riklam

پەیامی سەرۆک بافڵ لە گەرمیانی قەڵای سەوزی یەکێتيیەوە

کوردستان 04:02 PM - 2025-10-22
سەرۆک بافڵ PUKMEDIA

سەرۆک بافڵ

لیستی 222ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆک بافڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژاردن

ئەمڕۆ 22ی10ی2025 بەئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی (222) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بەڕێوەچوو، کە تیایدا سەرۆک بافڵ  وتارێکی پێشکەش کرد و بەرنامە و پلانی یەکێتی بۆ خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران و کاری داهاتووی لە بەغداد روونکردەوە.

یەكێتی لە گەرمیانەوە بۆ بەغداد دەچێت 

دوای ناساندنی بەشێك لە كاندیدەكانی بازنەی سلێمانی لیستی یەكێتی بە ژمارە 222، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتەیەكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: گەرمیانییەكان قەڵای سەوزی یەكێتین و پشتوانی لە لیستی 222 دەكەن، بۆیە بەپشتیوانی قەڵای سەوزی یەكێتی هیچ دوژمنێك ناتوانێت دژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوەستێتەوە، هەربۆیە یەكێتی لە گەرمیانەوە بۆ بەغداد دەچێت. 

گەرمیان سەری شمشێری كورد و كوردایەتیيە

راشیگەیاند: كەم شوێن لە كوردستان هەیە كە وەك گەرمیان قوربانی دابێت، گەرمیان سەری شمشێری كورد و كوردایەتییە، بۆیە پێویستە ئەمجارە نوێنەرەكانی گەرمیان لە حكومەت و بەغداد زیاتربن، چاوەڕێی ئێوە و نوێنەرەكانتان دەكەم، بۆ ئەوەی بۆ ژیان و ماف و مووچە و  كەرامەتی میللەتەكەمان شەڕ بكەین، ئێوە خاوەنی راستەقینەی یەكێتین و كاندیدەكانمان دەیانەوێت خزمەتتان بكەن لە بەغداد، چونكە قەرزاری گەرمیانین و وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان قوربانی و ئازایەتی لە ئێوەوە فێر بووین.


سەرۆكی یەكێتی وتیشی: هەشت ساڵ پێش ئێستا وتم ئێمە لە دوای هیچ حزبێكەوە نابین و نەبووین،  ئێستاش ئێمە لەپێشەوەین و حزبەكانی دیكە چاو لە ئێمە و هێزی سیاسی و عەسكەری و دیپلۆماسی و پەیوەندییەكانمان دەكەن، لە هەمووی گرنگتر چاو لە پشتیوانی میللەت بۆ یەكێتی دەكەن.


 یەكێتی خەبات بۆ گەل دەكات نەك بۆ گیرفان 

ئەوەشی خستەڕوو: هەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە خەبات بۆ گەلی خۆی دەكات، نەك بۆ گیرفان و شتی تر، بۆیە یەكێتی لە بەغداد و وڵاتان رێزی تایبەتی هەیە، ئەمەش رێباز و بەرنامەی سەرۆك مام جەلالە، هەر یەكێتیشە هەر چوار پارچەی كوردستان وەك یەك و بەیەك چاو دەبینێت، چونكە نییەت و بەرنامەی یەكێتی جیاوازە.

كەس هێندەی ئێوە و یەكێتی قوربانی نەداوە


سەرۆك بافڵ رووی كردە گەرمیانییەكان و رایگەیاند: ئێوە و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان شەڕ بۆ كوردایەتی دەكەن، كێ وەك یەكێتی شەهیدی بۆ كوردایەتی داوە؟  كێ بەقەد ئێوە قوربانی داوە؟.

ئەوەی دەیڵێین جێبەجێی دەكەین

ئاماژەی بەوەشدا: ئەوەی كە ئێمە دەیڵێین جێبەجێی دەكەین، وتمان باڵانسی هێز لە كوردستان راستدەكەینەوە راستمان كردەوە،  وتمان یەكێتی لە بەغداد بەهێز دەكەین بەهێزمان كرد، وتمان پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانمان زیندوو دەكەینەوە كردمان، وتمان هێزێك دروستدەكەین كە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرەقەتی نەیەت دروستمان كرد، وتمان كەركوك سەوز دەكەینەوە، سەوزمان كردەوە، وتمان حكومەتی هەرێم دروست نابێت، تا لە حكومەتەكەی دیكە جیاواز نەبێت و بەباشی خزمەتتان نەكات، ئەوەبوو نەمانكرد.

ئامانجی سەرەكی یەكێتی پاراستنی قەوارەی هەرێم و خزمەتكردنی خەڵكە


سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدرێژەی وتارەكەیدا رایگەیاند: لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا لە گفتوگۆی جددیداین لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە و ئامانجی سەرەكی یەكێتیش پاراستنی قەوارەی هەرێم و خزمەتكردنی خەڵكە، ئێمە دوژمنی هیچ حزبێك نین، هەر حزبێك میلەتەكەی پێش خۆی دابنێت ئێمە كاری لەگەڵدا دەكەین و دەستمان كراوەیە بۆی، بەڵام ئەوەی بەرنامەیەكی دیكەی هەیە ئێمە ناتوانین كاری لەگەڵدا بكەین.

پۆستی یەكێتی نادەینە كەس و دەبێت بۆ خزمەتی خەڵك بێت


هاوكات رویكردە گەرمیانییەكان و رایگەیاند: بەڵێنتان پێدەدەین زۆرترین نوێنەر و خەڵكی باش بنێرینە حكومەت، ئەگەر وەك پێویست خزمەتتان نەكەن لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكەین، ئەمجارە هەموو شتێك جیاوازە، زۆنی سەوز بەتەوای سەوزە و پۆستی هەموو ئەو حزبانە وەردەگرینەوە كە لە حكومەتدا نەماون، پۆستی یەكێتی نادەین بە هیچ كەسێك و دەبێت بۆ خزمەتی خەڵك و كوردستان بەكاربێت، هەربۆیە رەحم بە كەس ناكەین و پۆستی خۆمان بەكەس نادەین، دەشپرسین لادێكانی ئێمە بۆ ئیهمال كراون؟ بۆ وایان لێكراوە؟ بەراوردیان بكەن لەگەڵ لادێكانی ئەولا.

دەتوانین لەگەڵ بەغداد دانوستان بكەین و دەشتوانین تێكیبدەین


سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی: بمانەوێت یان نەمانەوێت چارەسەری كێشەكانمان لە بەغدادە، دەپرسم چۆن لەگەڵ بەغداد رێككەوین؟ بە گفتوگۆ و دانووستان یان بە تێكدان؟ ئێمە هەم دانووستان و هەم تێكدانیشمان پێدەكرێت.


وتیشی: دەبێت داهاتی خۆتان بۆ خۆتان بێت و راستەوخۆ بۆ خۆتان بەكاربێت و بەمنزیكانەش هەواڵی خۆشتان پێدەگات.

بەرنامە و ستراتیژمان بۆ گەنجان هەیە

سەرۆكی یەكێتی رووی لە گەنجانی گەرمیان كرد و وتی:  رەنگە یەكێتی چەند گۆڕانكارییەكی دیكەش بكات، وەرن بۆ كۆمیتە و مەڵبەندەكان و یەكێتی نوێ دەكەینەوە،  چونكە یەكێتی ئێستا یەكێتییەكەی دوێنێ نییە و بەرنامە و ستراتیژمان بۆ گەنجان هەیە، من هێزی تۆم لە بەغداد.

ئاماژەی بەوەشكرد: هەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە باسی ماددەی 140 دەكات و لە بیری ماوە، دەپرسم كاتێك ناچیتە بەغداد و لە بەغداد سڵاوت لێناكەن و گفتوگۆ ناكەیت ئیتر چۆن ماددەی 140 جێبەجێ دەكەیت؟ چۆن داوای مووچە دەكەیت؟ ئەمە چ سیاسەتێكە؟ خۆشبەختانە یەكێتی بە باشی لەوە گەیشتووە.

سندوقەكانی گەرمیان سەوز بكەن

لە كۆتایی وتارەكەیدا راشیگەیاند: ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و كێ دەناسن بیبەن بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان و سندوقەكان سەوز بكەن، چونكە چەند دەنگ و كورسیمان زیاتر بێت بەهێزتر دەبین، هەموو سندوقەكانی گەرمیان سەوز بكەن، ئەی قەڵای سەوزی یەكێتی، ئێمە لە خزمەتتانداین و گەرمیان هێزی یەكێتییە، بەناوی خودای گەورە بۆ پێشەوە، بۆ سەركەوتن، بۆ بەغداد.



PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket