riklam

یه‌كێتی شه‌فافیه‌ت له‌داهات و یه‌كسانی له‌خه‌رجی ده‌كاته‌ كارنامه‌كه‌یه‌وه‌

کوردستان 12:02 PM - 2025-10-26
شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکانی نەوت PUKMEDIA

شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکانی نەوت

لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جه‌ختی له‌ شه‌فافیه‌ت كردوه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌داهاتی نه‌وت و گاز، له‌ كارنامه‌ی لیستی 222ی یه‌كێتی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌ گرنگیه‌وه‌ جه‌خت له‌و خاڵه‌ كراوه‌ته‌وه‌، هه‌تا داهات و خه‌رجییه‌كانی نه‌وت و گاز به‌راده‌یه‌ك رون و شه‌فاف بن كه‌ خه‌ڵكی كوردستان بتوانن خێر له‌و داهاته‌ ببین و له‌پێناو خۆشگوزه‌رانییاندا به‌كاربهێنرێت.

كارنامه‌ی لیستی 222 ی یه‌كێتی بۆ كه‌رتی نه‌وت و گاز، و بودجه‌ و داهاته‌كان

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕ‌وای وایه‌ له‌ كه‌رتی نه‌وت و گاز و پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی فیدڕ‌اڵی، حكومه‌تی فیدڕ‌اڵی عیراق پێویسته‌ ئه‌م سیاسه‌تانه‌ی خواره‌وه‌ پیاده‌ بكات:

1-جێبه‌جێكردنی پره‌نسیپی شه‌فافیه‌ت له‌ داهات و خه‌رجییه‌كانی نه‌وت و گاز، و ده‌ركردنی یاسای نه‌وت و گازی فیدڕ‌اڵی، كه‌ مافه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كان و هه‌رێمه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات.

2-كاركردن بۆ هه‌مه‌چه‌شنكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن به‌ نه‌وت و گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری.

3-داكۆكیكردن له‌مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌رگرتنی پشكی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ بودجه‌ی گشتی عیراق و ناردنی به‌رده‌وامی بێ پچڕ‌انی شایسته‌ داراییه‌كان

4- بەهێزکردنی دامەزراوەکانی چاودێری دارایی و وردبینی بۆ ڕێگرتن لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.

نه‌وت و غاز موڵكی تاك به‌تاكی هاووڵاتیانی هه‌رێمه‌

لای یه‌كێتی نه‌وت و گاز سه‌روه‌تێكی نیشتمانییه‌ و موڵكی تاك به‌تاكی هاووڵاتیانه‌، بۆیه‌ ده‌بێت شه‌فافیه‌ت هه‌بێت له‌داهاتوو خه‌رجییه‌كانیدا.

ئاراس جه‌لال مه‌حمود كاندیدی ژماره‌ 28 له‌سه‌ر لیستی 222 ی یه‌كێتی له‌ بازنه‌ی هه‌ولێر، به‌ وێبسایتی ره‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگه‌یاند: یه‌كێتی پێیوایه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌وت و گاز سه‌روه‌تێكی نیشتمانییه‌، بۆیه‌ موڵكی تاك به‌ تاكی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌ بێ جیاوازی، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌ یه‌كسانی دابه‌ش بكرێت و هه‌میشه‌ش جه‌خت له‌ شه‌فافیه‌ت ده‌كاته‌وه‌ له‌داهات و خه‌رجییه‌كانی نه‌وت و گازدا".

وتیشی: به‌ده‌ركردن و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌یاسای نه‌وت و گاز له‌رێگای نوێنه‌ره‌كانیه‌وه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق یه‌كێتی هه‌وڵده‌دات بۆ پاراستنی مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵی به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كانی چاودێری دارایی و وردبینی ده‌دات، بۆ رێگرتن له‌گه‌نده‌ڵی و به‌فیڕ‌ۆدانی سامانی گشتی.

داهاتی نه‌وت و گاز بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی بێت

یه‌كێتی ده‌یه‌وێت ئه‌و داهاته‌ زۆره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی نه‌وت و گازه‌وه‌ هه‌یه‌تی بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌كاربهێنرێت، به‌بێ جیاوازی له‌نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كاندا.

به‌ختیار جه‌میل محه‌مه‌د كاندیدی ژماره‌ 27 له‌سه‌ر لیستی 222 ی یه‌كێتی له‌بازنه‌ی سلێمانی، به‌ وێبسایتی ره‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIAی راگه‌یاند: یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی دیموكراسیه‌ت ئه‌وه‌یه‌ خه‌رجی و داهات له‌ وڵاتدا شه‌فاف بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ش كه‌ هه‌رێم و عیراق خاوه‌نی داهاتێكی زۆرن به‌تایبه‌ت له‌سه‌رچاوه‌ی سروشتی، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌یه‌وێت و جه‌ختی لێده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و داهاته‌ بۆ خۆشگوزه‌رانی و به‌رژه‌وه‌ندی و خزمه‌تی خه‌ڵك به‌كاربهێنرێت.

كاندیده‌كه‌ی بازنه‌ی سلێمانی لیستی 222ی یه‌كێتی ده‌شڵێت: یه‌كێتی هه‌میشه‌ له‌پێناو ده‌ركردن و پشتیوانیكردنی یاسای نه‌وت و گاز خه‌باتی په‌رله‌مانی كردوه‌و له‌رێگای نوێنه‌ره‌كانییه‌وه‌ له‌به‌غدا ده‌یه‌وێت مافی كورد به‌تایبه‌تی و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمیش بپارێزێت.

داتای راست و دروست ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌م هاووڵاتیان

كاندیدانی یه‌كێتی له‌ڕ‌ێی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ به‌ شه‌فافیه‌ت كارده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی داتای راست و دروستی نه‌وت و گاز بخرێته‌ به‌رده‌م هاووڵاتیانی هه‌رێم.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌لی محه‌مه‌د كاندیدی ژماره‌ 13 له‌سه‌ر لیستی 222 ی یه‌كێتی له‌ بازنه‌ی كه‌ركوك، به‌ وێبسایتی ره‌سمیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIAی راگه‌یاند: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ر رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌رده‌وامه‌ كه‌ حزبێكی دیموكراسییه‌ و هه‌میشه‌ هه‌وڵی شه‌فافیه‌تی داوه‌ له‌هه‌موو بوارێكدا، به‌تایبه‌تیش له‌پرسی نه‌وت و گاز كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی داهاتن و قوت و بژێوی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌شی وت: ئه‌گه‌ر بچینه‌ په‌رله‌مانی عیراق ده‌مانه‌وێت كاربۆ ئه‌وه‌ بكه‌ین داتای راست و دروست و شه‌فاف بخه‌ینه‌ به‌رده‌ست هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تیش ئێمه‌ وه‌ك كاندیدانی كه‌ركوك جه‌خت له‌پاراستنی مافی هه‌موو پیكهاته‌كانی كه‌ركوك ده‌كه‌ینه‌وه‌ وه‌ك چۆن مام جه‌لال وتویه‌تی كه‌ركوك چه‌پكه‌ گوڵه‌كه‌یه‌.

یه‌كێتی له‌سه‌رده‌می سه‌رۆك مام جه‌لاله‌وه‌ هه‌تا ئێستا و به‌رده‌وام باسی له‌شه‌فافیه‌ت كردوه‌، به‌تایبه‌ت جه‌خت له‌داهات و خه‌رجییه‌كانی نه‌وت و گاز كردوه‌ته‌وه‌، هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم بوو به‌خاوه‌نی پڕ‌ۆژه‌ی شه‌فافییه‌ت له‌ داهات و خه‌رجی له‌پارێزگای سلێمانی، كه‌له‌ئێستادا رۆژانه‌ ده‌توانیت سه‌رجه‌م داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ردوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان و راپه‌ڕ‌ین له‌سایتی شه‌فافییه‌ته‌وه‌ بزانیت، تا خه‌ڵكی هه‌رێم به‌رچاوروون بن، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌یه‌وێت سه‌رجه‌م داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی هه‌رێمی كوردستان شه‌فاف بێت و داهاته‌كه‌ی بۆ خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket