riklam

سەرۆک بافڵ لەکەرنەڤاڵی هەولێر: یەکێتی شەڕ بۆ هەموو کوردستان دەکات

کوردستان 04:04 PM - 2025-11-01
سەرۆک بافڵ نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک بافڵ

سەرۆک بافڵ

سەرۆک بافڵ لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئەمڕۆ 1ی11ی2025 بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی (222) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، کە تیایدا سەرۆک بافڵ  وتارێکی پێشکەش کرد و بەرنامە و پلانی یەکێتی بۆ خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و کاری داهاتووی لە بەغداد روونکردەوە.


سەرەتای کەرنەڤاڵەکە بە ناساندنی کاندیدانی لیستی 222ی یەکێتی لە هەولێر دەستپێکرد و پاشان هەڤاڵان قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری بازنەی هەولێری لیستی 222ی یەکێتی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی سڵاویان لە جەماوەری یەکێتی کرد ، دواتر شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ  بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و داوای لەسەرۆک بافڵ کرد  بێتە سەر ستەیج بۆ پێشکەشکردنی وتارەکەی.

هەولێر قەڵای هەولێرە سەوزە و هەرگیز سوور نابێت

لە وتارەکەدا سەرۆک بافڵ رایگەیاند: سڵاو پایتەختی کوردستان، سڵاو شاری قەڵاو منارە، سڵاو هەولێری پیرۆز، هەڤاڵانی هەولێر قەڵای هەولێرە سەوزە و هەرگیز سوور نابێت.

راشیگەیاند: جەماوەری بەشەرەفی یەکێتی سڵاوتان لێبێت، ئێمە دەنگی تۆین لەبەغداد، دەنگی تۆین، هێزی تۆین، سەنگی تۆین، ئەوە یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە کە دەچێتە بەغداد و رێککەوتنی یەکجاریی دەکات لەگەڵ بەغداد، ئەوە ئێمەین ئەمجارە مووچەی هەرێم وەک ساڵانی 2003 و بۆ 2013 لێدەکەینەوە و پرۆژەی گەورە و یەکێتییانە دەهێنینە هەرێمی کوردستان و لە زاخۆوە تا هەڵەبجە بە بێ جیاوازی خزمەت دەکەین.


کەسانێک لەم شارە وەک فیرعەون دەژین

سەرۆک بافڵ دووپاتیشی کردەوە: سەرجەم کاسبکارانی بازاڕی هەولێر،ئێوە خوێنی ئابوری کوردستان و هەولێرن، ئێوە زۆر زەحمەتان بینیوە و دڵ و بزنسی ئابوری ئێوە بەهۆی کێشەی هەرێم بەغداد، عەزێت دراوە، بەڵام کەسانێک لەم شارە وەک فیرعەون ژیاون.

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد: دەزانم دەنگ بە ئێمە دەدەن و دەزانن ئێمە بەهێزین لە بەغداد و کارتان بۆ دەکەین، سەردەمی زێڕینی سەرۆک مام جەلالتان لەبیرە، بەچ جۆرێک دەژیاین؟

کریستیانەکان  دڵی کوردستانن

پەیوەست بە دۆخی هاووڵاتیانیش، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند: لە 2014وە دامەزراندن وەستاوە، بەڵام دامەزراندن بۆ کەسوکاری فیرعەونەکان نەوەستاوە.

دووپاتیشی کردەوە: ئەو پەیوەندییە گەرمەی هەڤاڵ مام جەلال و کاک کۆسرەت دروستیان کرد، زیندووی دەکەینەوە.

لە بارەی کریستیانەکانیشەوە سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند: خوشک و برا کریستیانەکان ئێوە بەشێکی گرنگن و روح و دڵی کوردستانن، ئێمە هاوپەیمانتان دەبین و بەرگریتان لێدەکەین لە خۆتان و ئاین و زەویتان، شانبەشانتان شەڕ دەکەین، تا مافی خۆتان وەربگرنەوە و  بۆ هەر بستێکی ئەو زەوییەی لێتان داگیر کراوە.

تورکمانەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت

سەرۆک بافڵ بۆ پێکهاتەی تورکمانەکانیش ئاماژەی بەوەکرد: تورکمانە ئازیزەکان، ئێوە رەسەنن و خەڵکی شاری هەولێرن، بەڵام کوا نوێنەرە راستەقینەکانتان؟ بۆ نابێت تورکمان نوێنەری خۆی هەبێت و داکۆکی لێبکات؟، من لێرەوە بەڵێن دەدەم چۆن بەرگری لە کورد و کوردستان دەکەم، بەهەمانشێوە بەرگرییەکی راستەقینە لە ئێوەش دەکەین.

سەرۆکی یەکێتی بەڵێنی بە خەڵکی هەولێر دا و رایگەیاند: سوێند بەخودای گەورە و بەگۆڕی هەموو شەهیدانی یەکێتی و کوردستان هەرگیز هەولێر بەجێناهێڵین و ئەمە دوو هەڵبژاردنە هەڤاڵان کاک قوباد و کاک دەرباز دەنێرمە لاتان، بەڵام لەمەودوا هەفتەی جارێک بەلایەنی کەوە خۆشم لە هەولێر دەبم.

یەکێتی شەڕ بۆ هەموو کوردستان دەکات

پەیوەست بە جەماوەری سۆران، سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەکرد: خەڵکی سۆران ئازاری ئێوە دەزانم و ئاگادارم چ غەدرێکتان لێدەکرێت، ئێمە باڵانسەکە رێکدەخەینەوە و دەزانین چەند ساڵە چۆن خزمەتی یەکێتیتان کردووە و وەک وەفایەک بەڵێن بێت تا کۆتایی لەگەڵتان دەوەستین و غەدر لە کەس قبوڵ ناکەین،چونکە یەکێتی شەڕ بۆ هەموو کوردستان دەکات وکار بۆ گیرفانی خۆی ناکات و دڵنیاشتان دەکەمەوە حکومەت لەبەر ئێوە پێکنەهاتووە، بەشداری لە حکومەتێکدا ناکەین، کە بەیەکچاو سەیری هەموو کوردستان نەکات.

لە بارەی دۆخی ئازادی رادەربڕین لە هەولێر، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند:  بیانییەکان کە دێنە هەولێر دڵیان خۆشە و بە بینینی باڵەخانە و جادە پانەکان، بەڵام جادەی پان و باڵەخانەی بەرز چ نرخێکی هەیە کە خەڵکەکەی ئازاد نەبێت، جادەی پانتان بۆچییە کە هەموو رۆژێک بخنکێنرێن، هەمیشە هاوار بکەن و سەرتان بەرز بێت، چونکە ئێوە یەکێتی و کوردن، دەبێت خەڵک لێتان بترسێت، بەڵێن بێت لە پشتان دەوەستین و وەک شاخ و سەفین.

سندوقەکان سەوز پۆش بکەن ئەوەی دی لۆ من لێگەڕێن

ئاماژەی بەوەشکرد: دەیانەوێت بتانترسێنن خیانەتتان لێبکەن، بەڵام پێیان ناکرێت،چونکە ئەو ئاگرە سەوزەی لە ناو دڵتاندایە رۆژێک دێت بیانسوتێنێت و ئەو رۆژەش هاتووە 11ی 11 سندوقەکان پڕ بکەن لە دەنگە سەوزەکانتان، ئێمە شەڕ بۆ مافەکانتان دەکەین.

لە بارەی دۆخ و گوزەرانی هاووڵاتیانیش، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند: ئەمرۆ سوتەمەنی زۆر گرانە،چونکە خاوەنەکانی حەز دەکەن وابێت و گیرفانیان پڕ بکەن، بۆیە دەنگمان پێبدەن تا ئەو دزییەکە رادەگرین، بەسە.

دووپاتیشی کردەوە: ئێمە بووین توانیمان بەرگری لە کوردستان بکەین و یاسای هەڵبژاردنمان گۆڕی، توانیمان هەڵەبجە بکەین بە پارێزگا،کەرکوکمان رزگار کرد و  پارێزگارێکی کوردمان بۆ دانا، هەر یەکێتی هێزی کاک کۆسرەت و سیاسەتی دیپلۆماسی مام جەلالی هەیە، بۆیە هێزی تۆیە لە بەغداد، داواتان لێدەکەم هەر کەسێک کە مافی دەنگدانی هەیە قسەی لەگەڵ بکەن و پێیان بڵێن جیاوازی یەکێتی لەگەڵ حزبەکانی تر چییە؟.

لە کۆتایشدا، سەرۆک بافڵ داوای کرد هەمووان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و رایگەیاند: لە رۆژی هەڵبژاردن سندوقەکانی دەنگدان سەوز پۆش بکەن ئەوەی دی لۆ من لێگەڕێن.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket