یەكێتی لەبەغداد بەهێزتر بێت، كوردستان بەهێزترو پارێزراوتر دەبێت
کوردستان 11:10 AM - 2025-10-14
PUKMEDIA
لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ژمارە 222، بەغداد
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەردوو گۆڕەپانی كوردستان و عیراقدا بووەتە ژمارەیەكی گرنگی هاوكێشە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان، بوونی بەهێزیشی لە بەغداد بووەتە گرەنتی بۆ كورد و كوردستان.
بابەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بووەتە پرسێكی گەرمی رۆژ، هەمووان لە ركابەریدان بۆ بەدەستهێنانی كورسییەكانی ئەو ئەنجومەنە، كە وا بڕیارە لە 11ی 11ی ئەمساڵدا دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت و نەخشەڕێگای چوار ساڵی داهاتووی وڵاتەكە دیاری بكرێت.
یەكێتی بە خوێن و فرمێسك گەیشتووەتە ئەم قۆناغە
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و سەرۆكی لیست و كاندیدی ژمارە 1ی لیستی 222ی یەكێتی لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند: بێگومان بەهێزیی یەكێتی، رەنگدانەوەی لەسەر كۆی پڕ ۆسەی سیاسی هەیە، هەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و هەم لە ئاستی عیراقدا، واتە یەكێتی هێزێكە لە قووڵایی كوردستان و بە خوێن و فرمێسك گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، بۆیە هەمیشە یەكێتی لە بەرپرسیارییدا بووە و بە بەرپرسیارێتییەوە كاردەكات و هەست بە بەرپرسیارێتیش دەكات، بۆیە بەرپرسیارە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان، بەرامبەر بە قووتی خەڵك، بەرامبەر بە ئاسایشی خەڵكی كوردستان، بەرامبەر سەروەریی هەرێمی كوردستان، یەكێتی كاتێك بەهێزدەبێت رەنگدانەوەی باشی هەبێت لەسەر پارچەكانی تری كوردستانیش، بۆیە پێویست دەكات یەكێتی بەهێزبێت وەك سەرۆك بافڵ-یش باسی لێوەكرد. لەهەمانكاتدا یەكێتی بەهێزبێت رەنگدانەوەی دەبێت لە بەغداد بۆ رێككەوتنەكان بەتایبەت ئەو رێككەوتنانەی چەندینجارە دەكرێن و دواتر خەڵكی هەرێمی كوردستان دەبنە قوربانیی لەسەر دۆسیەی نەوت و هەندێك كۆمپانیای چاوچنۆك وایانكردووە كە زیانی گەورەیان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی گەیاندووە، ئەگەر لە هەرێمی كوردستان لە بەغداش یەكێتی بەهێزبێت بێگومان رێگری لەوە دەكات بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی، ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكبدرێت.
چارەسەركردنی كێشە گەورەكان بە كەمترین كات
وتیشی: هەموومان دەزانین كاتێك سەرۆك مام جەلال لە بەغداد بوو، رۆڵ و گەورەیی ئەو وایكردبوو گەورەترین كێشە لە هەرێمی كوردستان و عیراق بە كەمترین كات چارەسەربكرێت، چونكە یەكێتی ئەوەندە بەهێزبوو، ئەمڕۆش یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كاك بافڵ هەمان فەلسەفەی سەرۆك مام جەلال پەیڕەودەكەن، بەڵام هێزی پێویستە، پێویستمان بە ژمارەیەكی زۆری كورسییە لە پەرلەمانی عیراق بۆئەوەی بتوانین رەنگدانەوەمان لەسەر ژیان و بژێویی هاووڵاتیان و دادپەروەری و كۆمەڵێك پرسی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە هەبێت، تا یەكێتی بتوانێت كاریگەریی زیاتری هەبێت، هەرچەندە لەم خولەی ئێستاشدا زۆر كاریگەریی هەبووە، چونكە هەم تیمی پەرلەمان رێكخراوتربوو هەمیش تیمی حكومەت رێكخراوبوو، هەمیش تیمی سیاسی بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ، تیمەكانمان كاریگەرییان هەبوو لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایانەی رەنگدانەوەی نیشتمانی و نەتەوەییان هەبووە بە تایبەتی بۆ پارێزگای هەڵەبجە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی رژێمی لەناوچووی سەدام حسێن، كۆمەڵێك پرسی گرنگی تریش هەبوون، كە بەهێزیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاریگەریی هەبووە لە تێپەڕاندنیان و باشتركردنی دۆخی هەرێمی كوردستان.
هەرێم كەمال ئاغا ئەوەشی خستەڕوو: یەكێتی لە بەغداد چەند بەهێزبێت، لە ناوچە دابڕاوەكانیش ئارامیی و ئاسایش زیاتر بەرقەرار دەبێت و خەڵكیش زیاتر پارێزراودەبن، بۆ نموونە ئێستا لە كەركوك، كە پۆستی پارێزگار بەدەست كورد و یەكێتی-یەوەیە، دەبینین رەوشی ئەمنیی كەركوك چۆنە، خزمەتكردنی پارێزگاكە لە ئاستێكی زۆرباشدایە.
رۆڵی یەكێتی لە بەغدا
هاوكات رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: رۆڵی یەكێتی لە بەغداد و پاش رووخانی حكومەتی عیراق و بوونی سەرۆك مام جەلال و رۆڵی لە نووسینەوەی دەستوور و تەواوی قۆناغەكانی دیكە تا ئەمڕۆ، دەبێت خەڵك و دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكان بە ویژدانەوە سەیری ئەو رابردووە بكەن، هەموو قۆناغەكان لەبەرچاوبگرن. دەبێت هەڵسەنگاندنێكی باش و ئیجابی بۆ یەكێتی و رۆڵی سەرۆك مام جەلال و لە دوای بەڕێزیشیان، رۆڵی كاك بافڵ و كاك قوباد و فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان بەرزبنرخێنن، ئەوەیان لەبەرچاوبێت و دووبارە بچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگبدەنەوە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆئەوەی یەكێتی بە بەهێزیی بچێتەوە بەغداد، چونكە پێشتر بە ئامادەبوونی سەرۆك مام جەلال كورد لە ئاستێكی زۆر باڵادابوو، پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنە عەرەبی و عیراقییەكان و شیعە و سوننە زۆر باش بوو، تەبایی نێو ماڵی كوردیش هەر بەهۆی ئەو سیاسەتە میانڕەو و حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال بوو، كە توانی كورد بە یەكدەنگیی بباتە بەغداد، لە هەمانكاتیشدا لەگەڵ لایەنەكانی تر رێكبكەوێت و ئەوەی لە بەرژەوەندیی كوردبێت جێبەجێی بكات و لە ناو دەستووری عیراقیشدا جێگەی بكاتەوە. بە داخەوە دوای نەخۆشكەوتنی سەرۆك مام جەلال هەندێك لایەن كوردیان بچووك كردەوە تا ئەوەی ئێستا هەموو كێشەی كورد لە مووچەی فەرمانبەراندا كۆبووەتەوە، كە ئەوە نەدەبوو كێشە بوایە، دوای نەخۆشكەوتن و كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال بەداخەوە بۆشاییەكی گەورەی سیاسیی لە عیراق و هەرێمی كوردستاندا دروستبوو، ئەوەش وایكرد كێشەی گەورە لەنێوان هەرێمی كوردستان و عیراقدا رووبدات و كێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دروست ببێت و بە چەندین مانگ مووچەكانیان دوابكەوێت، بەبیانووی ئەوەی هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی ئابووریی سەربەخۆ، لەكاتێكدا لە عیراقیشدا ئابووریی سەربەخۆ نییە، چجای لە هەرێمی كوردستاندا، كە هیچ كاتێك ئابوورییەكەی سەربەخۆ نەبووە، لەكاتێكدا عیراق پشتی بە نەوت بەستووە بۆ ئابوورییەكەی هەر وڵاتێكیش پشتی بە نەوت بەستبێت نابێتە خاوەنی ئابووریی سەربەخۆ، ئەگەر خاوەنی ئابووریی سەربەخۆین بۆچی كێشەی مووچەمان هەیە؟ یان داوای مووچە لە عیراق دەكەین؟ یاخود ئەو هەموو كێشە داراییەمان هەیە؟ بەداخەوە ئەو هەموو خەباتەی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغداد كردیان، هەموویان كردە قوربانیی بەرژەوەندی تایبەتیی حزبایەتی و فرۆشتنی نەوت.
سەرۆك بافڵ و چارەسەری كێشەكانی هەرێم و بەغدا
رابیحە حەمەد لە درێژەی قسەكانیدا وتیشی: ئەوەی بینیمان لە ساڵی 2021 دا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەرۆكایەتی وەفدی هەرێمی كوردستانی دەكرد لە بەغداد و دوای چەندین سەردان، هەوڵێكی زۆریدا بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ بەغداد، ئەوەبوو توانی چارەسەرێك بۆ كێشەی مووچەی فەرمانبەران لەگەڵ عیراق بدۆزنەوە، كاك قوباد و یەكێتی توانییان لە یاسای بودجەی سێ ساڵی عیراقدا مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بچەسپێنن، ئەو ماددانەی بوونە هۆی ئەوەی دادگای فیدڕاڵیی پشتیان پێببەستێت و حكومەتی عیراقی ناچاركرد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە كێشە بۆ رێككەوتنەكان دروستبوو، بەڵام بە هەوڵ و تێكۆشان و سەردانەكانی سەرۆك بافڵ و بە جێبەجێكردنی هەمان سیاسەتی سەرۆك مام جەلال، كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و لایەنە عیراقییەكان و سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد، رۆژی واهەبووە دووجار چۆتە بەغداد تا توانی هەرێمی كوردستان و عیراق لەیەك نزیكبكاتەوە و هەردوولا بگەنە رێككەوتنێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان. دوای رێككەوتنەكەش سەرۆك وەزیرانی عیراق سوپاسی سەرۆك بافڵ-ی كرد بۆ ئەو هەوڵانەی داوێتی بۆ رێككەوتنی هەرێم و بەغداد.
یەكێتی و ناوچەدابڕێنراوەكان
رابیحە حەمەد زیاتر دوا و جەختیكردەوە، چەندین كاری دیكەش هەن، كە بۆ چەسپاندنی مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچەدابڕێنراوەكان تەنها بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكرێت، جگەلەوانە ئەوە یەكێتی بوو توانی دەسەڵات لە عەرەبێكی شۆڤێنی وەربگرێتەوە و پارێزگارێكی كورد بۆ پارێزگای كەركوك دابنێت و ئەو هەموو خزمەتە ئێستا دەیبینین، كە پێشكەشی پارێزگاكەی دەكات، ئەوە تەنها بە یەكێتی كراوە و دەكرێت، ئێستاش پارێزگارەكەی یەكێتی بە یەكسانی خزمەتگوزاری پێشكەشی تەواوی دانیشتوانی كەركوك بە سەرجەم پێكهاتەكانییەوە دەكات. یەكێتی بە ئەركی خۆی زانیوە خزمەت بە ناوچە دابڕاوەكان بكات و بە كاری لە پێشینەی خۆی دەزانێت، وەك لە پەیامەكەی سەۆك بافڵ-یش هاتووە بەهێزیی كورد لە بەغداد و ناوچەدابڕێنراوەكان بەندە بە بەهێزیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، شەهیدەكان و قوربانییەكانی یەكێتی شاهیدی ئەوەن كە یەكێتی چی كردووە بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچەدابڕێنراوەكان، پێویستە خەڵكی هەرێمی كوردستان لەناو سندوقەكانی دەنگدان و لە رۆژی دەنگداندا بەڵێن و متمانە بە یەكێتی بدەن، بۆئەوەی ئەركە قورسەكان بۆ سەرۆكەكەی و ئەندامەكانی لە پەرلەمانی عیراق بەجێبهێڵن بۆ خزمەتكردنی هەرێمی كوردستان و ناوچەدابڕێنراوەكان، یەكێتی ئێستا بە (18) كورسی بەرامبەر بە دەیان كورسی پارتی و لایەنەكانی تر توانیویەتی ئەو هەموو كارە باشە لە بەغداد بكات، ئەگەر كورسییەكانی زیاتربێت ئەوا بەدڵنیاییەوە كاری زۆر باشترمان پێ دەكرێت.
یەكێتی و بنیاتنانی عیراقی نوێ
لەلایەن خۆیەوە دانا ئەسعەد محەمەد لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال لە بەغداد، رایگەیاند: گوتاری بەهێزكردنەوەی یەكێتی دوو رەهەند و دوو لایەنی هەیە:
لەسەر ئاستە عیراقییەكەی بەهێزبوونەوەی یەكێتی وەك هێزێكی خاوەن دیدگای ئەزموونداری بەشدار لە بنیاتنانی كۆماری پاش 2003 گرنگ و پێویست و لە بەرژەوەندی عیراقە بە گشتی، یەكێتی تەوژم و حاڵەتێكی راگوزەر یان مەزاجێكی كاتیی دەنگدەران و پرۆژەیەكی تاكەكەسی بەرژەوەندیخوازیش نییە، بەڵكو هێزێكی دێرینی قوربانیدەری بەشدارە لە راگرتنی پرۆسە سیاسییەكە، شەریكی سەنگەرەكانی پاراستنی عیراق و كوردستانیشە، گەڕانەوەی ئەم هێزەش گرنگی زۆری بۆ هاوپەیمان و هاودید و دۆستە عیراقی و دەرەكییەكانیشی هەیە چ هەرێمایەتی بن یان نێودەوڵەتی.
لەسەر ئاستی كوردستان، یەكێتی دەستەبەر و گرەنتی پاراستنی هاوسەنگی و ئیزافەیەكی جۆرییە لە پرۆسەی حوكمڕانیدا، بەبێ یەكێتی-یش وڵاتەكە لەبەردەم هەڵدێر و مەترسیدا دەبێت. لەبەرئەوەی سیاسەتی یەكێتی لەسەر واقیعبینی و كاركردنی هەستیار و كاری زۆر و قسەكردنی كەم بنیاتنراوە، ئەوە بۆ نوێنەرایەتیكردنی كورد لە بەغداد بە سەنگ و قورساییەكی باشەوە پێویست و گرنگە، هەر ئەویش پێیدەكرێت پردی پەیوەندی و كارایی یاریدەدەری لێكگەیشتنی هەرێم و بەغداد و سەرجەم هێزەكانی دیكە بێت.
یەكێتی بڕوای بە پەرچەكردار و دروشم نییە
دانا ئەسعەد محەمەد زیاتر قسەی كرد و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، یەكێتی بڕوای بە سیاسەتی پەرچەكردار و ریسككردن بە دەستكەوتەكان و پەڕگیریی دروشم نییە، دروشم و گوتار و سیاسەتیشی وەك یەك تەریب و هاوتایە، ئەمەش دەرفەتی ئەوەی پێدەدات لەگەڵ هێزە عیراقییە بنەڕەتییەكاندا هاوبەشێكی جێگە متمانە و سەرڕاست بێت، لە چەند ئەزموونێكی ئەم دواییەشدا ئەمە بەكردەیی و ئاشكرا دەركەوتووە و سەلماوە و لە ئاڵۆزترین دۆخی پەیوەندیی هەولێر و بەغدادا، كاك بافڵ سەرۆكی یەكێتی و كاك قوباد دەرچەی لێكگەیشتنیان كردووەتەوە، یەكێتی خاوەن میراتی سەرۆك مام جەلال و كارنامەی چەندین ساڵ لە كاری سیاسی و بێوچانی ئەم رێبەرەیە بۆ پێكەوەگونجاندنی دژیەكییەكان و تایبەتمەندیی و پسپۆڕیی لە دۆزینەوەی هاوكۆلكەی هاوبەش لەناو جەنجاڵیی و ئاڵۆزییەكانی پێكداداندا هەیە، ئەمەش وادەكات لە عیراقی فرەچەشن و فرەئاراستەدا ژێرخانی نوێنەرایەتیكردنی سەركەوتووی خەڵكی كوردستانی هەبێت، هەر ئەویش دەتوانێت لە چوارچێوەی گشتیی عیراقدا پارێزگاریی لە مۆرك و تایبەتمەندیی كوردستان بكات، بەبێ ئەوەی سەرئێشە و دوژمنی زۆر بۆ كوردستان دروستبكات بە تایبەت لەم كەشە هەستیارە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەی هەیە، سیاسەتی یەكێتی روونە، بەهێزبوونیشمان لە بەغداد لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە بڕوامان وایە كێشەكانی هەرێمی كوردستان لە پایتەختی وڵاتانی دراوسێ و پایتەختە جیهانییەكاندا چارەسەرنابن، بەڵكو لە بەغدادی پایتەختی عیراق چارەسەردەبن و هەتا كورد بە گشتی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتایبەتی لە بەغداد بەهێزتربێت، هەرێمی كوردستان بەهێزتر و پارێزراوتر دەبێت.
PUKMEDIA /كوردستانی نوێ
هەواڵی زیاتر
-
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق: بانگەشە کۆتایی دێت
03:58 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
01:31 PM - 2025-11-06 -
كارنامەی لیستی 222 ی یەكێتی بۆ سێکتەری کارگێڕی و ئابووری
11:05 AM - 2025-11-06
ئەمانەش ببینە
سەعدی پیرە: لەژێر ناوی بێ مانا مووچەی خەڵکی هەرێم بڕدرا
06:35 PM - 2025-11-06
بهپێی راپرسییهكان یهكێتی سهركهوتنی گهوره بهدهستدههێنێت
02:51 PM - 2025-11-06
قوباد تاڵەبانى:خەڵک ئێستا زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە ئومێدیان بە یەکێتییە
02:50 PM - 2025-11-06
ئەدهەم بارزانی: دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی هێژا بافڵ جەلال تاڵەبانی دیاری کردون
01:51 PM - 2025-11-06
زۆرترین خوێنراو
-
بهپێی راپرسییهكان یهكێتی سهركهوتنی گهوره بهدهستدههێنێت
ڕیپۆرتاژ 02:51 PM - 2025-11-06 -
قوباد تاڵەبانى:خەڵک ئێستا زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە ئومێدیان بە یەکێتییە
کوردستان 02:50 PM - 2025-11-06 -
ئەدهەم بارزانی: دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی هێژا بافڵ جەلال تاڵەبانی دیاری کردون
کوردستان 01:51 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
کوردستان 01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
کوردستان 01:31 PM - 2025-11-06 -
كارنامەی لیستی 222 ی یەكێتی بۆ سێکتەری کارگێڕی و ئابووری
ی ن ک 11:05 AM - 2025-11-06 -
حاکم قادر: ھەموان دەنگ بە لیستی 222ی یەکێتیی بدەن
کوردستان 11:05 AM - 2025-11-06 -
بێگەرد تاڵەبانی: یەكێتی خاوەنی ئەو دەستكەوتانەیە كەبانگەشەیان پێوەدەكرێت
کوردستان 10:57 AM - 2025-11-06





.jpg)

دابەزێنە

