riklam

نه‌وتی هه‌رێم له‌راگرتنی تا هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی

کوردستان 12:46 PM - 2025-09-27
پاڵاوگەیەکی هەرێم PUKMEDIA

پاڵاوگەیەکی هەرێم

هەناردەکردنەوەی نەوت

دوای دووساڵ 6 مانگ و 2 رۆژ راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمیی، ئه‌مڕ‌ۆ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی راگه‌یاند و ئاشكرایكرد: به‌بێ كێشه‌ پڕ‌ۆسه‌كه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

هەوڵەکانی یەکێتی گەیاندینییە رێککەوتن

لەماوەی رابردوودا هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەتایبەت بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەجۆرێک چڕ و بەردەوام بوون، کە گەیاندینییە ئەوەی رێککەوتن ئەنجام بدرێت و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە.

به‌بڕ‌یارێك هه‌نارده‌كردنی نه‌وت راگیرا

رۆژی (13ی 2ی 2023) بڕ‌‌یارێكی 277 لاپه‌ڕ‌‌ه‌یی له‌پاریس بۆ راگرتنی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌رچوو، دواتر رۆژی (25ی 3ی 2023) به‌ڕ‌ه‌سمی بڕ‌یاره‌كه‌ جێبه‌جێكرا و هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان راگیرا.

وه‌فده‌كانی هه‌رێم و عیراق چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا

بۆ پرسی نه‌وتی هه‌رێم و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردن، نزیكه‌ی 50 جار وه‌فده‌كانی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدایانكردووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و چه‌ند جارێكیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌فدی به‌غدا سه‌ردانی هه‌رێمی كردووه‌، هه‌وڵه‌كانیش به‌رده‌وام بوون، تا گه‌یشتن به‌و رێككه‌وتنه‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ست به‌هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ بكاته‌وه‌.

رێككه‌وتنی سێ قۆڵی ئیمزا كرا

رۆژی 22ی9ی2025، له‌هه‌ولێر رێككه‌وتنێكی سێ قۆڵیی له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و عیراق و كۆمپانیا بیانییه‌ نه‌وتییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان، بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت ئیمزاكرا.

به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 280 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مبهێنێت، كه‌ 50 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆییه‌، هاوكات 230 هه‌زار به‌رمیل ر‌اده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، كه‌ ئه‌ركی هه‌نارده‌كردن و به‌بازاڕ‌‌كردنییان ده‌بێت.

هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستیپێكرده‌وه‌

سه‌عات 6:00ی به‌یانی ئه‌مڕ‌ۆ شه‌ممه‌ 27ی9ی2025، پڕ‌ۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی خاوی هه‌رێم له‌ڕ‌ێگه‌ی هێڵی عیراق – توركیا ده‌ستیپێكرده‌وه‌.

هاوكات له‌ڕ‌اگه‌یه‌ندراوێكدا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق رایگه‌یاند: هه‌نارده‌كردنه‌وه‌كه‌ به‌خێرایی و به‌شێوه‌یه‌كی باش و رێكوپێك بووه‌، به‌بێ تۆماركردنی هیچ كێشه‌یه‌كی ته‌كنیكی، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی هه‌وڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵی و حكومه‌تی هه‌رێمه‌.

سه‌رۆك بافڵ: ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بخرێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵكه‌وه‌

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆكه‌كه‌ی هه‌میشه‌ باوه‌ڕ‌یان وابووه‌ دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامی دڵخواز له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتییان.

دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ش بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: هیوادارین ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بخرێته‌ خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵكه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان و دادپه‌روه‌ری هه‌بێت له‌ دابه‌شكردنی داهاتی وڵات و پێدانی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستوور.

هەرچەندە پێشتر کێشەکان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت و پرسی مووچەش لەنێوندێکدا وەستابوون، بەجۆرێگ چارەسەرکردنی ئاسان نەبوو، به‌ڵام رۆژی 15 ی 7ی 2025، بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق، له‌ باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كۆبووه‌وه‌، هاوكات له‌كۆبوونه‌وه‌ی نا ئاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقدا كه‌ رۆژی 17ی 7ی 2025 به‌ڕ‌‌ێوه‌چوو، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ستایشی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی راده‌ستكردنی نه‌وت و داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرد.

قوباد تاڵه‌بانی: هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌

سه‌ره‌ڕ‌ای هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غداو ئه‌نجامدانی چه‌ندین سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی به‌غدا، قوباد تاڵه‌بانی سوپاسی تیمه‌كانی دانووستانكار و ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كرد، كه‌ به‌رده‌وام هاوكارو پشتیوانی گه‌وره‌بوون بۆ سه‌ركه‌وتنی دانووستانه‌كان.

دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند: له‌ دوای ئه‌م رێككه‌وتنه‌، هه‌وڵه‌كانمان چڕ‌تر ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ دابینكردن و گه‌ره‌نتیكردنی هه‌موو ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، چونكه‌ دوای ساڵانێكی زۆر له‌ قه‌یران و ناكۆكی، ئێستا كاتی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و كاركردنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق له‌هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و 6 مانگ و 2 رۆژ لەڕاگرتنی، ئه‌مڕ‌ۆ 190هه‌زار به‌رمیل له‌ڕ‌ێگه‌ی بۆرییه‌وه‌ ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان كرا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket