riklam

هەولێر...بەهۆی تەواونەکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون چەندین بەشداربوو زەرەرمەندبوون

کوردستان 10:35 AM - 2025-10-28
یەکێک لە پرۆژە نیشتەجێبوونە تەواونەکراوەکان لە هەولێر کوردستانی نوێ

یەکێک لە پرۆژە نیشتەجێبوونە تەواونەکراوەکان لە هەولێر

هەولێر

لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر، رێگە بە دروستکردنی چەندین پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون دراوە، کەچی تائێستا بەشێکیان بە تەواونەکراوی ماونەتەوە و بەهۆیەوە چەندین خێزان زەرەرمەندبوون و مافەکانی خۆیان پێنادرێتەوە.

ئاسۆ عەبدولڕەحمان هاووڵاتییەکی شاری هەولێرە، بەشداریی لە کڕینی یەکەیەکی نیشتەجێبووندا کردووە لە یەکێک لە پرۆژەکانی شارەکە و سەبارەت بەو پرسە ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بە مەبەستی دابینکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون، بەشداریم لە پرۆژەیەکی خانووبەرەدا کرد، بەڵام تائێستا پرۆژەکە دەستی بە کارەکانی نەکردووە و وەبەرهێنەرەکەش ئامادەنییە پارەکەمان بداتەوە.

وتیشی: بەهۆی بەشداریکردنم لەو پرۆژەیەدا تووشی قەرز و چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی بووم، لە هەمانکاتدا نەمتوانی لە کرێنشینیش رزگارم بێت، ئەمەش لە ئەنجامی نەبوونی هیچ پاڵپشتییەک بۆ خەڵکی ئاسایی، لە کاتێکدا وەبەرهێنەرە دەستڕۆیشتووەکان بە رۆژی رووناک مافی خەڵک دەخۆن، بەبێ ئەوەی کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.

ئاماری کرێنشینان

بەگوێرەی ئامارێکی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، زۆرترین رێژەی کرێنشینان لە سنووری پارێزگای هەولێرە، کە بە 200 هەزار خێزان مەزەندە دەکرێت، بەشێکی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی کرێچی بۆ تەواونەکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەکاتی خۆیدا، هەروەها گرانیی نرخی یەکەکان دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک کەسێکی مووچەخۆر یان خاوەن داهاتێکی کەم ناتوانێت ببێتە خاوەنی ئەو یەکانە.

رێبین جەمال هاووڵاتییەکی دیکەی زەرەرمەندە لە پرۆژە نیشتەجێبوونەکان و لەوبارەیەوە رایگەیاند:  لە ساڵی 2020 زەوییەکی تاپۆم لە گەڕەکی هەشتی حەسارۆک کڕی، بەو هیوایەی بتوانم خانوویەکی لەسەر دروست بکەم، بەڵام بەهۆی رێگەپێنەدانی شارەوانی و کەمتەرخەمی ئیدارەی هەولێر تا سێ ساڵ نەمتوانی خانووی لەسەر دروست بکەم، بە ناچاریی بە زەرەرێکی زۆر زەوییەکەم فرۆشتەوە.

وتیشی: ئێمە نازانین چۆن لە کرێنشینی رزگارمان دەبێت، چونکە هیچ پرۆژەیەک بۆ خەڵکی کرێنشین و کەمدەرامەت لەلایەن حکومەتەوە دروست ناکرێت، بۆ ئەوەی بە قەرزێکی درێژخایەن پێمان بدەن، لە هەمانکاتدا ترسمان لە بەشداریکردن لە پرۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون هەیە، لەبەرئەوەی چەندین خزم و هاوڕێم تێیدا زەرەرمەندبوون.

لە هەولێر ژمارەیەک پرۆژەی نیشتەجێبوون هەن کە هاووڵاتییان بەشدارییان تێدا کردووە و لێی زەرەرمەندبوون، بەشێکیان هەر لە بنەڕەتدا بوونی نەبووە و بەشێوەیەکی وەهمی بانگەشەی بۆ کراوە، بۆئەوەی پارە لە خەڵک وەربگرن.


گلەیی هاووڵاتییان

هەولێر زەوییەکی تەخت و فراوانی هەیە، ئەمەش وادەکات دەرفەتی فراوانبوونی شار زیاتر بێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پلانێکی تۆکمە و جیاکاریی لەنێوان چین و توێژەکاندا، نەتوانراوە گرفتی نیشتەجێبوون لە پایتەخت چارەسەر بکرێت.

ئەسکەندەر مەعروف هاووڵاتییەکی دیکەی هەولێرە و رایگەیاند: یەکێکم لەوانەی چەندین ساڵە بەشداریم لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبووندا کردووە، بەڵام تائێستا نەبووم بە خاوەنی یەکەکە، چەند جارێکیش گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ناڕەزاییمان کردووە، بەڵام ئەنجامی نەبووە.

وتیشی: هۆکاری ئەوەی لە هەولێر خاوەنی پرۆژەی یەکەکانی نیشتەجێبوون فێڵ لە خەڵکی ئاسایی دەکەن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆربەی وەبەرهێنەرەکان شارەزایی و پسپۆڕییان لەو کەرتەدا نییە، هەروەها حکومەت و دەسەڵات و توانای لەسەر بەشێک لە وەبەرهێنەرەکان نییە، خەڵکیش لەم ناوەندەدا نازانێت پەنا بۆ کێ ببات.

وەهمی بوونی پرۆژەکان

هاوکات کارزان رەسوڵ لێپرسراوی لقی هەولێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان، رایگەیاند: لە ئەنجامی تەواونەکردنی ژمارەیەک پرۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر، بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان تووشی زیانی ماددی بوون، جگە لەوەی نەبوونەتە خاوەنی یەکەکە، ئەو پارەیەشیان پێنادەنەوە کە وەک پێشەکی داوییانە بە وەبەرهێنەرەکە.

وتیشی: لە هەولێر ژمارەیەک پرۆژەی نیشتەجێبوون هەن کە هاووڵاتییان بەشدارییان تێدا کردووە و لێی زەرەرمەندبوون، بەشێکیان هەر لە بنەڕەتدا بوونی نەبووە و بەشێوەیەکی وەهمی بانگەشەی بۆ کراوە، بۆئەوەی پارە لە خەڵک وەربگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد: هۆکاری سەرەکی ئەو گرفتانە بۆ دەستەی وەبەرهێنان دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان رێگە بە وەبەرهێنەران دەدەن بۆ دروستکردنی یەکەکان، لەبەرئەوە پێویستە هەر وەبەرهێنێک نەیتوانی پرۆژەکەی تەواو بکات، لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکەن و مافی خەڵک بگەڕێننەوە، بەڵام وەک پێویست ئەوکارە نەکراوە.

PUKMEDIA/ کوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket