

- وەفدەی ئیمراڵی بەم دواییانە لەگەڵ (رەجەب تەیب ئەردۆغان)، سەرۆك كۆماری توركیا كۆبوونەوە، جارێكی تر بۆچوونەكانیان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی تاوتوێ‌ كرد، دەتوانم بڵێم كۆبوونەوەكە زۆر بەرهەمدار بوو، ئەردۆغان لە رەوشێكی ئەرێنی و پشتیواندایە بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، لێدوانەكەشی لە 1ی تشرینی دووەم كە وتی: «كاتی چارەسەرە، هەموو شتێك، پێویست  بێت بكرێت دەبێت بكرێت، ئێستا كاتی ئەوەیە هەنگاوی بوێرانە بنێین، دەبێت ئەم كێشەیە بەبێ دوودڵی، بە بوێری چارەسەر بكرێت»، هەربۆیە بینینی ئەم ئیرادەیە لای ئەردۆغان دڵخۆشكەرە و هیوامان پێ دەبەخشێت.

*پێشبینی دەكەیت عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندان ئازاد بكرێت؟

- ئەولەویەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چارەسەری دیموكراسییانەی كێشەی كوردە لە توركیا، ماوەی 50 ساڵە كار بۆ ئەم مەبەستە دەكات، نەخشەڕێگەی پێشكەشكردنی پرۆسەی چارەسەری كێشەی كورد لە توركیا، دەبێت ببێتە هۆی ئازادیی خۆی، ئەگەر چارەسەرەكە سەركەوتوو بوو، بەدڵنیاییەوە ئۆجەلان ئازاد دەكرێت، چونكە دروست نییە كەسایەتییەكی مێژوویی لەو شێوەیە لە زینداندا بمێنێتەوە، هەروەها دەستڕاگەیشتنی ئەو بە هەلومەرجی كاركردنی ئازاد و توانای بەشداریكردنی لە ژیانی ئازاد لە چوارچێوەی پەیوەندییە مێژووییەكانی كورد و توركیادا گرنگە.

*تێڕوانینی خەڵكی توركیا بۆ پرۆسەی چارەسەریی چۆنە؟

- لەلایەن كۆمەڵگەی توركیاوە، پاڵپشتییەكی زۆر هەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی، ئەو توێژینەوانەی لەلایەن زۆرێك لە كۆمپانیاكانی توێژینەوەوە كراون دەریدەخەن، پشتگیری بۆ ئەم پرۆسەیە لە %70 تێدەپەڕێنێت، ئەمەش پاڵپشتییەكی گرنگ و بەنرخە.

*كەی وەفدی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان دەكات؟ تەندروستی ئەو باشە؟

-پەیوەندییەكان لەگەڵ ئۆجەلان بەردەوامە، وەفدەكەمان سەردانی ئیمراڵی كرد و گەڕایەوە، ئەو تەندروستی باشە و ورەی بەرزە، خانەوادەكەی بینیوە، بەڵام پێویستە نەك تەنیا خانەوادەكەی یان پارێزەر یان وەفد ببینێ‌، بەڵكو پێویستە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لەگەڵیدا كۆببنەوە و گفتوگۆی لەگەڵ بكەن، ئەو خواستی ئەوەیە لەگەڵ هەمووان كۆببێتەوە، من دەمەوێت جەخت بكەمەوە: كۆبوونەوەكان لەگەڵ ئۆجەلان نابێ هەفتانە و مانگانە بن، بەڵكو پێویستە بتوانێت رۆژانە كۆبوونەوە بكات، جێگەی قبووڵ نییە كۆبوونەوە و دەرفەتەكان بۆ ئۆجەلان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بیروڕا سنووردار بن، بەتایبەت كاتێك كار بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی ئاوا جددی و مێژوویی دەكات. 

*پێویستە پەرلەمانی توركیا چ هەنگاوێك بنێت لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە؟ 

- ئێمە بەزۆری ئەمە دەڵێین؛ با سیستمێك لە تورکیا دابمەزرێت، كە دەوڵەت خزمەتی گەل بكات، نەك سەردەست بێت، با ژیانێكی هاوبەش دابمەزرێت، بەجۆرێك كەس لەبەر ناسنامە یان بیروباوەڕەكەی پشتگوێ نەخرێت، با سیستمێكی راستەقینەی هاوسەنگ دروست بێت، بەجۆرێك دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت، پەرلەمان بەهێز بێت، دەسەڵاتی جێبەجێكردن شەفاف بێت، با كێشەكان بە دانووستان و دیالۆگ چارەسەر بكرێن نەك بە توندوتیژی؛ با ئاشتی كۆمەڵایەتی بەدەست بهێنرێت، با ئیرادە ناوخۆیی بێت، با دیموكراسییەكی ناوخۆیی بەهێز مسۆگەر بكرێت، دەوڵەت پێویستی بە گۆڕانكارییەكی دیموكراسی هەیە، ئەگەر گواستنەوەی دیموكراسی هەبێت، ئەوا ئەو كارانەی كە دەبێ ئەنجام بدرێن روونن.

*هیچ بەربەستێكی یاسایی لەبەردەم پرۆسەی چارەسەری هەیە؟

-  ئێمە دەزانین، ئاشتی راستەقینە لە رێگەی دامەزراندنی یاسا و دادپەروەریی و خەباتی هاوبەش بۆ دیموكراسی دێتەدی، هیچ بەربەستێكی یاسایی لەبەردەم كشانەوەی بڕیاری دانانی قەیومەكان، ئازادكردنی زیندانییە نەخۆشەكان، جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای دەستووری توركیا و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نییە، تەنها ئیرادەی سیاسی لاوازە، ئێمە بایەخ بە رێگەی ئاشتی دەدەین كە لەسەر بنەمای مافی یەكسان و دیموكراتی وڵات دامەزراوە، دووەم شتی گرنگ ئەوەیە، كە ئێمە دەڵێین یاساكانی تێكەڵكردنی دیموكراسی گرنگترین بەشی چارەسەرە بۆ پرۆسەكە.

*تا چەند گەشبینن بەوەی ئاشتی لەم پرۆسەیەدا سەربكەوێت؟

-  تاكە چانسی سەركەوتنی ئاشتی لە پرۆسەی بە كۆمەڵایەتیكردندایە، ئاشتی واتە پێكەوە ژیان بە هاوئاهەنگی و یەكگرتوویی، بۆ ئەو مەبەستە باجی قورس دراوە، ئەمڕۆ زمانێكی نوێ، سیاسەتێكی نوێ پێویستە، مێژوو دەرفەتێكمان بۆ دەڕەخسێنێت؛ دەرگایەكی فراوان دەكاتەوە، دەبێت پێكەوە لەم دەرگایەوە تێپەڕین.

*دەمەوێت باسی رۆڵی سەرۆك مام جەلال بكەی لە پرۆسەی ئاشتیدا؟

- سەرەتا رۆحی مام جەلال شاد و ئارام بێت، جارێكی تر بە رێزەوە یادی دەكەمەوە، لەسەردەمی ئەودا بەشداریی زۆری كردووە لە پرۆسەی ئاشتی، بەڕێز مام جەلال بەڕاستی خوازیاری چارەسەری كێشەی كورد بوو، بۆ ئەمەش هەوڵی دیپلۆماسی دا، كە لە مێژوودا باس دەكرێت، پێشهاتەكانی ئەمڕۆ و ئەو پرۆسەیەی كە ئێمە تێیدا دەژین، دەرئەنجامی هەوڵەكانی ئەو رۆژانەیە كە مام جەلال كاری بۆ كرد، هەربۆیە بەشداریی مام جەلال هەمیشە زۆر گەورە بووە لە پرۆسەی ئاشتیدا.

*ئێوە هاتن بۆ سلێمانی و لێرە چەكەكان سوتێندران، رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ تا چەند گرنكە؟

- من سوپاسگوزارم بۆ ئەو پاڵپشتییەی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردەكانی بۆ ئەم پرۆسەیە كردوویانە، پاڵپشتیكردنی دیموكراسی و ئاشتی باڵاترین سیاسەتە، لەو پێوەندییەدا لەكاتی سەردانمان بۆ سلێمانی باسم لە رۆڵی گرنكی یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی كرد، متمانە و پشتیوانی ئەوان لەم پرۆسەیەدا ورە و هێزمان پێ دەبەخشێت، هاوكات ئومێدمان بۆ یەكگرتوویی نەتەوەی كورد پێ دەبەخشێت، هەربۆیە لە رێگەی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌-وە سڵاوی خۆم بۆ بەڕێزان بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەنێرم.

PUKMEDIA/کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket